شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: هەر سێكتەرێكی ژیانی كۆمەڵگە بە بوارێكی گەشتیارییەوە گرێ دراوە و هەر لایەنێكی ژیانی مرۆڤایەتی پێویستی بە شێوەیەك لە شێوەكانی گەشتیاری هەیە
شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (گەشتوگوزار. پردی پەیوەندیی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان»، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
ئەمڕۆ كە 16ی كانوونی یەكەمی 2025 ە و لەو هۆڵەین كە گفتوگۆ لەسەر پرسێكی گرنگی وەك «گەشتوگوزار. پردی پەیوەندیی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان» دەكەین، شاری زاخۆی دەلال لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەوەی ئاهەنگێكی جەماوەریی گەورە ساز بكات، بە بۆنەی دەستنیشانكردنی لە لایەن ڕێكخراوی «فیفا»وە، وەك شاری باشترین هاندەری وەرزشی لە جیهاندا. لەم بۆنەیەدا وێڕای ئەوەی پیرۆزباییەكی زۆر گەرم لە شاری زاخۆ و تەواوی كوردستان دەكەم، لە هەمان كاتدا بۆ ئەم گفتوگۆیەی ئێمەش ڕێكەوتێكی جوانە، لەبەر ئەوەی پێناسەی سادەی گەشتوگوزاری لە گیانی لێبوردەیی و میواندۆستییەوە دەست پێ دەكات، ئەو سەركەوتنەی هاندەرانی یانەی زاخۆ ددانپێدانانی جیهانە بەو ڕاستییەی كە خەڵكی زاخۆ و تەواوی كوردستان لێبووردە و میواندۆستن.
سرووشتی جوانی كوردستان و سایكۆلۆژیەتی بەرزی خەڵكی كوردستان، بە جیاوازیی ئایین و نەتەوەوە، بە بڕوابوونیان بە لێبوردەیی و پێكەوەژیان، ژێرخانێكی زۆر پتەوی بۆ وەبەرهێنان لە كۆی كایە جیاوازەكانی گەشتیاریدا دروست كردووە، لەمەش زیاتر بایەخدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پڕۆژەكانی پەرەپێدان، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە گەشتیارانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بۆ سەردانی پزیشك و وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی، سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.
لە گفتوگۆكانی ئەم وەرزەی بازنەی گفتوگۆ، كە تایبەت بوون بە هێزی نەرمی نەتەوە وەك «زمان، هونەر، شوێنەوار، وەرزش، خوێندنی باڵا»، لە هەر یەك لەم گفتوگۆیانە بابەتی گەشتوگوزار بەشێكی گفتوگۆكان بووە، ئەمەش بەو مانایەی كە هەر سێكتەرێكی ژیانی كۆمەڵگە بە بوارێكی گەشتیارییەوە گرێ دراوە و هەر لایەنێكی ژیانی مرۆڤایەتی پێویستی بە شێوەیەك لە شێوەكانی گەشتیاری هەیە.
لەو ژینگە سیاسییەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان و عێراق فەراهەم بووە، كێشەی گەشتكردنی هاووڵاتیان لە كوردستان و عێراقەوە بۆ دەرەوە ئاسانە و چارەسەر بووە، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە قسەی لەسەر بكەین، ئەوەیە چۆن ئەم كەرتە گرنگە بگۆڕین بۆ پیشەسازیی گەشتیاری و سەرچاوەیەكی داهاتی سەرەكی لە سێكتەر جیاوازەكاندایە، كە لێرەدا ئاماژە بە چەند لایەنێكی جیاوازی گەشتیاری دەكەم:
• گەشتیاریی ئایینی
بە هۆی ئەو زەمینە جوانەی پێكەوەژیان لە كوردستان فەراهەم بووە، ئێستا هەرێمی كوردستان بووەتە وێستگەیەك بۆ گەشتیاری هەموو ئایینە جیاوازەكان، بۆ نموونە:
- بۆ پەیڕەوانی موسڵمانی مەزهەبی شیعە، هەرێمی كوردستان ڕێڕەوێكی زۆر نزیكە بۆ گەیشتن بە نەجەف و كەربەلا و، ساڵانی پێشوو ژمارەیەكی زۆری شیعەی ئێرانی لە ڕێگە كوردستانەوە سەردانی مەزارگاكانیان كردووە.
- بۆ پێڕەوانی ئایینی كریستیان، لەبەر ئەوەی ئێستا ڕێژەیەكی زۆر بەرزی كریستانەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەوا كەسوكارەكانیان لە هەندەرانەوە بۆ یەكتر بینین سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
- بۆ پێڕەوانی ئایینی ئێزدی، ئاشكرایە كە پەرستگەی لالش كە گەورەترین پەرستگەی ئێزدییەكانە لە هەرێمی كوردستانە و ساڵانە بۆ جەژنەكانیان ئێزدییەكان لە هەموو جیهانەوە سەردانی كوردستان دەكەن.
• گەشتیاریی شوێنەوار
لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستا كەمتر لە 50%ی ناوچە شوێنەوارییەكانی كوردستان ڕووپێو كراون، بەڵام زیاتر لە 3500 ناوچەی شوێنەواری تۆماركراومان هەیە، ئەم ناوچە شوێنەوارییانە لەسەر ئاستی جیهان بایەخیان پێ دەرێت و، وەك میراتی مرۆڤایەتی سەیر دەكرێن، بەتایبەتی وەك ئەشكەوتی شاندەر و قەڵای هەولێر، ئەمانە ئەگەر وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت، دەبنە گەورەترین سەرچاوەی گەشتیاری بۆ كوردستان.
• گەشتیاریی سێكتەرە جیاوازەكان.
بە هۆی ئەو بارودۆخە ئارام و سەقامگیرەی لە هەرێمی كوردستاندا فەراهەم كراوە، چەندین سێكتەری دیكە بوونەتە هۆكاری ئەوەی گەشتیاران سەردانی كوردستان بكەن، لەوانە ئێستا لە سێكتەری تەندروستی بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق سەردانی نەخۆشخانەكانی كوردستان دەكەن، لە كەرتی وەرزشی كە دیسان زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی یارییەكانی عێراق و مەشق و ڕاهێنانەكانیان بگوازنەوە بۆ كوردستان، ئەمەش زەمینەیەكی لەباری بۆ هاتنی گەشتیاری وەرزشی بۆ كوردستان زیاتر كردووە.
لەم دەرفەتە كورتەدا ناتوانرێت هەڵوەستە لەسەر كۆی ئەو سێكتەرانە بكەین كە دەبنە هاندەر بۆ گەشتیاری، بۆیە قسەكانم بە چەند پێشنیارێك كورت دەكەمەوە.
- زۆر گرنگە ماركێتینگی نێودەوڵەتی بۆ شوێنە گەشتیارییەكانمان بكەین، بەتایبەتی كەناڵەكانی ئەوروپا، فڕۆكەخانەكان، بۆ ئەوەی دیمەنە جوانەكانی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان ببینن.
- لە ئێستادا كە بە پلەی یەكەم گەشتیاری كوردستان هاووڵاتیانی پارێزگاكانی دیكەی عێراقن، گرنگە ئاسانكاری لە بازگەكانی نێوان هەرێم و پارێزگاكانی عێراق دروست بكرێت، ئەم ئاسانكارییەش نابێت لەسەر حیسابی ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان بێت، بەڵكو بەوە دەبێت كە بازگەكان فراوانتر بكرێن و خەڵكەكە دوای پشكنین زووتر بگاتە شارەكانی هەرێم.
- هەتا ئێستا لە ناو سایكۆلۆژیەتی خەڵكی كوردستاندا گەشتیاری نەبووەتە كەلتوور، ئەوجا بۆ ئەوەی زەمینەیەك دروست بكرێت و ئەوە بكرێتە كەلتوور، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیریی ئەو كۆمپانیایانە بكات كە گەشتیاری لە ناوخۆی كوردستان ئەنجام دەدەن.
- بایەخدان بە ڕێبەری گەشتیاری، چ وەك كەسی ڕێگە پیشاندەر، یان نامیلكە و ئەپڵیكەیشن بۆ بینینی شوێنە گەشتیارییەكان زۆر گرنگە، هەروەها دەبێت هەوڵ بدرێت بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی كار و كاوباری كۆمەڵایەتی و وزارەتە پەیوەندیدارەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، كە دەبێت بوونی ڕێبەری گەشتیاری لەگەڵ هەر گرووپێكی گەشتیاری بكرێتە مەرج و ئەمەش ببێتە سەرچاوەیەك بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچووانی گەشتیاری لە كوردستاندا.
- گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو وەرزانەی كاری شوێنە گەشتیارییەكان كەم دەبێتەوە، باج و كرێی خزمەتگوزارییەكان پێداوچوونەوەی پێدا بكات و ڕەچاوی بەرژەوەندیی خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكان بكات.
