د.هەتاو كەریم خدر پسپۆڕ لە كۆمەڵناسیی گەشتیاریدا: ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە لە ڕێگای پەروەردە و خوێندنی باڵاوە كەلتوورەكەمان بكەینە ئامرازێك بۆ ڕاكێشانی گەشتیار

د.هەتاو كەریم خدر  پسپۆڕ لە كۆمەڵناسیی گەشتیاریدا:  ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە لە ڕێگای پەروەردە و خوێندنی باڵاوە كەلتوورەكەمان بكەینە ئامرازێك بۆ ڕاكێشانی گەشتیار

 

 

د.هەتاو كەریم خدر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و تایبەتمەندە لە بواری كۆمەڵناسیی گەشتیاری و یەكێكە لەو ئەكادیمیستە بەئەزموونانەی بواری زانستی گەشتیاری كە كاری لەسەر ستراتیژیەتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە دانانی بەرنامە و پلان بۆ ئەم سێكتەرە گرنگە بەشدار بووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (گەشتوگوزار. پردی پەیوەندی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان)، زۆر بە ڕاشكاوانە لەسەر ئاستی زانستی و پراكتیكی هەڵوەستەی لەسەر ئاستەنگ و گرفتەكانی سێكتەری گەشتیاری كرد و بەمجۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خستەڕوو.

لە سەرەتادا، دەستخۆشی و سوپاسی بێپایانی خۆم ئاراستەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەكەم بۆ هەڵبژاردنی ئەم بابەتە گرنگ و هەستیارە. بەڕاستی كاتێك ناونیشانی ئەم دیدارەم بینی، هەناسەیەكی قووڵم هەڵكێشا و وتم: «ئەلحەمدولیلا» كە ناونیشانێك هەڵبژێردراوە باس لە كەلتوورە جیاوازەكان و پەیوەندییان بە گەشتیارییەوە دەكات. ئەم بابەتە بۆ من تەنیا باسێكی ئەكادیمی نییە، بەڵكو بەشێكی گەورەیە لە ژیانی پیشەییم، چونكە لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە بەردەوام لەسەر ئەم كەرتە كار دەكەم و خەمی گەشەپێدانی ئەم بوارەم لە كۆڵ گرتووە.

ئەزموونی من لە كەرتی گەشتیاریدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨، بەر لەوەی بڕۆم بۆ خوێندنی دكتۆرا. لەو كاتەوە لەگەڵ زۆرێك لە بەڕێزان و پسپۆڕان و زۆر كەسی دیكە كە لەم بوارەدا دەستڕەنگینن، كارمان كردووە. یەكێك لە وێستگە گرنگەكان، كاركردن بوو لەسەر «پلانی ستراتیژیی گەشتیاریی ٢٠٢٠». باشم لەبیرە لە یەكێك لە وۆركشۆپەكان لە شاری سلێمانی، ئەو دەسەڵات و مافەیان پێدام كە من ڕایبگەیەنم و تیشك بخەمە سەر ئایندەی گەشتیاری لە ناوچەكەدا.

هەر لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە، ئێمە لە «سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان» دەستمان كرد بە كاركردن لەسەر ١١ سێكتەری جیاواز، كە یەكێك لە سێكتەرە سەرەكی و تایبەتەكان، كەرتی گەشتیاری بوو. ئەو كات كۆمەڵێك گرفتی بنەڕەتی لە ئەجێندای كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ئەجێندای یەك) هەبوون كە پێویستیان بە چارەسەر بوو. ئێمە جارێكی دی ئەو بابەتانەمان هێنایەوە بەر باس و چەندین مێزگردی زانستیمان لەسەر ئەنجام دان لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك. لەو مێزگردانەدا تەنیا بە تەنیا دانەنیشتین، بەڵكو لەگەڵ كەرتی تایبەت و مامۆستایانی زانكۆ كۆبووینەوە بۆ ئەوەی ئاستەنگەكان بە وردی دەستنیشان بكەین. دەرەنجامی ئەو هەوڵانە لە ئەجێندای كارەكانی هەرێمی كوردستانی یەك و دوودا بە ڕوونی ئاماژەیان پێدرا و بوونە نەخشەڕێگایەك بۆ كاركردن.

خۆشبەختانە، بەشێك لەو گرفتانەی لە ئەجێندای دووەمی هەرێمدا دەستنیشانمان كردبوون، چوونە بواری جێبەجێكردنەوە و چارەسەر كران. بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە، ئەوەیە كە هەندێك لەو گرفتانە دوای چارەسەركردنیشیان، جارێكی دی گەڕاونەتەوە و ئێستا دووبارە ڕووبەڕوومان بوونەتەوە.

ئەگەر بێینە سەر پرسی هۆشیاریی گەشتیاری، دەتوانم بڵێم بەرەوپێشچوونێكی زۆر گەورە هەیە. ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ لەگەڵ ئێستادا، جیاوازییەكە ئاسمان و ڕێسمانە. لەو ساڵانەدا هۆشیاریی گەشتیاری زۆر كەم بوو. بۆ نموونە ئەگەر گەشتیارێك بچووایەتە بازاڕ و بە زمانی عەرەبی قسەی بكردایە، خەڵك هەندێك جار مۆڕەی لێ دەكرد و بە چاوێكی نامۆ سەیری دەكرد. بەڵام ئێستا كە دەچیتە بازاڕ، دەبینیت كاسبكاران بە ڕوویەكی خۆشەوە دەڵێن «تفضل تفضل». تەنانەت هەندێك جار بە من دەڵێن «تفضل» چونكە وادەزانن گەشتیاری عەرەبم، كاتێك پێیان دەڵێم من كوردم، تێدەگەم كە مایندسێتی ئەوان گۆڕاوە. خەڵكی ئێمە ئێستا تێگەیشتووە كە گەشتیار سەرچاوەی داهاتە و دەزانن كە هاتنی گەشتیار تەنیا بۆ حكومەت نییە، بەڵكو ڕاستەوخۆ پارە دەخاتە ناو گیرفانی تاك بە تاكی هاووڵاتیانەوە. ئەمە گۆڕانكارییەكی كەلتووری و ئابووریی گرنگە كە لە ماوەی ئەم ١٥-٢٠ ساڵەدا ڕوویداوە.

سەرەڕای ئەو پێشكەوتنانە، ئێمە لە سێ بواری سەرەكیدا گرفتی قووڵمان هەیە، كە یەكەمیان بواری پەروەردە و خوێندنی باڵایە. گرفتەكە لێرەدا «مایندسێت» یان شێوازی بیركردنەوەیە. تاوەكو ئێستا گەشتیاری لای قوتابی و خەڵكی ئێمە نەبووەتە كەلتوورێك كە وەك بوارێكی كار و داهات سەیری بكەن.

من بۆ ماوەی شەش ساڵ سەرۆكی بەشی كارگێڕیی دەزگاكانی گەشتیاری بووم. لە ساڵی یەكەم و دووەمدا بڕیارێكی گرنگمان دا، وتمان گەشتیاری ئەتەكێت و خولیای تایبەتی دەوێت، بۆیە با قوتابی بە «قبووڵ مەركەزی» وەرنەگرین، بەڵكو بە خواستی خۆیان بێن. بە نوسراوی فەرمی داوامان كرد، بەڵام دەرەنجامەكە شۆككەر بوو، لە هەموو هەرێمەكە تەنیا ٣٠ قوتابی ئامادە نەبوون بە خواستی خۆیان بێنە ئەم بەشە، ساڵی دواتر ناچار بووین بگەڕێینەوە سەر سیستەمی پێشوو، چونكە ڕێنمایی وەزارەت دەڵێت ئەگەر قوتابی لە ٢٠ كەس كەمتر بێت، بەشەكە دادەخرێت. ئێمە تەنیا بۆ ئەوەی بەشەكە دانەخرێت، بە پەلەپەل و هەڵەداوان قوتابیمان وەرگرت.

ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە قوتابی بە ئارەزووی خۆی نایەتە ناو ئەم بوارە. تەنانەت لە كاتی «ئینتێرنشیپ» و مەشقی هاوینەدا، قوتابیەكانمان، بەتایبەتی كچان و تەنانەت كوڕانیش، ئامادە نین بچنە ناو مۆتێل، هۆتێل، یان ڕێستۆرانتەكان بۆ كاركردن. ئەمە دەیسەلمێنێت كە هێشتا گەشتیاری وەك كەلتوورێكی كار لای ئێمە جێگیر نەبووە.

جێگای داخە، لە كاتێكدا دەبوو بەرەو پێش بچین، لە هەندێك شوێن پاشەكشەمان كردووە. لە ئەنجامی ئەجێندای دووەمی هەرێم، بەشی گەشتیاری لە كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری لە زانكۆی سەڵاحەددین كرایەوە، بەڵام دوای دە ساڵ لە جیاتی گەشەكردن، ساڵی پار و پێرار داخران و گۆڕدران بۆ بەشی بەبازاڕكردن و ماركێتینگ. ئێستا لە زانكۆی سەڵاحەددین بەشێك بە ناوی گەشتیاری نەماوە.

لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، سێ بەشمان هەیە، لە پەیمانگای تەكنیكیی كارگێڕیی هەولێر، لە كۆیە و لە شەقڵاوە. لە شەقڵاوە بە هۆی نەبوونی كادر و داواكاری ناوچەكە، بەشی «ڕێبەری گەشتیاری»مان گۆڕی بۆ «كارگێڕی دەزگاكانی گەشتیاری»، چونكە پێمان وابوو ستافی كارگێڕی پێویستترە. بەڵام خۆشبەختانە بە هەوڵی هاوپیشەكانم جارێكی دی ڕێبەری گەشتیاری زیندوو كرایەوە و منیش پشتیوانی تەواوم كردن. سەبارەت بە ئامادەیی گەشتیاری لە عەنكاوەش، هەر چەندە هەیە، بەڵام لە ئاستی ئەو خواستەدا نییە كە بتوانێت كادری لێهاتوو بۆ زانكۆكان و بازاڕی كار دابین بكات.

بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن كەلتوور دەكرێتە كەرەستەی گەشتیاری، نموونەیەكی ئیسپانیاتان بۆ باس دەكەم. وەك بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی كار لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، گەشتێكی مەشقمان كرد بۆ ئیسپانیا. ئەوان لە كاتژمێر نۆی بەیانی تا شەشـی ئێوارە پڕۆگرامی چڕیان بۆ دانابووین، بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام، شێوازی ناساندنی كەلتوورەكەیان بوو.

لە كاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا لە ناو زانكۆ، تەنیا خواردنیان پێ نەدەداین، بەڵكو «كەلتووری خواردن»ی وڵاتەكەیان پێ دەناساندین. لەو چەند ڕۆژەدا هەموو جۆرە خواردنێكی كەلتووری ئەو شارەیان پێ چەشتین. لە پەنای نانخواردنەكەدا، تابلۆی هونەری، مۆسیقا، سەما و شایی و كەلتووری خۆیان پێشان دەداین. سەرسام بووم كاتێك زانیم ئەو تیپە مۆسیقایەی كەلتووری وڵاتەكەیان بۆ ئێمە دەژەنی، مامۆستایانی كۆلێژی یاسا بوون، نەك هونەرە جوانەكان. مامۆستای پڕۆفیسۆر و بەتەمەن بوون كە بە شانازییەوە كەلتووری خۆیان بە ئێمە دەناساند. ئەمە ئەو خاڵەیە كە ئێمە لێی بێبەشین. ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە لە ڕێگای پەروەردە و خوێندنی باڵاوە كەلتوورەكەمان بكەینە ئامرازێك بۆ ڕاكێشانی گەشتیار.

گرفتێكی دیكەی سەرەكی ئەوەیە كە ئێمە هەتا ئەم دواییەش ڕێنمایی و یاسای پێویستمان بوو بۆ پاڵپشتیكردنی خەڵك نەبوو. من لە ناو پەرلەمان پێشنیارێكم خستە ڕوو، وتم: ئەگەر دەتانەوێت ئەم كەرتە ببووژێتەوە، سەیری ئەزموونی «پەرستاری» بكەن. پێشتر كەس نەدەچووە بەشی پەرستاری و ڕێگە نەدەدرا كچان خەفەریات بگرن، بەڵام كاتێك حكومەت دەرماڵە و هاندانی دارایی (بۆ نموونە ١٠٠ هەزار دینار، یان زیاتر) بۆ بڕینەوە، ئێستا بەشی پەرستاری لە زانكۆی ئێمە بەرزترین نمرە وەردەگرێت. لەم چوارچێوەیەدا بۆ ئەوەی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی دروشمەوە بچێتە قۆناغی بەرهەمهێنان، ئەم پێشنیارانە دەخەمە ڕوو:

* حكومەت دەبێت دەرماڵە و ئیمتیازاتی تایبەت بۆ ئەو قوتابیانە دابین بكات كە دەچنە بەشەكانی گەشتیاری، تاوەكو ئەم بوارە ببێتە جێگەی سەرنجی نمرە بەرزەكان، ڕێك وەك ئەوەی لە كەرتی پەرستاریدا كرا.

• دەبێت لە ناوەندەكانی خوێندندا كار لەسەر ئەوە بكرێت كە چۆن خواردن، جلوبەرگ و مۆسیقای كوردی بكرێتە بەشێك لە ئەزموونی گەشتیار

•  هەر گوند و لادێیەكی كوردستان كەلتوورێكی تایبەت بە خۆی هەیە. دەبێت كار لەسەر ئەوە بكرێت كە گەشتیار تەنیا بۆ ناو شارەكان نەبێت، بەڵكو بچێتە ناو قووڵایی كەلتووری گوندەكانیش.

• لە جیهاندا لە هەر ١٠ پیشە، یەكێكیان پەیوەندی بە گەشتیارییەوە هەیە. هەروەها ٤٠٪ـی گەشتیارانی جیهان بە دوای كەلتوور، مێژوو، خواردن و جلوبەرگدا دەگەڕێن. پێویستە ئێمە ئەم ٤٠٪ـەیە بكەینە ئامانجی سەرەكیمان.

لە دوماهیدا دیسان جەخت لەوە دەكەمەوە كە كوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە كەلتوور، بەڵام ئەم دەوڵەمەندییە پێویستی بە كاركردن هەیە. ئێمە نابێت تەنیا تەركیز بكەینە سەر لایەنە ئابوورییە وشكەكە، بەڵكو دەبێت لایەنە كەلتووری و كۆمەڵایەتییەكە بكەینە بزوێنەری ئابوورییەكەمان. ئەگەر بتوانین گەشتیاری بكەینە كەلتوور و ڕێز لە مێژوو و ناسنامەی خۆمان بگرین لە بەردەم گەشتیاراندا، ئەو كات دەتوانین بڵێین هەنگاوی ڕاستەقینەمان ناوە. گەشتیاری تەنیا گەشت و سەیران نییە، بەڵكو زانست، هونەر و ناسنامەی نەتەوەیەكە.

 

Top