پ.د.ئاری عادل سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك: دەبێت گرنگییەكی زۆر بە خوێندنی پیشەیی و بەرهەمهێنانی كادری مامناوەندی بدەین بەمەش كێشەی بێكاریی بەشی زۆری لاوەكانمان چارەسەر دەبن
پ.د.ئاری عادل، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆكە و یەكێكە لە دەرچووانی وەجبەی یەكەمی كۆلێژی كشتوكاڵ و دارستانی زانكۆی دهۆك و لە ساڵی 2007 دكتۆرای لە توێكاری دار بۆ تەختە لە زانكۆی مووسڵ وەرگرتووە، لەم بوارەشدا زیاتر لە 11 توێژینەوەی بڵاو كردووەتەوە. لە بواری كاری حكوومیدا پێشتر سەرۆكی بەشی دارستان بووە لە كۆلێژی كشتوكاڵ و دارستانی زانكۆی دهۆك و ئەندامی ئەنجومەنی وانەگوتنەوەی زانكۆی دهۆك بووە و بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرۆكی ئامۆژگای ئاراراتی تایبەت بووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە)، بەمجۆرە دیدو تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو:
سەرەتا زۆر سوپاسی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە ئەم گفتوگۆ گرنگەی لەسەر «خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە» ڕێكخستووە. گرنگیی ئەم گفتوگۆیە و بەشداریی ئەم لایەنە پەیوەندیدارانە كە هەموو لایەنەكانی تایبەت بە خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، ئەوەیە كە ئەم گفتوگۆ و پێشنیارانە دەگەنە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئێمە و ئومێد دەكەین كاری پێویست لەسەر پێشنیار و ڕاسپاردەكان بكرێت.
پێشتر لەوانەیە لەسەر ئاستی ئەكادیمی كۆبوونەوەمان كردبێت و گفتوگۆمان لەسەر كێشەكانی خوێندنی باڵا كردبێت، بەڵام ئێمە لەو كۆبوونەوانە تەنیا كێشەكانمان دیاری كردوون و دەستمان لەسەر برینەكان داناوە، بەڵام هەوڵمان نەداوە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو كێشانە بدۆزینەوە، بۆیە لەم گفتوگۆیەدا هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن بەوەی گفتوگۆیەكی زۆر ڕاشكاوانە بكەین، بۆ ئەوەی چارەسەری گونجا و پێشنیاری دروست بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە بخەینە ڕوو.
بۆ ئەم گفتوگۆیە، ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ، چەند پرسیارێكی زۆر گرنگ و هەستیاریان ئامادە كردبوو كە بۆیان ناردبووم كە پرسیبوویان «دەتوانین چی بكەین بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا گەشە بكات؟» ئەم پرسیارە كە چەند وشەیەكە، بەڵام ماناكەی زۆر گەورەیە لەبەر ئەوەی دەپرسێت: دەتوانین چی بكەین؟ بۆیە زۆر گرنگە ئێمە هەموومان كە لەم گفتوگۆیە بەشدارین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە و دەتوانین چی بكەین، وەك خۆی بیخەینەڕوو .
بەڕێزان د.ئەمیر چالی بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و د.یاسین ساڵح بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان لەگەڵ من ئەندامی لێژنەیەكن، خۆشبەختانە هەردووكیشیان لەم گفتوگۆیە لەگەڵمان ئامادەن، ئەوان گەواهیدەری ئەوەن چەند كێشەمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە، زۆر جار لەسەر ئەو كێشانە دەتوانم بڵێم جۆرێك بە شەڕ هاتووین.
لەناو پرسیارەكانی بازنەی گفتوگۆ هاتووە «چۆن خوێندنی باڵا بكەین بە وەرشەیەك كە تیۆرەوە بیگۆڕین بۆ پراكتیك و زانكۆكانمان بكەینە ئامرازێك كە كادرە دەرچووەكانمان لەو ئاستەدا بن، گۆڕانكاری لە كۆمەڵگە و بازاڕی كاری كوردستاندا دروست بكەن؟
ئێمە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك و لە چوارچێوەی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم و لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەكانی ڕێزدار سەرۆكی حكومەت، پرۆپۆزەڵێكمان سەبارەت بە دووبارە گرنگیدان بە «خوێندنی پیشەیی» پێشكەش كردووە، ماوەی چوار ساڵە وەك هەوڵی كەسی خۆم هەموو هەوڵەكانم خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی دووبارە خوێندنی پیشەیی بە بایەخەوە بگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی دووبارە بونیادنانەوەی كادری مامناوەند بە ڕێگەی خوێندنی پیشەیی دروست بكەینەوە و، مەبەستمانە زانكۆی پۆلیتەكنیك بكەینە بنكەیەك بۆ بەرهەمهێنانی كادری مامناوەندی پیشە دەستییەكان و بیانخەینە ناو بازاڕی كارەوە، ئەمەش بۆ هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی كۆمەڵگە وەك بوارەكانی «فیتەری، میكانیك، كارەبا، تەندروستی و...هتد». ئەگەر ئەم كارە بكرێت، دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر و كێشەیەكی گەورەی زۆربەی گەنجانی ئێمەش چارەسەر دەكات، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە لەسەر ئاستی خوێندنی باڵا هەنگاوی وەك پێویست بۆ هەڵنەگیراوە و هەست دەكرێت دەستێك هەیە بەئەنقەست ئاستەنگ بۆ ئەم كارە دروست دەكات، ئەمەش وەك پێش منیش ئاماژەیان پێكرد، نەرێتێكی زۆر خراپ لە ماوەی 35 ساڵی ڕابردوو لە كوردستان دروست بووە، بەوەی دەبێت گەنجەكانی ئێمە هەمووی بچنە زانكۆ و بڕوانامەی بەكالۆریۆس وەربگرن و پاش ئەوەی خوێندیش تەواو دەكەن، ئامادەش نین هەموو كارێك بكەن. ئەمە دیاردەیەكی زۆر مەترسیدارە بەتایبەتی كە كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی گەنجە و ساڵ لە دوای ژمارەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەسەر یەك كەڵەكە دەبن، ئەمە ئەگەر چارەسەر نەكرێت، هەمووكات مەترسیی ئەوەی لێدەكرێت وەك بۆمبێكی كات بۆ دانراو بتەقێتەوە. بۆیە ئەم پرسە دەبێت بگەیەندرێتە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویستی لەسەر بگرێتەبەر.
بۆ سەرخستنی دووبارە بایەخپێدان بە «خوێندنی پیشەیی» ئێمە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك «وەرشە»یەكی نموونەیمان هەیە، بۆیە ئەگەر خوێندنی پیشەیی دووبارە دەست پێبكەینەوە، كێشەی گەورە نایەتە ڕێمان بۆ ئەوەی وەرشەیەكی نموونەیی دروست بكەین، بەڵكو وەرشەكەمان هەیە، بۆیە ئەگەر هاریكارییەك لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دروست بكەین، لەبەر ئەوەی ئەوانیش وەرشەی زۆر باش و ڕاهێنەری «Training»ی زۆر باشیان هەیە، دەتوانین سوودێكی زۆر گەورە بە قوتابیانی خوێندنی پیشەییەكان بگەیەنین.
خاڵێكی دیكە كە پێویستە لەم لایەنەوە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە ئایا چ میكانیزمێك بگرینە بەر بۆ خوێندنی باڵا كە وەك دامەزراوەیەكی نیشتمان بە كەرتی تایبەتەوە گرێی بدەینەوە؟ ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگە بەتایبەتی كە لەسەر ئاستی وەزارەت بۆردێك دروست كرابوو بە ناونیشانی بۆردی ڕاوێژكاری پیشەسازی «Industry Advisory Board» بۆ ئەوەی خەڵكی خاوەن بەرژەوەندی، خاوەن پیشە، وەبەرهێنەر ون كۆمپانیاكان بێن لەگەڵ وەزراەتی خوێندنی باڵا لەو بۆردە ڕاویژ بكەین، بۆ ئەوەی ڕێژەیەك لە دەرچووانی زانكۆكان دەرەفەتی كاریان بۆ بدۆزینەوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا پێشنیاری من ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان مەرج لەسەر كۆمپانیاكان دابنێت بۆ ئەوەی هەلی كار بە ڕێژەیەكی گونجاو بداتە گەنجە دەرچووەكانی ئێمە، لەمەشدا تایبەتمەندیی كۆمپانیاكان جیاوازن، بۆ نموونە دەرچووانی ئای ت،ی یان پیشەكار و وزە، دەبێت بە ڕێگەی كۆمپانیاكان دەرفەتی كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ ئەمەش حكومەت دەتوانێت بە ڕێگەی كەمكردنەوەی باج لەسەر كۆمپانیاكان، یان بە هەر ڕێگەیەكی دیكە بێت، دەبێت كۆمپانیاكانی كوردستان ببنە سەرچاوەی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجانی دەرچووی زانكۆكانی كوردستان.
كێشەیەكی دیكەی سێكتەری خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی كوردستان، شێوازی ئەو توێژینەوانەیە كە لەسەر پرسە جیاوازەكان لە بەشە زانستییەكانی زانكۆكان دەكرێن. ڕاشكاوانە دەڵێم ئامانجی سەرەكی لەسەر بەشی هەرە زۆری ئەو توێژینەوانە تەنیا بۆ ئەوەن خاوەن توێژینەوەكە پلەی زانستیی خۆی پێ بەرز بكاتەوە، نەك كێشەیەكی كۆمەڵگەی خۆمان بە ڕێگەی ئەو توێژینەوانە چارەسەر بكەین.
لایەنێكی دیكە بابەتی داهات و دارایی زانكۆكانی كوردستانە، بێگومان ئەو داهاتەی زانكۆكان پەیدای دەكەن بەو جۆرە دانراوە 70% بۆ زانكۆكان بێت و 30% بدرێتە حكومەت، بەڵام ڕێژەی ئەم 70% نادەنەوە بە زانكۆكان، بەڵام ئەمساڵ سوپاس بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی بە یەك وەجبە بڕی 900 ملیۆن دینارمان بۆ خەرج بكات و بەم پارەیە توانیمان شایستەی مامۆستاكانمان بدەین، بەڵام پێویستیی زانكۆكان تەنیا شایستەی دارایی مامۆستاكان نییە، بەڵكو چەندین پێداویستیی دیكەی ژێرخانی زانستی و تاقیگەكانمان هەیە كە دەبێت بە داهاتی زانكۆ چارەسەریان بكەین.
دوایین خاڵ كە دەمەوێت هەڵوەستەی لەسەر بكەم، ئەویش بایەخی پرسی نەتەوەییە، هەموو لایەك ئەو ڕاستیە دەزانن، سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەكانمان گەنجانی ئەمڕۆمان وەك گەنجانی پێشوو نین، لە ئێستادا بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و تۆڕەكانی سۆشیال میدیا هەستی نەتەوەییان زۆر لاواز بووە، بەڕاستی ئێمەش لە چارەسەكردنی ئەم پرسە لە ئاستی حكومەت و حزب كەمتەرخەم بووین و دەبێت هەوڵەكانمان بخەینە گەر و ڕێگە چارەیەك بدۆزینەوە. ئێمە وەك زانكۆی پۆلیتەكنیكی بە هاوكاری لەگەڵ بەشی ڕێكخستنی پارێزگای دهۆك ڕاپۆرتێكمان ئامادە كردووە و لەو ڕاپۆرتەدا گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت لە پرۆسەی خوێندنەوە دەستی پێبكەین، بۆ ئەمەش زۆر گرنگە بابەتێك بە ناوی «ڕۆشنبیریی نەتەوەیی» لەسەر ئاستی پڕۆگرامەكانی خوێندنی ئامادەیی و زانكۆكان زیاد بكرێت، ئەم بابەتەش دەبێت بابەتێكی سەرەكیی پڕۆگرامی خوێندن بێت و لەلایەن مامۆستای پسپۆڕەوە بگوترێتەوە و وەك ماددەیەكی سەرەكی بخرێتە ناو تاقیكردنەوەی كۆی پڕۆگرامەكانی خوێندن، ئەم پرسە ئەگەر بایەخی زۆر گرنگی پێنەدرێت و هەوڵەكان چڕ نەكەینەوە بۆ بەهێزكردنەوەی هزری نەتەوە، دەبێتە دیاردەیەكی مەترسیدار لە ناو نەوەكانی داهاتووماندا.
