كاریگەریی زستان و سەرما لەسەر پێست
لە وەرزی زستاندا، ڕێژەی شێداریی هەوا و دەوروبەر دادەبەزێت، ئەمەش هاندەرێكی خێرا و كاریگەرە بۆ كەمبوونەوەی شێداریی پێست. لە لایەكی دیكەوە، بای سارد بەربەستی پاراستنی پێست لاواز دەكات و چەورییە گرنگەگانی پێست ڕادەماڵێت لەوكاتەی كە خودی گلاندەكانی دەردانی چەوری پێست لە مانگە كەم هەتاوەكانی زستاندا كەمتر چەوری دەردەدن، ئەمەش هاندەرێكی تری وشكبوونی پێستە. جگە لەمانە، گۆڕانی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان لە وەزری زستاندا لە سروشتیی چەوریی پێست دەگۆڕێت و هانی پەیدابوونی زیپكە دەدات، هەروەها كەمی هەتاو لە زستاندا هۆكارە بۆ كەمتر دروستبوونی ڤیتامین D كە گرنگی زۆری هەیە بۆ نوێبوونەوەی خانەكانی پێست. گرفتەكانی پێست كە پەیوەستن بە زستان و سەرما: وشكبوون و تفركردنی Flaking پێست، قڵیشانی لێوەكان، قڵیشانی پێستی دەستەكان، زیاد هەستیاربوونی پێست بە پاككەرەوە و ماددە كیماییەكان بە شێوەی سووربوونەوە و سووتانەوەی پێست، زیاد بەرجەستەبوونی هێڵ و لۆچەكانی پێست، هەروەها سەختتربوونی نیشانەكانی چەند حاڵەت و نەخۆشییەكی پێست بەتایبەتی ئەكزیما و نەخۆشیی سەدەف(Psoriasis).
