عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: ئاڕاستەی وەبەرهێنان بەرەو پڕۆژەی مۆدێرن گۆڕاوە و ئەو جموجووڵە گەشتیارییەی لە زاخۆ دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی سیاسەتێكی ئابووریی دروستە

عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا  بەڕێوەبەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:  ئاڕاستەی وەبەرهێنان بەرەو پڕۆژەی مۆدێرن گۆڕاوە و ئەو جموجووڵە گەشتیارییەی لە زاخۆ دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی سیاسەتێكی ئابووریی دروستە

 

  لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سیاسەتی ئابووری و پلانی گەشەپێدان پێی نایە قۆناغێكی نوێوە. حكومەت بە دیدگایەكی فراوانترەوە هەوڵی داوە سەرچاوەكانی داهات هەمەچەشن بكات و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت. لەم چوارچێوەیەدا، گرنگیدان بە سێ كەرتی سەرەكی (گەشتیاری، پیشەسازی و كشتوكاڵ) بووەتە ئەولەوییەتی كارنامەی حكومەت، بەو ئامانجەی ژێرخانێكی ئابووریی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان بنیاد بنێت.

كەرتی گەشتیاری وەك یەكێك لە پایە گرنگەكانی ئابووری، پشكی شێری لەم بووژانەوەیە بەركەوتووە. ئەگەر بە وردی سەیری نەخشەی وەبەرهێنان لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێم بكەین، دەبینین ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وەك نموونەیەكی زیندووی ئەم پێشكەوتنە دەردەكەوێت. لەم دەڤەرەدا ستراتیژیەتی حكومەت وای كردووە كە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان هەوڵەكان چڕ بكەنەوە بۆ گەشەپێدانی زیاتری كەرتی گەشتیاری، كە دەرەنجامەكەی لەسەر زەوی بە ڕوونی دەبینرێت.

بەپێی ئامار و داتا فەرمییەكان، تەنیا لەم ماوەیەدا توانراوە ٢٢ پڕۆژەی گەشتیاری گەورە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ مۆڵەتیان پێ بدرێت و بكەونە قۆناغی جێبەجێكردنەوە. قەبارەی وەبەرهێنان لەم پڕۆژانەدا دەگاتە نزیكەی ١٦٠ ملیۆن دۆلار، كە ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەیی و گرنگە بۆ بووژانەوەی جووڵەی بازاڕ و ڕاكێشانی سەرمایە بۆ ناوچەكە. ئەم وەبەرهێنانە تەنیا بریتی نییە لە دروستكردنی بینا، بەڵكو كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبووە، بە شێوەیەك كە توانیویەتی زیاتر لە هەزار هەلی كار بۆ گەنجان و دەستی كاری ناوخۆیی دابین بكات، كە ئەمەش یەكێكە لە ئامانجە ستراتیژییەكانی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی بێكاری.

خاڵێكی دیكەی جەوهەری لەم گۆڕانكارییەدا، بریتییە لە گۆڕینی چەمك و شێوازی پڕۆژەكان. لە ڕابردوودا زۆربەی پڕۆژە گەشتیارییەكان شێوازێكی كلاسیكییان هەبوو، بەڵام ئێستا ئاراستەی وەبەرهێنان بەرەو «پڕۆژەی مۆدێرن» گۆڕاوە. نموونەی وەك پڕۆژەكانی «تۆگا پۆرت، مارینا، ئاڤین و فیردەوس» لە زاخۆ، ئاماژەن بۆ ئەوەی كە هەرێمی كوردستان دەچێتە سەر نەخشەی گەشتیاریی نێودەوڵەتی و ستانداردە جیهانییەكان پەیڕەو دەكات.

هەموو ئەم دەستكەوتانە بێ بوونی ژینگەیەكی یاسایی لەبار نایەنە دی. یاسای وەبەرهێنان ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٦، وەك چەترێكی یاسایی بەهێز، ڕۆڵی سەرەكی بینیوە لەم پرۆسەیەدا. ئەم یاسایە بە یەكسان سەیركردنی وەبەرهێنەری بیانی و ناوخۆیی، متمانەیەكی گەورەی دروست كردووە. كاتێك وەبەرهێنەر هەست بە پارێزراوی مافەكانی و ئاسانكاریی ئیداری دەكات، بێ دوودڵی ڕوو لە ناوچەكە دەكات.

دەكرێت بڵێین ئەو جموجووڵە گەشتیاری و ئاوەدانییەی لە ناوچەكانی وەك زاخۆ دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی سیاسەتێكی ئابووریی دروستە. گۆڕینی سیمای شارەكان، دابینكردنی هەلی كار و هێنانی سەرمایەی دەرەكی، هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی گەشەكردنی خێرادایە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەبێتە یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی نیشتمانی.

 

Top