میكانیزمەكانی ڕێگەگرتن لە زیادبوونی ڕێژەی ئۆتیزم لەنێو منداڵان دەخرێنە بەرباس

میكانیزمەكانی ڕێگەگرتن لە زیادبوونی ڕێژەی ئۆتیزم لەنێو منداڵان دەخرێنە بەرباس

 

لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهاندا پلان و بەرنامەی زۆر تایبەتیان بۆ مەشق و ڕاهێنانی نەخۆشانی ئۆتیزم داناوە، بەڵام تا ئێستا دەرمانی چارەسەری نەخۆشییەكە نەدۆزراوەتەوە. بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەم ساڵانەی دواییدا تووشبوون بە نەخۆشی ئۆتیزم لە نێو منداڵاندا زیادی كردووە، هەروەها لە كۆی 160 منداڵ، منداڵێك بە پلەی جیاواز ئەگەری تووشبوونی بەو نەخۆشییە هەیە. بەپێی توێژینەوەكانیش دەركەوتووە نەخۆشیی ئۆتیزم لە نێو منداڵانی كوڕدا زیاترە بە بەراورد بە منداڵی كچ، بەجۆرێك لە نێو 42 كوڕ یەكێكیان، بەڵام لەنێو 189 كچ تەنیا یەكێكیان تووشی ئۆتیزم دەبێت. لە پێناو هۆشیاربوونەوەی تاكەكان بۆ ڕێگریكردن لە تەشەنەكردنی ئەو نەخۆشییە لە نێو منداڵاندا، بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان باس لە ڕێگەچارەی گونجاو دەكەن.گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

شەهێن عومەر هەڵەبجەیی ڕاهێنەری دەروونی/ ڕاهێنەر لە سەنتەری ئۆتیزمی هەڵەبجە، لە دەستپێكی ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: « تائێستا بە ڕوونی ڕێگاكانی ڕێگری لە لەدایكبوونی منداڵێك كە حاڵەتی شەبەنگی ئۆتیزمی هەبێت دیار نییە، چونكە دیار نییە لە پێش لەدایكبوون بەو حاڵەتە، بەڵام تاڕاددەیەك بۆ ڕێگری كردن لە شەبەنگی تۆتیزم پێویستە دووربین لە بەركارهێنانی حەبی ئازار و جۆرەكانی بەتایبەت كاتی سووڕی مانگانە و تیشكی زۆر لە كاتی دووگیانی و دووربوون لە خەم و گۆشەگیری و خواردنی خۆراكی بە سوود تاوەكو ڤیتامینەكان كەم نەبێت، هەروەها دوورخستنەوەی منداڵ لە شاشەكان، چونكە هۆكارە بۆ خراپتربوونی شەبەنگی ئۆتیزم، هەروەها پشتگوێخستنی منداڵ لە كانی بوونی نیشانەكانی ئۆتیزم، پێویستە دایك و باوك بە وریایی نیشانەكانی منداڵی شەبەنگی ئۆتیزم بناسنەوە یان هەر حاڵەتێكی دیكە، چونكە لە سەرەتای تەمەن باشتر كۆنتڕۆڵ دەكرێت، هەروەها تەمەن بۆ دووگیانی كاریگەری هەیە، هاوكات بۆماوەیی كاریگەری خۆی هەیە لەسەر بوونی نەوەی شەبەنگی ئۆتیزمی، لەبەر ئەوە پێویستە لە نێو خێزانی نزیك هاوسەرگیری نەكرێت، نەگونجاندنی خوێن لە نێوان دوو ڕەگەز كە بیانەوێت هاوسەرگیری بكەن، ڕێگری كردن و دەستنیشان كردنی ئەو حاڵەتانەی باسمان كرد هاوكارێكی و ڕێگایەكی باشە بۆ میكانزیمێك بۆ ڕێگری كردن لە زیادبوونی ڕێژەی شەبەنگی ئۆتیزم..

بەرپرسیاری دایكایەتی لە ئاستە باڵاكاندایە بەڵام كاتێك ئەو دایكە دایكایەتی بۆ منداڵێكی خاوەنپێداویستی تایبەت دەكات ئەرك و بەرپرسیارێتیەكەی زۆرقورسترە و زیاترە، شەبەنگی ئۆتیزم حاڵەتێكی تایبەتە و پەروەردەی تایبەت و بەرپرسیارێتی تایبەتی دەوێت، گرنگە لە كاتی بوونی منداڵێكی شەبەنگی ئۆتیزم لەنێو خێزانێك خێزانەكە بە گشتی و چواردەوری خێزانەكەش هاوكاربن تا ئەركی دایكەكە كەمبكەنەوە نەك بە قسە و تانە و توانج و پشتگوێخستن و سەردان نەكردنیان قورساییەكی زیاتر بخەنە سەر خێزانەكە و دایكەكە، لەبەر ئەوە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لە ڕووی ماددی و مەعنەوی هاوكاری ئەو خێزانانە بێت، ئەویش بە دابینكردنی سەنتەر بۆ ئەو منداڵانە و هەروەها ڕاهێنان و ڕێنمایی پێدان بە دایكان و باوكان».

ڕەحمان عەلی بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزم لە سلێمانی، سەبارەت بە هەمان پرس تایبەت بۆ گوڵان دەڵێت: «ڕەفتاری كەسانی تووشبووی ئۆتیزم تەواو جیاوازە بە بەراورد بە كەسانی دیكە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بەهۆی هەموو نیشانە و هەڵسوكەوتەكانی منداڵی ئۆتیزم كە هەیەتی وادەكات خێزان لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كۆمەڵگە داببڕێت، ئەوەش بە جۆرێك كاریگەری لەسەر دەروونی هەمووان دادەنێت، بەتایبەتی لەسەر باری دەروونیی دایكەكە، چونكە نەخۆشیی ئۆتیزم وەك هیچ حاڵەتێكی دیكەی نەخۆشی نییە، لە بەر ئەوەی چاكبوونەوەی نییە و پێویستی بە خزمەت و چاودێری بەردەوام هەیە، ئۆتیزم یەكێكە لەو حاڵەتانەی نەخۆشی كە كاریگەرییەكی قورس لەسەر خێزان دروست دەكات، بەتایبەت دایك و باوك، كە زۆر جار پێداویستییە ماددییەكان لە توانای خێزاندا نییە، ئەو كاریگەرییەش بە حوكمی ئەوەی دایك پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ منداڵەكانیدا هەیە بە پلە یەك دەكەوێتە ئەستۆی خودی دایك، ئەوەش وادەكات دایك زیاتر بیر لە هەنگاوەكانی چارەسەری بكاتەوە، دایك بەبێ ویستی خۆی ناچارە بۆ خزمەتكردنی منداڵە نەخۆشەكەی، گرنگیپێدان بە ئەندامانی خێزانەكەی كەم بكاتەوە، تەنانەت خودی خۆیشی پشتگوێ دەخات، چونكە زۆربەی باوكان بەهۆی ناهۆشیاری لە دابەشكردنی ئەركەكانی خێزان، خزمەتكردنی منداڵی نەخۆش بە ئەركی سەرشانی دایك دەزانن و لەو واقیع و بەرپرسیارێتییە ڕادەكەن، بۆیە هەندێك جاریش كێشەی نێوان ئەو دوو هاوسەرە دەگاتە ئاستی جیابوونەوە، هەر چەند رێژەكە ئەوەندە زۆر نییە و نەبۆتە دیاردە، بەڵام وەكو حاڵەت چەند كەیسێكی لەم شێوەیەمان هەیە، هەندێك هاوسەریش هەن بێدەنگییان هەڵبژاردووە و درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن و لە چوارچێوەی یەك ماڵدا دەژین، بێ ئەوەی لە یەكتر جیاببنەوە، بەڵام پەیوەندییەكەیان زۆر لاوازە و رەنگە گەیشتبێتە ئاستێك كە پەیوەندی سۆزداری نێوانیان لە بەین چووبێت».

ڕوان عەبدولمەجید بابان ڕاهێنەر و رێنماییكاری كۆمەڵایەتی، لەمبارەیەوە دەڵێت: « لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجمان داوە كە باس و خواس لەسەر نەخۆشی ئۆتیزم لە كوردستان، چ لە قوتابخانەكان، چ لە ناوەندە تەندروستییەكان، یان تەنانەت لە ناو خێزانەكاندا، زیادی كردووە. ئۆتیزم نەخۆشی نییە، بەڵكو حاڵەتێكی گەشەكردنە كە كاریگەری لەسەر چۆنیەتی پەیوەندی و كارلێكی منداڵ لەگەڵ كەسانی دیكەدا هەیە. لەوانەیە نیشانەكانی لە تەمەنێكی بچووكدا دەربكەون، وەك خراپ بەركەوتنی چاو، دواكەوتنی قسەكردن، یان دابڕانی كۆمەڵایەتی.

واقیعەكە ئەوەیە كە ژمارەی تووشبووانی دەستنیشانكراو لە زیادبووندایە، بەڵام مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت كە ئۆتیزم لەناكاو دەركەوتووە. بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری زیاتر، ئەمە جگە لەوەی گۆڕانكاری لە شێوازی ژیانماندا هەیە. فشارە ئابوورییەكان، دڵەڕاوكێی ناو خێزان، زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی مۆبایل و ئایپاد لەلایەن منداڵان و كەمی یاریكردن و گفتوگۆكردن لە ماڵەوە، هەموو ئەو هۆكارانەن كە كاریگەری نەرێنییان لەسەر گەشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی منداڵ هەیە.

ئایا دەتوانین ڕێگری لە ئۆتیزم بكەین؟ لە ڕووی زانستییەوە ناتوانرێت بەتەواوی ڕێگری لێبكرێت، چونكە پەیوەستە بە هۆكاری بۆماوەیی و دەمارەوە، بەڵام دەتوانین مەترسییەكانی كەم بكەینەوە و توندییەكەی كەم بكەینەوە. ئەمەش بە دابینكردنی چاودێری دەروونی و جەستەیی بۆ دایكی دووگیان و دروستكردنی ژینگەیەكی ئارام بۆ منداڵەكە و كەمكردنەوەی كاتەكانی شاشە و زیادكردنی كارلێكی خێزانی و كاتی یاریكردن و گفتوگۆی ڕۆژانە لەگەڵ منداڵەكەدا دەستپێدەكات.

لە هەمووی گرنگتر، دۆزینەوەی پێشوەختە و شەرمنەكردن لە داوای یارمەتی زۆر گرنگە، دەستێوەردانی پێشوەختە جیاوازییەكی بەرچاو لە ژیانی منداڵ و خێزانەكەدا دروست دەكات، دەرفەتێكی باشتریان پێدەدات بۆ تێكەڵبوون و فێربوون لەناو كۆمەڵگاكەماندا».

هەڵبەست ساڵح شێروانی ڕۆژنامەنووسە و سەبارەت بە هەمان پرس ڕایوایە: «خێزان یەكەی پێكهێنەری كۆمەڵگە و سەرچاوەی پیادەكردنی بەها پیرۆزەكانی ئایین و كلتووری كۆمەڵایەتییە، لە خێزانەوە منداڵ بۆ تاكێكی تەندروست گەورە و پەروەردە دەكرێت، هەڵبەتە شێوازی گەورە و پەروەردەكردنی منداڵیش كاریگەریی لەسەر ساغلەمی عەقڵی و جەستەیی منداڵ هەیە، بۆیە هەوڵ و شەونخوونی دایكان و باوكان بۆ پەروەردە و بەخێوكردنی منداڵ، كاریگەریی زۆری لەسەر تەندروستبوونی منداڵ هەیە، بۆ ئەوەش دایكان و باوكان بەرپرسی یەكەمن، كە منداڵ بەشێوازێكی تەندروست پەروەردە و بەخێو بكەن.

دایكان و باوكان، نابێت تەنیا بیر لە بەخێوكردنی منداڵ بكەنەوە، چونكە پێش بەخێوكردن، پەروەردە و تەندروستیی منداڵەكە دێت، بەداخەوە، ئەوەی ئێستا لە بەشێك لە دایكان و باوكان دەبینرێ، هەر لە ساواییەوە منداڵەكانیان فەرامۆش دەكەن و بایەخێكی پەروەردەیی و تەندروستی ئەوتۆی پێنادرێ، چۆن؟

كاتێك ئەو منداڵە لە دایك دەبێت، سەرەڕای زانینی كاریگەرییە نەرێنییەكانی خراپیی مۆبایل و ئایپاد، بۆ ژیركردنەوە و خافڵاندنی مۆبایل و ئایپادی پێدەدەن، كە هەموو دكتۆرانی دەروونی و عەقڵی لەسەر ئەوە كۆكن كە نابێت منداڵ وابەستەی شاشە زیرەكەكان بكرێت، چونكە لێكەوتەی خراپی تەندروستی هەیە، بەڵام دایكان و باوكان هەر لەسەرەتاوە ئەو منداڵە لە هەست و سۆز و خۆشەویستیی خۆیان دادەبڕن و سەرقاڵی دونیایەكی تایبەتی دەكەن، كە دونیای منداڵ نییە و دوورە لە پەیوەندییە ڕاستەقینەكانی كۆمەڵایەتی. ئەوەش منداڵ تووشی بێدەنگی و گۆشەگیری دەكەن و دایدەبڕێنن لە خۆشییەكانی ژیانی منداڵ، وای لێدێ ئەو منداڵە هیچی ناوێ جگە لە مۆبایل و ئایپاد، یاری بە یاریی منداڵان ناكات، تێكەڵ بە منداڵان نابێت، قسە نازانێ، ئەمە سەرباری تێكچوونی دەروونی ئەو منداڵەش، كە هەمیشە لە گێژاوی خەم و تووڕەییدایە، بەداخەوە، دەبێت دایكان و باوكان زۆر وریای منداڵەكانیان بن كە تووشی نەخۆشیی باوی ئۆتیزم نەبێت، ئەمە وێڕای تووشبوونی ژمارەیەكی زۆری منداڵ، كە دایكان و باوكان گیرۆدە بوون بەدەستیانەوە، لەئێستادا ژمارەیەكی یەكجار زۆریش مەترسی تووشبوونی بە ئۆتیزم هەیە.

منداڵ زۆر پێویستی بە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی هەیە، نابێت داببڕێ، دابڕانی منداڵ لە دایك و باوك و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی، مەترسی لەسەر داهاتووی ساغڵەمی عەقڵی و دەتوانم بڵێم جەستەییش دەكات، بۆیە داوا لە دایكان و باوكان دەكەم، تكایە ئاگاداری تەندروستیی منداڵەكانتان بن، داهاتوویان ئاڵۆز مەكەن.

 دەبێت هەموومان بۆ نەوەیەكی تەندروست بۆ داهاتووی كۆمەڵگە، سڵ لە ماندووبوون نەكەینەوە و قوربانیی لەپێناو تەندروستبوونی منداڵەكانمان بدەین، بۆ ئەوەی ئەرك و بەرپرسیارێتییمان كەمتر ببێتەوە، چونكە ئەگەر منداڵێك تووشی نەخۆشی باوی ئۆتیزم ببێت، لەگەڵ گەورە بوونیشی خەم و ئەرك و بەرپرسیارێتیشی زیاتر دەبێت».

 

میكانیزمەكانی ڕێگەگرتن لە زیادبوونی ڕێژەی ئۆتیزم لەنێو منداڵان دەخرێنە بەرباس
میكانیزمەكانی ڕێگەگرتن لە زیادبوونی ڕێژەی ئۆتیزم لەنێو منداڵان دەخرێنە بەرباس
میكانیزمەكانی ڕێگەگرتن لە زیادبوونی ڕێژەی ئۆتیزم لەنێو منداڵان دەخرێنە بەرباس
میكانیزمەكانی ڕێگەگرتن لە زیادبوونی ڕێژەی ئۆتیزم لەنێو منداڵان دەخرێنە بەرباس
Top