جوان عوسمان: دڵخۆشم توانیومە لە پەیداكردنی بژێوی ژیان هاوكارێكی زۆرباشی خێزانەكەم بم

جوان عوسمان:  دڵخۆشم توانیومە لە پەیداكردنی بژێوی ژیان هاوكارێكی زۆرباشی خێزانەكەم بم

 

لەگەڵ ڕەوتی پێشكەوتنەكانی سەردەم و فراوانبوونی دونیای سۆشیال میدیا، ژمارەیەكی زۆری خانمانی كورد بەهۆی پەیج و ئەكاوەنتەكانیان و لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەهرە و تواناكانیان دەخەنەڕوو، ئەوان كابانی و دەستڕەنگینی و لێهاتوویی خۆیانیان كردووە بە دەستكەوت و سەرچاوەی داهات. ئاشكرایە بە درێژایی مێژوو ئافرەتی كورد لە بواری پشتبەخۆبەستن و هاتنە مەیدانی كار پێشەنگ بوون و، هەمیشە لە ئەركە قورسەكان ڕچەشكێنییان كردووە، ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە بەشێكی زۆری خانمان خاوەنكاری خۆیانن و شانبەشانی پیاو لە دابینكردنی بژێوی خێزانەكانیان هاوبەشن، جوان عوسمان خانمە گەنجێكی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و لەم دیدارەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باسی چۆنیەتی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار دەكات. 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

جوان عوسمان لە ساڵی 1994 لە پارێزگای هەڵەبجە دایك بووە، وەك خۆی باسی دەكات، ئەو خانمە دەستڕەنگینە تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایكی دوو منداڵە، سەرەڕای ئەوەش لە ماڵەكەی خۆیدا هەموو جۆرە خواردن و شیرینییەك دروست دەكات و بە ڕێگەی ئۆنڵاین بە كڕیارەكانی دەفرۆشێتەوە.

جوان عوسمان بەمجۆرە باس لە ئەزموون و سەرەتای كارەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات: «زۆر حەزم بە خواردن دروستكردن بوو، هەموو كات لە ماڵەوە خواردنی جۆراوجۆرم دروست دەكرد، تەنانەت لە تەمەنێكی زوودا خۆم فێری خواردنە كوردەوارییەكانیش كرد، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ئاواتم ئەوە بووە، ببمە خاوەن چێشتخانەیەك بۆ ئەوەی داهاتێكم هەبێت و لەو رێگەیەوە هاوكاریی ئەندامانی خێزانەكەم بكەم و، لە دەستەبەركردنی بژێوی رۆژانەی خێزانەكەم بەشدار بم. لە ماڵەوە دەستم بە كارەكەم كرد، هاوكات تێبینی كڕیارەكانمم دەكرد، تاوەكو بزانم ڕای ئەو كەسانەی خواردنەكانم داوا دەكەن لەسەر خواردنەكانم چییە. دوای ئەوە ئەكاونتێكم دانا و لە ئێستادا بە شێوەی ئۆنڵاین لە ماڵەوە خواردن دروست دەكەم و دەیفرۆشم، سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هەر كەسێك خواردن و شیرینی و كولیچەی لە من كڕیوە، زۆری بەدڵ بووە و چەندین جاری دیكەش داوای كردووەتەوە».

ئەو خانمە خاوەنكارە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئافرەت خاوەنی كار و داهاتی خۆی بێت باشترە، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە هاوكارێكی باش بۆ هاوسەرەكەی، من بەش بە حاڵی خۆم سەرەتا بۆ هاوكاریكردنی هاوژینەكەم دەستم بەم كارە كرد، من و هاوسەرەكەم هیچ مووچەیەكمان نییە و هاوسەرم شوفێری تاكسییە، هاوكات خاوەن منداڵێكی نەخۆشم لەبەرئەوەی خەرجی دكتۆر و چارەسەریمان پێنەدەكرا بڕیارمدا ئیشێك بكەم، ئەویش بۆ ئەوەی كەمێك باری سەرشانی هاوسەرەكەم سوك بكەم، كارێك بێت كە هەم ئاگام لە منداڵەكانم بێت و هەمیش بتوانم هاوكاری هاوسەرم بم بۆكڕین و دابینكردنی چارەسەری منداڵەكەمان، لە هەموو بارودۆخێكیشدا سوپاسی خوای گەورە دەكەم كە بە نەخۆشی منداڵەكەم بەسەری كردوومەتەوە الحمدللە».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە لە سەرەتاوە كێ هانی داوی و یارمەتیدەرت بووە؟ گوتی: «سەرەتا سەختیی ژیان وای لێ كردم دەست بەم كارە بكەم، هاوسەرەكەشم هاوكارمە بۆ بەڕێوەچوون و سەركەوتنی كارەكەم و هەمیشە پشتگیریم دەكات و بۆ كاری باشتر و جوانتر هەمیشە هانم دەدات، هاندانی هاوسەرەكەم وا دەكات زیاتر متمانەم بە تواناكانم هەبێت، پاڵپشتییەكانی ئەو وای لێ كردووم لە كارەكەم دانەبڕێم و بەردەوام بم».

جوان عوسمان سەبارەت بە ئاییندەی كارەكەی و بەرنامە و پلانی داهاتووی دەڵێت: «پێم خۆشە لە داهاتوودا كارەكەم زۆر لەوەی ئێستا گەورەتر بكەم، چەند ئافرەتی دیكەش لە كارەكەم سوودمەند بن و وەكو خۆم ببنە خاوەن داهاتی خۆیان، ئەگەرچی تا ئیستا خۆم لە توانامدا نییە دووكانێكی بچووكیش بكەمەوە، ئینشاڵڵا پشت بە خوا بەردەوام دەبم لە كاركردن، تابتوانم چێشتخانەیەكی گەورە بەڕێوە ببەم و لەو ڕێگەیەوە هەلی كار بۆ چەند خاتوونێكیی دیكەش بڕەخسێنم. ئێمە زۆر ئافرەتی بەتوانا و خاوەن بەهرەمان هەیە، بەڵام كەس نەبووە دەستیان بگرێت و ئاسانكارییان بۆ بكات تاوەكو بێنە مەیدانی كاركردن».

گوتیشی: «بە دڵنیاییەوە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردە كردنی منداڵ و كاركردن و پارە پەیدا كردن كارێكی ئاسان نییە و هیلاكی و ماندوو بوونی زۆرە، بەڵام ناچارم ئەم كارەبكەم، سوپاس بۆ خوا توانیومە ئاگام لە منداڵەكانم بێت هەمیش كارێك بكەم بۆ ئەوەی ئاسوودەیی بۆ خێزانەكەم بە دەستبێنم، زۆرهیلاك دەبم، بەڵام كاتێك كە دەبینم كڕیارەكان هیچ گلەییەكیان لە كارەكەم نییە ماندوو بوونم نامێنێت، زۆریش دڵخۆشم كە توانیومە هاوكارێكی زۆرباشی هاوسەر و منداڵەكانم بم لە پەیداكردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەمان».

 

Top