پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: پێویستمان بە ڕێبەری گەشتیاری هەیە كە لە فڕۆكەخانە و تێرمیناڵەكاندا بدرێتە گەشتیار تاكو ئاشنا بێت بە شوێنە گەشتیارییەكان
پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردیش گلۆپە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (گەشتوگوزار. پردی پەیوەندیی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان»، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆ چوونەكانی خستە ڕوو.
كەرتی گەشتوگوزار بەشێكی هەرە زۆری سرووشتییە و پەیوەستە بە جوگرافیا و هەڵكەوتەی ئەو ناوچەیەوە، لە هەمان كاتدا گەشەپێدراویشە و دەكرێت بەتایبەتی لە ئەمڕۆی جیهانی پێشكەوتوودا ناوچەی گەشتیاریی دەستكرد دروست بكرێت و ببێتە هۆی سەرنجڕاكێشانی هەزاران هەزار گەشتیار. ئەوەی گرنگە بۆ وڵات، بوونی ستراتیژ و پلانە، كە ئەم ستراتیژە هەبوو، ئیتر دەتوانرێت هەماهەنگی لەگەڵ كەرتە پەیوەندیدارەكانی دیكەی پەیوەست بە گەشتیارییەوە بكرێت، هەر لە كەرتی پەروەردە و ژینگە و شارەوانی و شوێنەوار و ڕاگەیاندن و بازاڕ و...هت د، چونكە ئەگەر وڵات بیەوێت كەرتی گەشتیاری گەشە بكات، دەبێت پەروەردە و زانكۆكان بەشی تایبەت و پڕۆگرامی تایبەتیان بۆ دروستكردنی كادری ڕێپیشاندەر و شارەزای بواری گەشتیاری هەبێت. دەبێت ئاگادار بێت، چۆن ژینگەیەكی تەندروست بەرهەم بهێنێت كە گەشتیارەكان تیایدا ئارام بن. لە هەمان كاتدا كەرتی وەبەرهێنان دەبێت لە پرۆژەكانی خۆیدا ڕەچاوی باشیی پڕۆژەی گەشتیاری و گونجانی ئەو پڕۆژانەی دیكە بكات، كە كەرتێكی گەشتیاریی باش بەرهەم دێنن، لە هەمان كاتدا دەبێت هاوكاری و پشتگیری هەبێت بۆ هەر پڕۆژەیەكی گەشتیاری كە گشتی بێت، یان كەسی، بە نموونە چەندین كەس هەن خاوەن باخ و ناوچەیەكی جوانن كە گونجاوە بۆ گەشتیاری، بەڵام پارەیان نییە بیڕازێننەوە، یان بیكەنە پڕۆژەیەكی باشی گەشتیاری، گرنگە هاوكارییان بكرێت بە شێوەی پێدانی سولفە و دواتر لێیان وەربگیرێتەوە. ڕاگەیاندن دەبێت لە خزمەت ئەم كەرتەدا بێت و بە بەرهەمی هونەری و جۆراوجۆر، كەرتی گەشتیاری بناسێنێت، دەكرێت بەرهەمە هونەرییەكانی وەك گۆرانی و فێستیڤاڵ و دراما و شانۆ لە ناوچە گەشتیارییەكان بكرێن و وەربگێڕدرێت بۆ زمانەكانی دیكە.
جگە لەوەی سۆشیاڵ میدیا و میدیای دیجیتاڵ و پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەكانی كارئاسانیی باشیان كردووە لە ناساندنی ئەم كەرتەدا، دەكرێت ئەپی تایبەت بە گەشتیارییش هەبێت و گەشتیار لە ماڵی خۆیەوە بتوانێت لە ڕێگەی ئەو ئەپەوە ناوچەی خۆش و شوێنی مانەوە و زانیارییەكانی تایبەت بە گەشتیاری بدۆزێتەوە، لە هەمان كاتدا پێویستمان بە ڕێبەری گەشتیاری هەیە كە لە فڕۆكەخانە و تێرمیناڵەكاندا بدرێتە گەشتیار تاكو ئاشنا بێت بە شوێنە گەشتیارییەكان. ئاسانكاری و گەرمیی پێشوازیی گەشتیاران و دابینكردنی شوێنی باشی حەوانە و پاراستی گیان و كەلوپەلەكانیان، هۆكارە بۆ ڕاكێشانی زۆرترین گەشتیار. دەكرێت لە بوودجەی ساڵانە بەشی گەشەپێدانی ئەم كەرتە تەرخان بكرێت. باشترین بژاردە لەم كاتەدا بۆ هەرێمی كوردستان كە خۆی ناوچەیەكی گەشتیارییە، لە هەمان كاتدا بەرنامەمان هەیە گەشەی زیاتری پێ بدەین، بوونی بۆردێكی هاوبەشی نێوان وەزارەت و فەرمانگە و كەرتە پەیوەندیدارەكانە بەم بوارە، كە پێكەوە ساڵانە بڕیار بدەن لەسەر چۆنیەتی گەشەپێدان و بەربەست و دەرفەت و تێچوونەكان و ئاستی ڕەزامەندی و بەرزی و نزمیی كێرڤی گەشتیاران و ڕێژەی هاتنیان، بەم شێوەیە نەبێت، ناتوانرێت خزمەتگوزارییەكی وا باش پێشكەش بكرێت، كە ئایندەیەكی باش بۆ ئەم كەرتە فەراهەم بكرێت. بەشی ناساندنی كەلتوور و ناسنامە دەبێت لە ناو ئەم كەرتەدا بەشدار بن، بۆ نموونە لە خواردن و جلوبەرگ و كاری هونەریی دەستڕەنگینی كوردی و ڕستن و چنین و بەرهەمە فۆلكلۆرییە خۆماڵییەكان، بە شێوەیەك برەویان پێ بدرێت، كە گەشتیاران بیبینن، بیكڕن و بیبەنەوە لەگەڵ خۆیان تاكو نەتەوەكانیتر بمانناسن. گەشەدان بە شوێنەوارە دێرینەكان، یان ئەو شوێنانەی مێژوویین و بەشێكن لە ناسنامەی ئەم خاك و میللەتە، دەبێت بخرێنە ناو ڕێبەری گەشتیارییەوە تاكو گەشتیارەكان سەردانیان بكەن.
