داهاتی عێراق کەمی کردووە و هەرێمی کوردستان هۆکارە.!!

داهاتی عێراق کەمی کردووە و هەرێمی کوردستان هۆکارە.!!

 

 

ئەمە مەتەڵ یاخود تەنزی سیاسی نیە ، بەڵکو وتەی بەرپرسی خاڵە سنوریەکانی عێراقە کەلەم چەند ڕۆژە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (پەڕلەمان) هۆکاری دابەزینی داهاتی عێراقی گەڕاندەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆکاری ئەوەی چەند دەروازەیەکی سنووری نافەرمی بوونی هەیە و ئەمەش گرفتی بۆ عێراق دروست کردووە و هۆکارە بۆ کەمی داهات بۆیە بە پێویستم زانی سرنجی خۆم لەم بارەیەوە بخەمەڕوو .

یەکەم : ئاشکرایە بنەمای سەرەکی ئابووری عێراق نەوتە هەرکاتێک نرخی نەوت دابەزێت گرفتی دارایی بۆ عێراق دروست دەبێت و کورتهێنان ڕوودەدات و هەرکاتێک نرخی نەوت بەرزبێتەوە ئەمە لە بەرژەوەندی عێراقە و ئەم کێشەیی بۆ دروست نابێت ، چەند جارێک بەرپرسانی هەرێم و کەسانی پسپۆڕ هۆشداری ئەم خاڵەیان بە بەرپرسانی حکومەتی عێراق داوە کە نابێت نەوت تاکە بنەمای ئابووری و دابین کردنی مووچە بێت بەڵام وەک هەمیشە بەهەند وەرنەگیراوە و پشگوێ خراوە .

خاڵی دووەم : یەکێکی تر لە هۆکارەکانی دابەزینی داهاتی عێراق هەبوونی خەرجیەکی زۆری بێ بەرهەمە واتە لە عێراق باجی کارەبا و ئاو و هاتووچۆ و ڕێگاوبان و سامانی سروشتی لەهاوڵاتی وەرناگیرێت لەکاتێکدا بە ملیارەها دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت ئەمەش داهاتێکی زۆری ناوخۆی عێراقی بە فیڕۆداوە و بەرپرسانی عێراق ئەم ڕاستیە باشتر ئەزانن و چەند جارێک خۆشیان باسیان لێوە کردووە بەڵام لەبەر موزایەدەی سیاسی و ترسی لەدەست دانی دەنگی هاوڵاتیان نەیانتوانیووە ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ ئەم بابەتە بخەنەڕوو و چارەسەری بکەن.

خاڵی سێهەم : بەرزی ڕێژەیی مووچەخۆر و بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات : عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕێژەیەکی بەرزی مووچەخۆری هەیە کەلەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی دا هاوتا نیە بەو واتایەیی لەکۆی ٤٦ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی ١٣ ملیۆنیان مووچەخۆری فەرمین و تەنها مووچەی ساڵانەی وەزارەتی پەروەردە ١٢ تریلۆنە و هێندەی هەموو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە ئەمە جگە لەبەهەدەردانی سامانی دەوڵەت لە ئەنجام دانی هەندێک کۆڕبەندی بێ بەرهەم و بێ سود دیارترین نموونەش کۆڕبەندی وڵاتانی عەرەبی بوو لە عێراق .

خاڵی چوارەم : هەموو داهاتی هەرێمی کوردستان بە داهاتی دەروازە سنوریەکانیشەوە هێندەی داهاتی دەروازەی سنوری ام قسر نیە لەبەسڕا بەڵام بەهۆکاری نەگەڕانەوەی داهاتی خاڵە سنوریەکە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و قۆرغکردنی لەلایەن هەندێک کەسایەتی و کوتلەی دەست ڕۆشتووی عێراق نەتوانراوە سوود لەم دەروازە سنوریە گرنگە وەربگیرێت.

خاڵی پێنجەم و کۆتا : ئەگەر زانیاری دروست لەبەر دەستایە کە لەهەرێمی کوردستان دەروازەی سنوری نافەرمی بوونی هەیە کەسی ناوبراو دەبوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵکەوتەی جوگرافیایی خاڵە سنوریە نایاسایەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکردایە ، ئەمە دەبوو بە بنەمایەک بۆ تۆمەتەکەی و ڕێزی لێدەگیرا .

Top