نازەنین عەزیز مستەفا: ئافرەت لە پۆستە ئیدارییەكانی سنووری ئیدارەی سۆران بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن
نازەنین عەزیز مستەفا یاساناس و چالاكی بواری پاراستنی مافەكانی ئافرەت، لە ئێستادا لە دەروازەی نێودەوڵەتی زێت فەرمانبەرە، هاوكات ئەزموونی هەشت ساڵ بەرپرسیاریەتی كاری رێكخراوەیی هەیە و ماوەی دوو ساڵ وەك بەرپرسی ئەنجوومەنی مێرگەسۆری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان و شەش ساڵیش وەك بەرپرسی ئەنجوومەنی سۆرانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان خزمەتی كردووە. لە دیدارێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ئەزموونی خۆی دەكات و تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی پەیوەست بە دۆخی خانمانی ناوچەكە بە گشتی.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* لە ماوەی كاركردنت لە ڕێكخراوی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان چی لەو ڕێكخراوە فێر بوویت؟
- بێ گومان پرسی ئافرەتان پرسێكی گشتگیری مرۆیی جیهانییە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ودەوڵەتانی پێشكەوتووی بواری دیموكراسی جەختی لەسەر دەكەنەوە و دەوڵەتان ناچار دەكەن پابەند بن بەدەستەبەركردنی مافەكانیان، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە لەسەر ئاستی جیهان چەندین ڕێكخراوی حزبی و حكومی و مەدەنی دروست بوون بۆ داكۆكیكردن و دەستەبەركردنی مافە ڕەواكانیان، لە هەرێمی كوردستانیش چەندین رێكخراو و دەستە هەن بۆ پارێزگاری كردن لە پرسی ئافرەتان و دەستەبەركردنی مافەكانیان، بوونی ڕێكخراوەكان گرنگە بۆ كاركردن لەسەر جوهد و دونیابینی ئافرەت، كە پەرە بە تواناسازی و بەهێزكردنی تواناكانی ئافرەت بدات و دەرگەیەك بێت بۆ هاتنە پێشەوەی ئافرەتان لە بواری سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئەدەبی، ڕۆشنبیری.
لە ماوەی كاركردنمان لەو ڕێكخراوە تێگەییشتم كە هەوڵی جددی دەدرێت بۆ نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكان، دیارە كاركردن لەسەر ئاستی هۆشیاری تاكەكان تەنیا ئەركی ڕێكخراوێك و دامودەزگایەك نییە، بەڵكو ئەركی قوتابخانە، زانكۆ، ماموستایانی ئایینی، هتد. كە كۆی ئەمانە دەتوانن لە هوشیاركردنەوەی ئافرەتان ڕۆڵ ببینن، زۆرجار ڕەخنەكان بەو ئاراستەیەن كە گوایە ڕێكخراوەكان نەیانتوانیوە ئامانجەكانیان بپێكن، بەڵام ئەو ڕەخنانە لە شوێنی خۆیاندا نین، چونكە هەموو ئەو هەوڵانەی لە لایەن ڕێكخراوی ئافرەتان دراوە، هەموو ئەو داكۆكیكردن و زەمینەسازییەی كە كراوە ڕۆلی زۆرباشیان هەبووە، دەتوانم بلێم ئەگەر ئەو هەوڵانە نەبووایە ڕەنگە ئەوەی ئێستا هەیە نەبا لە كەمكردنەوەی توندوتیژی و هوشیاركردنەوەی ساڵانە لە رێگەی چەندین كۆڕ و سمیناری زانستی تا ئافرەتان شارەزایی یاسایی و كۆمەڵایەتیان بەهێز بێت و بتوانن بێنە پێشەوە و بەشداری كارایان لە تەواوی جومگەكانی دەسەڵات هەبێت.
* دۆخی ئافرەتانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی هەرێم لە ئێستادا چۆنە، ئایا توندوتیژی بوونی هەیە و لە چ ئاستێكدایە؟
- گەر باس لە بارودۆخی ئافرەتان بكەین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە چاو ساڵانی پێشتر باشترە و ئاستی بیركردنەوەی تاكەكان بەرامبەر بە ئەرك و مافی ئافرەت پێشوەچوونێكی باشی بەخۆوە بینیوە، ڕاستە بەداخەوە لەئێستادا كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایە و پێویستە لە لایەن حكومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانەوە بەهەند وەربگیرێن، كە بەشێكی زۆری قوربانیانی ئەو كێشانە ئافرەتانن، بەشێكی زۆری كێشە كۆمەڵایەتیەكان بۆ پەروەردەی سەقەتی خێزان و كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، نەبوونی هوشیاری یاسایی و هوشیاری لە بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان و مانەوەی كلتوورێكی كۆنی سەقەت و ڕێكنەكەوتنی لەگەڵ پێشكەوتنی ئێستای جیهاندا هۆكارن بۆ زۆربونی كێشە كۆمەلایەتییەكانی ئافرەتان.
* ئایا لە ناوچەكەدا ئافرەت تا چ ئاستێك ئازادە؟ ئایا دەتوانێت لە خوێندن بەردەوام بێت و ڕێگری لێنەكرێت؟
- سەبارەت بە ئازادی ئافرەت جیاوازییەكی زۆر هەیە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەگەر چاوێك بە مێژودا بخشێنینەوە دەبینین لە ئێستادا ڕێژەی قوتابی كچ لە هەندێك شوێن لەگەڵ كوڕان یەكسانن یاخود بەرزترن ئەمەش بەهۆی ئەو زەمینەسازییەی كە بۆ ئافرەتان كراوە لە دوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بابەتی ڕێگریكردن لە خوێندن بۆ ئافرەت لە زۆربەی كۆمەڵگەكان بوونی هەیە بەتایبەت كۆمەڵگە دواكەوتووەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆمەڵگەی عەرەبی، هەرێمی كوردستانیش بەهۆی هاوسنووری بەشێك لەو دەوڵەتانە و داگیركردنی بەردەوام لەلایەن ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی وایكرد كلتووری سەقەتی دواكەوتووی عەرەبی لەگەڵ داگیركردنی خاكەكەی بڵاوبووتەوەو تا ئێستاش بەداخەوە لە هەندێك شوێنی كوردستان بەردەوامی هەیە، هەموو ڕێگریەكیش بە پاساو و بیانووی شەڕەفە، گەر بە تەواوی لە مانای شەڕەف بگەین شەڕەف واتە (سەربەرزی و ڕێز و بڵندی) دیارە هیچ سەربەرزی و ڕێزێك لە ڕێگریكردنی خوێندندا نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەرچی ڕێز و شكۆ و سەربەرزییە لە خوێندنەوە بەدەست دێت، بەڵام بە شێوەیێكی گشتی لە پاش دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئازادكردنی كوردستان لە دەستی داگیركەران زەمینەسازی باش كراوە و بەرەو پێشوەچوونێكی باشی خوێندن و كاركردنی ئافرەتان دەبینرێت، كە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.
* ئایا لە ئێستادا ڕەوتی كاركردنی خانمان لە سۆران چۆن دەبینن؟
- ڕەوتی كاركردنی ئافرەتان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشێوەیەكی گشتی باشە ڕاستە بوونی ئافرەت لە پۆستە ئیداریەكانی سنووری ئیدارەی سۆران زۆر كەمە كە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و لە پڕكردنەوەی پۆستە ئیداریەكان زۆر پشت بە تواناكانی ئافرەت نەبەستراوە، كە هۆكارگەلێكی زۆر هەن بەشێكی بۆ بێ متمانەیی لە سوودوەرگرتن لە توانای ئافرەتە و بەشێكیش بۆ خودی ئافرەتەكە خۆی دەگەرێتەوە كە وەك پێویست هۆشیار نییە لە بەرامبەر ئەرك ومافەكانی خۆی، تائێستاش كاركردنی ئافرەت لە دەرەوەی ماڵ لەلایەن بەشێك لە خێزانەكان بە شەرم و عەیبە لێك دەدرێتەوە، لە كاتێكدا ئافرەتی ئێمە دەتوانێ خۆی دروست بكات بە مەرجێك ڕێگری لێ نەكرێت و زەمینەسازی بۆ بكرێت، كە ئەمەش پێویستی بە كات و داڕشتنی سێستەمی تایبەت هەیە، چونكە دەبینین هەر دەرفەتێك و پۆستێك كە دێتە پێش بازنەیەكی بەدەوردا كێشراوە و لەپێشدا قۆرخ كراوە، بۆیە پێویستە دابەشكردنی پلە و پۆست و دەرفەت ڕەخساندنی كار لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی بێت نەك لەسەر بنەمای ڕەگەزی.
