سوريا لە گوتارى ڕووبەڕووبوونەوەوەى گەرم بۆ ئاشتییەکی سارد ؛ گۆڕانی پارادايمى گروپە جیهادەکان و ئایندەی ڕۆژئاڤاى كوردستان لە ئەگەری سازانی (دیمەشق -تێل ئەڤیڤ)
(*)
تێگەیشتن لە ئاسۆکانی داهاتووى سووریا بەبێ گەڕانەوە بۆ ململانێی عەرەب-ئيسرائيل قورسه، چونکە ئەزموونی مێژوویی پێمان دەڵێت کە ئەم وڵاتە هەمیشە وەک چەقی ئاڵۆزییەکان و هاوکات کلیلێک بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. ماوەی زياتر لە حەوت دەییە دیمەشق وەک یەکێک لە قەڵا سەرەکییەکانی بەرەی ڕووبەڕووبوونەوە (جبهة المواجهة) دواتریش بەرەی خۆڕاگری (جبهة الصمود والتصدي) لە ناکۆکیەكانى لەگەڵ ئيسرائيلدا ڕۆڵی بینیوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بەشێک لە پایتەختە عەرەبییەکان بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تێل ئەڤیڤ هەنگاویان نابوو، سوريا وەک دوایین بەربەستــىٰ جـیـۆپۆلەتیـكى و ئایــدۆلۆژى مابووەوە. دوای هەڵمەتی ئيسرائيل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی 1982 ڕێگای بە دا سوپای پاسداران بێتە نێو ووڵاتەکەی بۆ یارمەتیدانی گروپە فەڵەستینەيەکان و ڕێکخراوە دژبەرەکانی تێل ئەڤیڤ هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو حیزبوڵایان لە لوبنان دورست کرد ئەوەش دەستپێکی هاوئاهەنگیی سوری و ئێرانى بوو.
لە دوای ساڵی 2003 و هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق، ئەو دوو ووڵاتە هەستیان بە مەترسییەکی هاوبەش کرد بۆیە بەتەواوی چووە پاڵ ئێران. لێرەوە چەمکی هیلالـى شیـعە لەلایەن شـاى ئوردنەوە وروژێندرا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی سوريا بۆتە بەشێک لە پڕۆژە فراوانخوازییەکانی ئێران.
لەدوا ساتەکانی ساڵی 2024 دا سوريا شــاهیدىٰ گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو بوو کە کۆتایی بە پێنج دەیە لە فەرمانڕەوایی بـنەماڵەٰى ئەسـەد هێنا و یەکێكـ لە پایە سەرەکیەکانی هیلالی شیعی تێکشکا. ڕووخانی خێرای دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕژێمی پێشوو زەمینەی خۆشکرد بۆ هاتنە سەرکاری هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە ســەرۆکایـەتـى احمد الشرع، لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی سیاسی و سەربازیی خێرادا توانی خۆی لە کەسایەتێکی ئوسوڵیەوە بۆ سیاسیەکی نیشتیمانی نیشان بدات کە ئامادەیە سوريایەکی داخراو بگۆڕێت بۆ ووڵاتێكی کراوە بەڕووی جیهانی ڕۆژئاوادا، هەربۆیە حكوومەتی نوێ بە مەبەستی بەدەستهێنانی شــەرعیەتـــــى نێودەوڵەتــى و پاراستنى دەوڵەت لە داڕمان دەرگاى گفتوگۆى لەگەڵ ئيسرائيل کردەوە. چەندین ووتوێژ لەژێر چاودێری ئەمریکا و نێوەندگیری توركيا و قەتەردا بەڕێوەچوو، ئامانجی سەرەکی گۆڕینی ئاسایشی سنوورەکان بوو بۆ مانەوەی سیاسی و لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان. کاربەدەستانی دیمەشق دەیانەوێت پەرە بە گــوتارێکـى دڵنیاكەرەوە بدەن کە تێیدا وەک لایەنێکی دەرەوەی بازنەی هەڕەشە ببیندرێن و بەڵێنیش دەدەن کە خاكى ووڵاتەکەیان نابێتە مەڵبەندێكــ بۆ هیچ جۆرە كردەیەكى سەربازى کە زیان بە ئاسایشی سنوورەکان بگەیەنێت . دروست بوونی شانەی پەیوەندی نێوان دیمەشق و تێل ئەڤیڤ لە 6ى کانوونی دووەمی 2026 دا تەنها ڕێککەوتنێکی ئەمنی کاتی نییە بەڵكو دەشێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بێت کۆتایی بە سەردەمێکی مێژوویی بهێنێت و نەخشەی جیۆپۆلەتیكــىٰ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.
ڕێککەوتننامەكه جەخت لەسەر چەند واقیعێکی سیاسی دەکاتەوە : لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە حكومەتی نوێی سوريا دركـ بەو ڕاستیە دەکات کە بەبێ تێپەڕین لە ململانێ لەگەڵ ئيسرائيل ئەستەمە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی دارایی جیهانی و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی. هەرەوەها شکستی گــوتارى ئاسایشــى نەتەوەیی عەرەبی، دیمەشق بەو هەنگاوە دەیسەلمێنێت کە ئاسایشی سنوورەکانی خۆی و پاراستنی سەروەرییەکەی لە هەموو دروشمــە فرەنەتەوەییەکان تەنانەت لە بنەما ئوسوڵیەکانیش باڵاترە. ڕەهەندێکی تری ڕێککەوتننامەكه سەرکەوتنی ستراتیژی پەرژيـنيـى ئەمنـى ئيسرائيلە کە ساڵانێکە کاری بۆ دەکات. لەم قۆناغەدا فشارەکانی تەنها بۆ دوورخستنەوەی ئێران نییە (کە ئێستا وەک کاراکتەرێکی لاواز دەردەکەوێت) بەڵكو بۆ چەسپاندنی باڵادەستـى خۆیەتى بەسەر ووڵاتێكى بێهێز و وێرانبوودا. بۆیە لە ڕێگەی ئەو چشنە لە پەیوەندیەوە چیتر تەنها چاودێری سنوورەکان ناکات، بەڵكو دەبێتە دەستێکی شاراوە لە بڕیارە سەربازییەکانی ناوخۆ و دروستکردنی ناوچەی داماڵراو لە چەک لە قووڵایی خاکی سوريادا . ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە تێل ئەڤیڤ دەیەوێت سنوورە ئەمنییەکانی خۆی لە دیوی ناوەوەی خاکی ئەو ووڵاتە بپارێزێت، بەتایبەتی لەم دۆخەدا بە پێچەوانەی گفتوگۆکانی ساڵانی نەوەدەکان، حكومەتی نوێ هیچ کارتێکی فشاری بەهێزی لەبەردەستدا نەماوە.
هەرچەندە توركيا وەكـ هێزێکی هەرێمی کاریگەر بەرژەوەندیی لە سوريایەكی سەقامگیردایە. پاڵپشتی ئەنقەرە بۆ حكومەتی نوێ جۆرێكـ لە قەڵغانی سیاسی بۆ دیمەشق دورست كردووە. بۆیە نایەوێت ئيسرائيل بە تەنها نەخشەی باشوور دابڕێژێتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لە ڕووی سەربازییەوە ڕێککەوتنەکە شێوەیەكــ لە سەپاندنی پێوە دیارە تێل ئەڤیڤ لە پێگەی هێزەوە مامەڵە دەكات چونکە ئاسمان و بەشێک لەخاكى سورياى لەژێر دەستدایە، و هیچ مەترسییەکی سەربازیی ڕاستەقینەی لەسەر نییە. بۆیە ئەو ڕێککەوتنە هاوکێشەیەکی نوێیە و مەرجە ئەمنییەکانی خۆی دەسەپێنێت، بەڵام لە بەرامبەردا جلەو شل دەکات بۆ بووژانەوەی ئابووری سوريا تا هاوپەیمانە نوێیەکانی (قەتەر و توركيا) بتوانن پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەست پێ بکەن. ئەمەش جۆرێکە لە گرێبەستی ناچاری کە تێیدا دیمەشق سەروەریی ئەمنی دەگۆڕێتەوە بە مانەوەی سیاسی و بووژانەوەی ئابووری.
بێگومان ئەم جۆرە ڕێککەوتننامەنە ئاستەنگی زۆر لەبەردەم دایە وەکو پرسی بەرزاییەکانی جۆلان، ئاستەنگی سیاسی و سەربازی
ئاسایشی دەریای ناوەڕاست و وزە، کێبڕکێی هەژموونی ڕۆڵی وڵاتانی هەرێمی.
ئاييندەى ڕۆژئاڤای كوردستان
دوای خەبات و قوربانی زۆر و شەڕی دژی تیرۆر ڕۆژئاڤای كوردستان ئەو واقیعەی ئێستا تێدایە لە زانستی سەربازی و سیاسیەکاندا بە ناوچەیٰ خۆڵەمــێشىٰ دەناسرێت، بەپێی پێناسەی بێن واڵاس (سیاسەتمەداری بەریتانی) دۆخێكه کە تێیدا نە ئاشتییەكى سەقامگیر بەدى دەكرێت و نە جەنگێكى ڕاستەوخۆىٰ یەکلایەکەرەوە. ئەم تەمومژییە سیاسییە مەترسییەكانىٰ زیاتر دەبن ئەگەر ڕێککەوتننامەىٰ 10 ی ئاداری 2025 تەنها وەک مـەرەكەبىٰ سەر كاٰغــەز بمێنێتەوە و نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە سیناریۆیەكىٰ لەو شێوەیەدا سوريا جارێکی تر دەبێتە گۆڕەپانی یەکلاكردنەوەی ململانێىٰ هێزە هەرێمییەکان. لە لایەكىٰ ترەوە ڕەنگە ئەنقەرە لە ڕێگەی گروپە چەکدارەكانـى باكوور وەک كارتێکی فشار بۆ لێدانی پێگەی كورد بەکاریان بهێنێـت. لەبەرامبەردا ڕەنگە تێل ئەڤیڤ بۆ ڕێگريكردن لە هەژموونی توركيا پەنا بۆ پاڵپشتىٰ نهێنىٰ كورد یان فشارخستنە سەر واشنتۆن ببات تاوەكو هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا ڕابگرێت. ئەم ململانێ ناڕاستەوخۆیەىٰ نێـوان هێزە کاریگەرەکان، ڕۆژئاڤا دەخاتە ناو بازنەیەكىٰ داخراو دەرەنجامەكەیٰ پەکخستنی تەواوی پرۆسەی گەشەپێدانی سیاسی و ژێرخانی ئابووری دەبێت لە ناوچەکەدا.
ئەگەری دووەم: بـوون بە بەشێكى فەرمى لە دەوڵەت ئەم گریمانەیە لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا، پاڵپشتییەکانیان بۆ ڕێککەوتنی (دیمەشق-تێل ئەڤیڤ) ببستنەوە بە سەقامگیریی ناوخۆیی و پاراستنی قەوارەی كورد وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی. بۆیە فشارە نێودەوڵەتییەکان دیمەشق و كورد بەرەو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنـى 10ى ئادار ببەن. بەپێی ئەم سیناریۆیە ئیدارەی خۆسەر تەنها وەک یەکەیەکی ئیداری خۆجیی نامێنێتەوە، بەڵكو دەبێتە بەشێکی فەرمی و دەستووری لە پێکهاتەی دەوڵەتی داهاتووی سوريا، کە ئەمەش جۆرێکە لە شەرعیەتدانی نێودەوڵەتیە بە پێگەی كورد، ڕەنگە نزیک ببێتەوە لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان قۆناغەکە لە دیفاکتۆوە بگۆڕێت بۆ قەوارەی دەستوری.
لە ڕەهەندی سەربازییەوە گۆڕینی هێزەکانی سورياى دیموکرات بۆ فەیلەقی باكوور یان هێزێکی تایبەت لە ناو سوپای نیشتمانیدا، وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبێت چونکە بە واتای پاراستنی چەک و قەوارەی سەربازیی كورد دێت لەژێر چەتری دەوڵەتدا. لێرەدا ئيسرائيل وەک کاراکتەرێکی فشار لە بەرژەوەندیی كورد دەردەکەوێت، چونکە تێل ئەڤیڤ سوريایەکی فرەپێکهاتەی لە ووڵاتێكى توندڕەو یان عروبە پێ باشترە، تا كورد وەک هاوسەنگەرێکی نا-عەرەب ڕێگر بێت لە سەرهەڵدانەوەی هەر گوتارێکی دوژمنکارانە. بەڵام گرێ كوێرەی ئەم سیناریۆیە هەڵوێستی توركيایە ئایا ئەنقەرە لەسنوورەکانی بە بوونێکی لەو شێوەیەی كورد ڕازی دەبێت؟ڵێرەوە باشترین بژاردە بۆ رۆژئاڤە دووبارەكردنەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە، خۆی وەکو زۆنێك بۆ سەقامیگری دراوسێکانی بسەلمێنێت.
ئەگەری سێیەم: سیناریۆ مەترسیدارەکە و ڕێککەوتنی سێ قۆڵی
ئەم ئەگەرە بۆ ڕۆژئاڤای كوردستان جێگای نیگەرانیە، ئەویش دروستبوونی ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵییە لە نێوان (دیمەشق، ئەنقەرە و تێل ئەڤیڤ). لەم سیناریۆیەدا كورد دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هێزە گەورەکان )لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد زۆر جار ڕوویداوە وەکو ڕێکەوتننامەی جەزائیر(1975بەبێ حەساب کردن بۆ خەبات و قوربانیدانی کورد لەشەڕی دژی تیرۆر. وا وێنا دەکرێت کە ئەنقەرە مەرجێک بۆ دیمەشق و تێل ئەڤیڤ دابنێت: پشتگیری ڕێککەوتنی ئاشتی دەکات بەو مەرجەی کۆتایی بە قەوارەی كورد بهێنرێت. ئەگەر ئيسرائيل و ئەمریکاش لە بەرامبەر هێرشەکانی توركيا و حكومەتی سوريا بۆ سەر ڕۆژئاڤا بێدەنگی هەڵبژێرن و وەک کێشەیەکی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵ بکەن ئەوا پێگەی كورد بەرەو لاوازی دەچێت. لەم دۆخەدا دیمەشق و ئەنقەرە پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی دەروازە سنوورییەکان و بیرە نەوتەکان بخەنەوە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی. ئەمەش فشارێکی ئەوەندە گەورە دروست دەکات کە هێزە كوردییەکان یان هەڵدەوەشێنرێنەوە، یان ناچار دەکرێن بەبێ هیچ مەرجێک خۆیان ڕادەستی ناوەند بکەن. ئيسرائيل لێرەدا تەنها یەک ئامانجی هەیە پاراستنی سنوورەکانی خۆی و سەقامگیری لە دیمەشق بۆیە ئەگەر بەرژەوەندییەکانی وابخوازێت ئامادەیە چاو لە لەناوبردنی قەوارەی كورد بپۆشێت ئەوەی بۆ گرنگر دەبێت تەنها دڵنیابێت سوريا نابێتەوە بە مەڵبەندی گروپە چەکدارەکان.
لەکۆتاییدا مێژووی سیاسیی ئيسرائيل پێمان دەڵێت کە تێل ئەڤیڤ هەمیشە چەندین پلانی جیاوازی هەیە و تەنها پابەندی یەک سیناریۆی سیاسی نابێت.
(*)
مامۆستای زانکۆ ، ماستەر لە ململانێ عەرەب-ئیسرائیل

ڕهئووف تهحسین جهبار