بێوار سندی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و بەبازاڕكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ: پێویستە نۆژەنكردنەوەی ڕێگەوبانەكان بەردەوام بێت و هاوسەنگییەكیش ڕابگیرێت لە نێوان پاراستنی ئاسایش و پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ گەشتیار

بێوار سندی  بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و بەبازاڕكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ:  پێویستە نۆژەنكردنەوەی ڕێگەوبانەكان  بەردەوام بێت و هاوسەنگییەكیش ڕابگیرێت لە نێوان پاراستنی ئاسایش و پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ گەشتیار

 

 كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان بە یەكێك لە پایە هەرە گرنگەكانی بووژانەوەی ئابووری دادەنرێت، كە خاوەنی سرووشتێكی دڵڕفێن و كەشوهەوایەكی لەبارە بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهانیشەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم كەرتە بتوانێت ڕكابەری بكات و بەردەوامی هەبێت، پێویستی بە دوو كۆڵەكەی سەرەكی هەیە، یەكەمیان: ژێرخانێكی بەهێزی ڕێگەوبان بۆ گەیشتن بە شوێنەكان، دووەمیان: سەقامگیریی ئەمنی و ئاسانكاری لە بازگەكاندا. لێرەدا زیاتر تیشك دەخەینە سەر واقیعی ئێستای ئەم كەرتە و ئاستەنگ و چارەسەرەكان.

یەكێك لە بنەما هەرە سەرەكییەكانی پیشەسازیی گەشتیاری لە جیهاندا، بوونی تۆڕێكی ڕێگەوبانی باش و سەلامەتە. ڕێگەوبان تەنیا ئامرازێك نییە بۆ گواستنەوە، بەڵكو بەشێكە لە ئەزموونی گەشتیارەكە. لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە ئیدارە سەربەخۆكان و دەڤەرە شاخاوییەكان، هەوڵێكی بەرچاو دەبینرێت بۆ برەودان بە شوێنە گەشتیارییەكان. تا ڕاددەیەكی باش ڕێگەوبانەكان لە ئاستێكی پەسەنددان، بەڵام ناكرێت چاوپۆشی لەوە بكرێت كە بەشێك لە ڕێگاكان بەهۆی سەختی كەشوهەوا، بارانبارینی زۆر و بەفری زستانەوە تووشی داخوڕان و تێكچوون بوون، كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر هاتووچۆی گەشتیاران دروست دەكات.

هەوڵەكانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەم ڕێگایانە بەردەوامە و زۆرێك لە پڕۆژەكان قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەكرێن. ئەمە هەنگاوێكی ئەرێنییە، چونكە كاتێك گەشتیارێك ڕوو لە ناوچەیەكی دووردەست دەكات، ئەگەر ڕێگاكە خراپ بێت و زیان بە ئۆتۆمبێلەكەی بگەیەنێت، نەك تەنیا گەشتەكەی لێ تێكدەچێت، بەڵكو دەبێتە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە بیر لە سەردانی ئەو شوێنە نەكاتەوە. بۆیە چاككردنی ڕێگای گوندەكان و كوێستانەكان و ناوچە سنوورییەكان، فاكتەرێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ بووژانەوەی گەشتیاریی وەرزی، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا كە خەڵكی ڕوو لە ناوچە فێنكەكان دەكەن.

لە پاڵ ژێرخانی ئابووریدا، لایەنی ئەمنی بە بڕبڕەی پشتی گەشتیاری دادەنرێت، هەرێمی كوردستان بەوە ناسراوە كە ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە لە ناوچەیەكدا كە پڕە لە ئاڵۆزی. زۆرێك لەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێم دەكەن، بەتایبەت بیانییەكان و یوتیوبەرە جیهانییەكان، سەرسامیی خۆیان بەو ئاستە بەرزەی ئارامی دەردەبڕن. ئەم دەستكەوتە بەرهەمی شەونخوونی و ماندووبوونی هێزە ئەمنییەكانە (پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس و پاسەوانی سنوور) كە توانیویانە ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشتیاران بڕەخسێنن.

لێرەدا پرسێك دێتە پێشەوە كە زۆرجار دەبێتە جێی گلەیی گەشتیاران، ئەویش زۆریی بازگەكان و ڕێكارە ئەمنییەكانە لە نێوان شارەكاندا. گەشتیاران هەندێك جار بێزار دەبن لە پرسیاركردن و داواكردنی بەڵگەنامە لە هەر بازگەیەكدا و وەك ڕۆتینێكی بێزاركەر دەیبینن. بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگیرێت كە ئەم ڕێكارانە لەخۆڕا نین. هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ناوچەیەكی جوگرافیی هەستیارەوە، بوونی سنوورە نێودەوڵەتییەكان و هەڕەشە ئەمنییەكان وای كردووە كە پشكنین و چاودێریی ورد پێویستییەكی سەرەكی بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و خودی گەشتیارانیش.

لەگەڵ دداننان بە گرنگیی ڕێكارە ئەمنییەكان، پێویستە بیر لە میكانیزمی نوێ بكرێتەوە بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین، بەتایبەتی بۆ گەشتیارانی بیانی و ئەوانەی لە دەروازە نێودەوڵەتییەكان و فڕۆكەخانەكانەوە دێن. یەكێك لە چارەسەرە پێشنیاركراوەكان ئەوەیە كە سیستەمێكی یەكگرتووی (باج، یان كارتی گەشتیاری) هەبێت، كاتێك گەشتیارێك دەچێتە ناو هەرێم و پشكنینی بۆ دەكرێت، كارتێكی تایبەتی پێ بدرێت كە لە بازگەكانی دیكەدا تەنیا بە نیشاندانی ئەو كارتە تێپەڕێت بەبێ ئەوەی پێویست بە پشكنینی دووبارە بكات. ئەمە هەنگاوێك دەبێت بەرەو مۆدێرنكردنی كەرتی گەشتیاری و هاندانی زیاتری خەڵك بۆ هاتنە ناو هەرێم.

لە كۆتاییدا، دەتوانین بڵێین ئایندەی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان گەشە، بە مەرجێك پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی ڕێگەوبانەكان بەردەوام بێت و بگاتە ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەكان، هاوكات هاوسەنگییەك ڕابگیرێت لە نێوان پاراستنی ئاسایش و پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ گەشتیاران.

 

 

 

Top