ڕاستی لە كردار و ڕەفتارە نەك قسە و گوفتار
(ئەحمەد بەهائەددین) نوسەر و ڕۆژنامەنوسی میسری دەڵێ"گەورەیی هەرگیز تەنها بەقسە كردن نییە، بەڵكو بە ڕەفتارە پێش هەموو شتێكی تر".
هەمیشە كردار و ڕەفتار و هەڵسوكەوتی مرۆڤ دەرخەری ڕاستی و ڕاستەقینەی پەیوەندییەكانن بە گشتیی هەر ئەوەش دەبێتە سەلمێنەری ڕاستگۆیی و خۆشەویستی نێوان كەسەكان و پەیوەندییەكان بە گشتیی لە نێوان كەسەكان و خێزان و كۆمەڵگە و پەیوەندییەكانی تری كار فەرمی و نافەرمی. بەڵام قسە و گوفتار هەرگیز نابێتە دەرخەری ڕاستگۆیی قوولی پەیوەندییەكان، چونكە قسە كردن ئاسانە ، بەڵام كردار ئەستەمە. وە هەرگیز ئەوانەی ڕاستگۆن لە كردار و هەڵسوكەوت ناتوانن نمایش و نواندنی پێچەوانە بكەن لە قسە و گوفتاریان. لە بیرمان نەچێت هەڵوێستەكانیش هەمیشە سەلمێنەری ڕاستی كردار و ڕەفتاری ڕاستەقینەن. لە هەمان كاتدا دەبێتە شەرمەزاری و شورەیی بۆ قسە و گوفتارە بەرژەوەندییە كاتییەكان ئەوەش دەوەستێتە سەر كەسایەتی و ڕەوشتی كەسەكان. دەبینین زۆر جاران قسە و گوفتاری بریقەدار هەڵخەلەتێنەری كاتین. بەڵام هەڵسوكەوت گەوهەر و بنچینەی ڕاستەقینەی مرۆڤ دەردەخات و نیەتپاكی و جێگیری كەسایەتی ڕەنگ دەداتەوە و بیروهزری مرۆڤیش دركی پێدەكات و كە هەردەم ڕەفتاری جێگیرو ڕاستگۆ بەڵگە و دەرخەری دڵسۆزین، نەك قسە و پیاهەڵدان و دڵ ڕازی كردنی مەبەستدار.
دەگێڕنەوە" جارێك پیاوێك لە ناو كۆمەڵێك خەڵكی تر كۆڕو سیمیناری بۆ دەكردن و قسە و ئامۆژگاری و نەسیحەتی دەكردن و زۆر بە زمانێكی باوەڕ بەخۆ بوو و لە سەرەخۆ و بەهێمنی قسەی بۆیان دەكرد و دەیگوت خەڵكینە پێویستە لە سەرمان لێبوردە و بەخشندەبین و لە یەكتر ببورین، ئەگەر لە یەكتر نەبوورین و چۆن دەتوانین داوا لە خودای گەورە بكەین لێمان خۆش بێت و بمانبورێت ئەگەر هاتوو ئێمە لە ناو خۆمان لە یەكترمان نەبووری و لە یەكتر خۆش نەبووین، وشە و قسەكانی سادە و ساكار بوون، بەڵام ڕاستییە ،وە خەڵكەكەی بەرامبەری زۆر بە گرینگیەوە گوێیان لێ گرتبوو شاگەشكەببوون وەكو بڵێی پیاوێكی دانا و زاناو ڕاست كردارە وا لە قسەكانیدا دەردەكەوت، قسەكانی كۆتایی پێهێنا ئامادەبووان پێی سەرسام بوون و دواتر لەگەڵ خێزانەكەی خۆی ڕۆیشتن و لە ڕێگای گەڕانەوەدا خێزانەكەی ئاوڕی لێدایەوە بە هێمنی گوتی شتێك هەیە دەمەوێ پێت بڵێم دەترسام باسی بكەم، بەڵام قسەكانی ئەوڕۆت هانی دام كە باسی بكەم بە زەردەخەنەیەوە گوتی خۆشەویستەكەم بۆم باس بكە و پێم بڵێ كەمێك ڕاما و دواتر گوتی من كاتژمێرە زێڕەكەی تۆم برد و فرۆشتوومە، چونكە پێویستیم بە پارەی زۆر هەبوو، وە هیچ چارەیەكی ترم نەبوو تەنها فرۆشتنی كاتژمێرەكەی تۆ نەبێت. لە ناكاو ڕەنگی ڕوخساری هەڵبزڕكاو و ئۆتۆمبێڵەكەی بە توندی وەستاند و بە توڕەییەوە پێی گوت و ئەوەتۆ چی دەڵێ؟ تەماشای كرد و گوتی بەڵێ پێویستم پێی هەبوو وە تۆش زۆر پڕ ئیش و كاری و دەرفەتت بۆ من نەبوو پێت بڵێم و هیچ ڕێگایەكی ترم لە بەردەم نەبوو ، هاواری بە سەردا كرد و گوتی وادەزانی لێت دەبورم و لێت خۆش دەبم ئەو كاتژمێرە هەر لە بنچینەدا هی تۆ نییە، بەڵام ئافرەتەكە هەرچەندە دەترسا و بەزەردەخەنەیەكەوە بە هێمنی و لە سەرخۆ گوتی تەنها ویستم تاقیت بكەمەوە ئایا دەتوانی لێم ببوری و لێم خۆشبی هەروەكو لە قسەكانتدا ئامۆژگاری ئەو خەڵكەت دەكرد پێش ماوەیەكی كەم. دڵنیابە و مەترسە كاتژمێرەكەت تا ئێستاش وا لە دەستی خۆتدایە و نەمفرۆشتووە، بەڵام شتێك بۆ خەڵك باس مەكە و لەخەڵكی داوا مەكە كە خۆت ناتوانی ئەنجامی بدەی و باوەڕت پێی نییە. دواتر تەماشای ڕێگای پێش خۆی كرد و گوتی بانگخوازبە بە ڕەوشت و كردارەكانت ،قسە لە سەر ئەو شتانە بكە لە ڕەوشت و كردار و هەڵسوكەوتی خۆت ڕەنگدەداتەوە و باوەڕت پێی هەیە پێش ئەوەی بە قسە دەرببڕی و بۆ خەڵكی باس بكەی. خەڵك بەدوای ئەو كەسانە ناكەون و بڕوا و متمانەیان بەو كەسانە نییە كە بە قسەی جوان و بریقەدار ئامۆژگاریان دەكەن، کە ئەوان لە كردەوەو ڕەفتارەكانیان پێچەوانەی قسەو گوفتاریان دەبینن.
زۆرن ئەو كەسانەی كەوا پێشبڕكێیانە بۆ ئەوەی ئامۆژگاری خەڵك بكەن و قسەیان بۆ بكەن لە هەر دەرفەتێک كە بۆیان بڕەخسێت، بەڵام لە بیریان دەچێ هەمیشە باشترین نەسیحەت و قسەكردن لەو ژیانە ئەوەیە كەوا كردار و ڕەفتارەكان چاكترین ئاوێنەی ڕاستگۆیین بۆ ئەو قسە و گوفتارانەی كە دەریان دەبڕن و باسیان دەكەن. لە كۆتاییدا لە بیرمان نەچێت هەمیشە هەڵسوكەوت و ڕەفتار و كردار ڕەنگدانەوەی بەها و بیرو هزری ڕاستەقینەن. بەڵام قسە و گوفتار تەنها و تەنها نمایش و خۆدەرخستن و دڵ ڕازی كردن و هەڵخەلەتاندنی بەرامبەرە بۆ مەبەستێكی دیاری كراو. بۆیە دەبێ هەردەم جەخت لە سەر ئەوە بكەینەوە كە ئەوەی بە كردار ئەنجام دەدرێ پێوەری ڕاستەقینەی هەموو هەست و سۆز و بیركردەوەكانن.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن