د. ڕێناس یاریدەدەری ڕاگری كۆلێژی زانست لە زانكۆی زاخۆ: پێویستە هەماهەنگییەكی پتەو هەبێت لە نێوان بازاڕی كار و ئەو كۆلێژ یان بەشانەی كە لە زانكۆدا دەكرێنەوە

د. ڕێناس یاریدەدەری ڕاگری كۆلێژی زانست لە زانكۆی زاخۆ: پێویستە هەماهەنگییەكی پتەو هەبێت لە نێوان بازاڕی كار و ئەو كۆلێژ یان بەشانەی كە لە زانكۆدا دەكرێنەوە

 

 

لە زانكۆكاندا بەرهەمی زانكۆ و قوتابیان و توێژینەوەكانیان تا ڕاددەیەكی باش كاریگەرییان لەسەر دەرەوەی كەمپی زانكۆ هەیە، ئێمە چەندین پڕۆژە وەك وۆركشۆپ، سیمینار و كۆنفرانس ئەنجام دەدەین و ڕوونی دەكەینەوە كە چۆن قوتابییانی دەرچوو، كاتێك تەخەڕوج دەكەن، دەتوانن لە كۆمەڵگەدا بە شێوەیەكی كرداری و پڕاكتیكی كار بكەن و كاریگەرییان لەسەر ئەو بۆشاییانە هەبێت كە پێویستە پڕ بكرێنەوە.

قوتابییانی دەرچوو پێویستە ڕاستەوخۆ بچنە ناو بازاڕی كار و دەست بە كار بكەن، بۆ ئەمەش پێویستە هەماهەنگییەكی پتەو هەبێت لە نێوان بازاڕی كار و ئەو كۆلێژ یان بەشانەی كە لە زانكۆدا دەكرێنەوە، دەبێت ئەو بەشانە بكرێنەوە كە بازاڕ پێویستی پێیەتی. بۆ نموونە لە بواری ئابووری یان گەشتیاریدا، دەبێت ئەو بوارانە دیاری بكرێن كە كەسانی شارەزا و لێهاتووی پێویستە. قوتابییەك كە تەخەڕوج دەكات دەبێت لەو بوارەدا (چ شوێنێكی گەشتیاری بێت، چ بانكێك بێت یان دامەزراوەیەكی حكومەت) زانیارییەكی باشی هەبێت و بتوانێت كارێكی كاریگەر ئەنجام بدات. بەم شێوەیە قوتابییان وەك بەرهەمی زانكۆ كاتێك دەردەچن كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە دەبێت.

سەبارەت بەو توێژینەوانەی كە لە زانكۆوە ئەنجام دەدرێن، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی لە نێوان دەزگا حكوومییەكان و زانكۆدا هەیە. بۆ نموونە ئەگەر قەیرانێك لەناو شاری زاخۆ، یان ناوچەیەكی دیكەدا هەبێت، دەبێت حكومەتی هەرێم، یان دەزگای پەیوەندیدار بێت و داوا لە زانكۆی زاخۆ بكات، لێكۆڵینەوەیەكی زانستی لەسەر ئەو قەیرانە ئەنجام بدەن و چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە. لێكۆڵەرەوەی زۆر باش لە زانكۆكانی وەك زانكۆی زاخۆ و كۆلێژی زانست هەن كە دەتوانن لەسەر ئەو قەیرانە پەیوەندیدارانە بە كۆمەڵگەوە، پڕۆژە و لێكۆڵینەوەیەكی باش و لۆژیكی بكەن. ئەم لێكۆڵینەوانە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر كۆمەڵگە دەبێت و حكومەتیش دەتوانێت سوودێكی زۆریان لێ وەربگرێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن و چارەسەركردنی كێشەكان. بە واتایەكی دی، زانكۆ نابێت تەنیا شوێنی تیۆر بێت، بەڵكو دەبێت ببێتە ناوەندێكی چارەسەركردنی كێشەكانی ژیانی ڕۆژانەی كۆمەڵگە.

 

Top