لە هەولێر رێوڕەسمی خوێندنەوەو بڵاوكردنەوەی كتێبی شیعری (لەگەڵ تیشكا هاتم) بەڕێوەچوو
دوای سازدانی مەراسیمێكی تایبەت لە زانكۆی سۆران,ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكەوتی 15/12/2025 لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو لە شاری هەولێر,رێوڕەسمی خوێندنەوەو بڵاوكردنەوەی كتێبی شیعری (لەگەڵ تیشكا هاتم) بەڕێوەچوو,كە ئەم كتێبە شیعرییە نوێترین بەرهەمی چاپكراوی نووسەر و هونەرمەندی شێوەكار(ئازا حەسیب قەرەداخی)یە,وە ئەم كتێبە كۆكراوەیەكە لە شیعرە نوێیەكانی ئەم نووسەرە.
كۆڕەكە لەلایەن یەكێتی نووسەرانی كورد لقی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆی جیهان بەڕێوەچوو,سەرەتا دكتۆر مستەفا زەنگەنە خوێندنەوەی خۆی دەربارەی كتێبە شیعرییەكە خستەڕوو و دواتر ئازا حەسیب قەرەداخی نووسەری كتێبەكە بەشێك لە شیعرەكانی نێو كتێبەكەی پێشكەش بە ئامادەبووانی كۆڕەكە كرد.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
