پ.د.هیمداد حوسێن مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان: حزبەكان بە تەزكیە كەسانێك لە بەشە زانستییەكانی زانكۆكان فەرز دەكەن كە ئەو توانایەیان نییە شایستەی ئەو پۆستە بن و بەسەركەوتوویی بەڕێوەی بەرن
پ.د.هیمداد حوسێن، پڕۆفیسۆرە لە بەشی كوردیی كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی سەڵاحەددین / هەولێر و سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كوردستانە. لە ساڵی 1995 بڕوانامەی ماستەری بە ناونیشانی «ڕۆڵی گۆڤاری هیوا لە پێشخستنی هونەرەكانی ئەدەبی كوردی» وەرگرتووە و لە ساڵی 2001یش بڕوانامەی دكتۆرای بە ناونیشانی «ڕۆژنامەنووسی كوردی سەردەمی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە 1942-1947» وەرگرتووە. ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە مامۆستای زانكۆیە و سەرپەرشتیی زیاتر لە 25 نامەی ماستەر و 15 نامەی دكتۆرای كردووە، لەبواری نووسینیشدا هەتا ئێستا خاوەنی 45 كتێبە لە بوارە جیاوازەكانی ئەدەبی كوردی و وەرگێڕانی ڕۆمانە جیهانیەكاندا، لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە)، بەمجۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو.
دەستخۆشی لە بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە، هەروەها دەستخۆشی لە برای بەڕێزم د.سالار عوسمان دەكەم كە توانیویەتی بە ڕێگەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن جێگە پەنجەی بە بەرەوپێشبردنی بواری ڕۆشنبیری و بوارەكانی دیكەی كەلتووری لە كوردستان بەگشتی و لە شاری هەولێر زۆر بە باشی دیارە، بۆیە بۆ ئەم جۆرە كۆڕ و كۆبوونەوانەش دیسان ئەمەش هەوڵێكی دیكەیە بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە لە نزیكەوە ئاگامان لەیەكتری بێت و دید و تێروانیەكانی خۆمان بە ڕاشكاوی دەرببڕین.
كاتێك دێینە سەر ئەوەی باسی سێكتەری خوێندنی باڵا بكەین، بە ڕاستی نازانین لە كوێوە دەست پێبكەین، لەبەر ئەوەی ئێمە ڕۆژانە ئەو هەموو كەموكورتییانە دەبینین كە لەم سێكتەرەدا لەسەر یەكدی كەڵەكە بوون. من كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە لەم سێكتەرە كار دەكەم و ئێستا پڕۆفیسۆرم لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی سەڵاحەددین / هەولێر، سەرپەرشتیی زیاتر لە 25 نامەی ماستەر و 15 نامەی دكتۆرام كردووە، كاتێك دێینە سەر ئەوەی بە ڕاشكاوی باس لە كەموكورتییەكانی ئەم سێكتەرە گرنگە بكەین، لەوانەیە زۆرمان نەوێرین دەست بخەینە سەر برینەكە، یان بە لامانەوە «بڤە» بێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە.
لە باری واقیعیشدا بمانەوێت، یان نەمانەوێت، ئێستا لە سێكتەری خوێندنی باڵادا دەستتێوەردانی سیاسی ڕۆڵێكی كاریگەر دەگێڕێت لە دەستنیشانكردنی كەسانی پسپۆڕ و شایستە لە شوێنی گونجاوی خۆیاندا. تایبەتمەندیی من ئەدەبی كوردی و ڕۆژنامەنووسییە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەتا ئێستا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكان نووسین بڵاو دەكەمەوە و هەتا ئێستا 45 كتێبی چاپكراوم هەیە، بەڵام تەنیا وەك پڕۆفیسۆر مامۆستام لە كۆلێژی پەروەردە، پێشتر دەمانخوێندەوە هەر بۆ نموونە كەسایەتییەكی دیاری وەك تەها حوسێن لەژێر ناوەكەی نووسرابوو «ڕاگری كۆلیژی ئاداب لە زانكۆی قاهیرە»، دانانی ئەم كەسایەتییە گەورەیە مانای ئەوەیە لەو وڵاتە لەسەر ئاستی وڵاتێكی گەورەی وەك میسر و وڵاتانی عەرەبی بەرنامە و پڕۆگرام و خوێندنەوە بۆ بەهای كەلتوور و ئەدەب لە ئاستێكی بەرزدا بایەخی پێدراوە.
بەداخەوە ئێستا لە كوردستان لەو دوو شوێنەی پێی دەگوترێت «زۆنی زەرد و زۆنی سەوز»، كە هیوادارم ئەم قسانەم نەكەوێتە چوارچێوەی توانجی سیاسی، هەردوو دەگەڕێن بە پێوەری بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان گەنجێكی تازەدەرچوو دەهێنن و بە تەزكیە دەیكەنە سەرۆكی فڵانە بەشی زانستی، هەر بۆ نموونە ئێستا لە بەشی كوردیی زانكۆی سەڵاحەددین سەرۆكی ئەم بەشە، من لە بەكالۆریۆس، ماستەر و دكتۆرا وانەم پێگوتووە، ئەمە هەر بۆ نموونە ئاماژەی پێدەكەم و مانای وایە حزب بە تەزكیە كەسانێك لە بەشە زانستییەكان فەرز دەكات، كە ئەو توانایەیان نیە كە شایستەی ئەو پۆستە بن و بە سەركەوتوویی بەڕێوەی بەرن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەوەیە كە دەستتێوەردانەكانی حزب لە سێكتەری خوێندنی باڵا كاریگەریی نەرێنی دروست كردووە.
لایەنێكی دیكە كە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئاستی پاشەكشەی خوێندنی باڵا لە كوردستان، من ماوەی پێنج ساڵ سەرۆكی یەكسانكردنی بڕوانامە بووم لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەلایەن ڕێكخراوی یونسكۆ پۆلێنبەندیی زانكۆكانی جیهان «rank university in the world»مان بۆ دەهات، كە ئاماژەی دەكرد بەوەی ئەم دوو هەزار زانكۆیە لەسەر ئاستی جیهان پۆلێنبەندیان بەرزە و لەو ئاستەدان كە بتوانن لەسەر ئاستی هەموو زانستە سرووشتی و مرۆڤایەتییەكان توێژینەوەی زانستی بكەین. ئەگەر لەم پۆلێنبەندییەوە سەیری ئاستی زانكۆكانی كوردستان بكەین، دەبینین ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە پۆلێنبەندیی 6تا 7 هەزار زانكۆكانی جیهان بوونیان وەك لە سلێمانی دەڵێن «ناوی لە كوولەكەی تەڕیشدا نییە»، بۆیە ئێمە دەبێت زۆر ڕاشكاوانە ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین بۆچی گەیشتینە ئەم بارودۆخە نا تەندروستە؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش هەر پەیوەندی بە دەستتێوەردانی سیاسی و بەكارهێنانی سێكتەری خوێندنی باڵایە لەلایەن حزبەكانەوە وەك ئامرازێك بۆ بەرژەوەندیی حزبی. لێرەدا ئەگەر هەڵوەستەیەك لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بكەین، لەكاتی هەڵبژاردندا سەرۆك و بەرپرسانی حزبەكان سەردانی ناحییەك، یان قەزایەك دەكەن و دەپرسن داواكاریتان چییە؟ لە وەڵامدا دەڵێن زانكۆ، یان كۆلێژێكمان بۆ بكەنەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە قەزایەك كە ژمارەی دانیشتووانی 10 هەزار كەس تێپەڕ ناكات، كردنەوەی زانكۆ، یان كۆلێژی بۆ چییە؟ بە ڕاستی ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە شكۆی زانكۆ بێتە خوارەوە. ئەوانەی كە هاوتەمەنی ئێمەن دەزانن، لە ساڵانی هەشتاكاندا شكۆی زانكۆی كوردستان لە چ ئاستێكی بەرزدا بوو، هەر بۆ نموونە لەساڵی 1981 كە زانكۆی سلێمانی گوازرایەوە بۆ هەولێر، من هەر ئەو ساڵە گەیشتمە قۆناغی زانكۆ، بڕوا بكەن، بەپێی نمرەكانم من كۆلێژی یاسا لە زانكۆی بەغدا وەریگرتبوو، بەڵام لە خۆشەویستیم بۆ زانكۆی هەولێر، وازم لە كۆلێژی یاسا هێنا و پێشكەشی بەشی كوردیی زانكۆی سەڵاحەددینم كرد.
سەرنج بدەن ئەوكات لەناو ژینگەی زانكۆ جۆرێك لە تێكەڵاویی كەلتووری و ڕۆشنبیری لە نێوان دەڤەرە جیاوازەكانی كوردستان دروست دەبوو، زیاد لەمەش قوتابیانی عەرەب و ئەو قوتابیانەشی لە وڵاتانی دیكەی عەرەبی بە زەمالە دەهاتن لە زانكۆكانی عێراق دەیانخوێند، بە ڕاستی ئەمە ببووە فاكتەرێك كە زانكۆ ناوەندێك بێت بۆ تیكەڵاویی كەلتوور و ڕۆشنبیرییە جیاوازەكان، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە لە هەموو قەزایەكی كوردستان زانكۆیەك هەیە، بەبێ ئەوەی دیراسەتی ئەوە كرابێت، سوودی ئەم زانكۆیە چییە؟ دەتوانێت چی پێشكەش بكات؟ یان گرووپێك كۆدەبنەوە و دەڵێن با زانكۆیەكی دیكە بكەینەوە، بەڵام كەسێك نییە پێیان بڵێت تۆ قۆناغی خوێندنی بەكالۆریۆست لە پاشەكشەدایە زانكۆی چی دەكەیتەوە؟ زۆر بە ڕاشكاوانە دەڵێم سیاسەتی حزبەكان گەیشتووەتە ئاستی ململانێی یەكتری، هەر بۆ نموونە ئەگەر لە زۆنی زەرد زانكۆیەك بكرێتەوە، ئەوا دەبێت لە زۆنی سەوزیش زانكۆیەكی دیكە بكرێتەوە و بە پێچەوانەشەوە، ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئەگەر لە زۆنێك، ناحییەك بكرێت بە قەزا، دەبێت لە زۆنەكەی دیكە قەزایەك دروست بكرێت.
سەربەخۆیی ئابووری بۆ زانكۆكان، ئەمەش یەكێكە لە خاڵە گرنگەكان، ئێستاش پشتیوانیی ئەو بۆچوونە دەكەم كە دەبێت زانكۆ سەربەخۆییەكی ئابووریی دیاریكراوی خۆی هەبێت. بەڕێز د.عیسمەت محەمەد خالید، كە لەم گفتوگۆیە لەگەڵمان دانیشتووە، هەموو سەروەت و سامانی خۆی كرد بە قوربانیی ئەو حەز و خۆشەویستییەی بۆ شارەكەی هەیبوو، ئەویش دامەزراندنی زانكۆی دهۆك بوو، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی ئابووری چ ڕۆڵێكی گرنگ لە پێشخستنی زانكۆ دەبینێت. لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەرنجی كۆلیژی پەروەردەی زانكۆی سەڵاحەددین بدەین، دەبینین ئێمە بینایەمان نییە، شوێنێكی شایستەمان نییە مامۆستاكانی زانكۆ لێی دابنیشن، بەڵام هەروەك نموونە ساڵی پار زانكۆی سنە داوایان لێكرم، ماوەی هەفتەیەك سەردانیان بكەم و وانە بە قوتابیانی بەكالۆریۆسی بەشی كوردیی ئەو زانكۆیە بڵێمەوە. لەوێ سەرنجم دا، خەریكی دروستكردنی بینایەكی گەورەن، منیش لە ڕاگری كۆلیژەكەم پرسی ئەو بینا تازەیە بۆ چ مەبەستێك دروست دەكەن؟ گوتی: بینایەی كۆلیژی ئێستامان وەك پێویست گونجاو نییە و مامۆستایانی ئەم كۆلیژە شوێنی شیاویان نییە و چەند مامۆستایەك پێكەوە لە ژوورێك دادەنیشن، بۆیە دەمانەوێت لەم بینا گەورەیە شوێنی شایستە بۆ مامۆستایانی خۆمان دابین بكەین و هەر مامۆستایەك ئۆفیسێكی تایبەت و شایستەی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت خەریكی توێژینەوە و ئامادەكردنی قوتابیانی ماستەر و دكتۆرا بێت و قوتابیانی بەكالۆریۆسیش سەردانی بكەن و گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستاكانی خۆیان بكەن.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر بەراوردی بەشی كوردیی كۆلیژی پەروەردەی زانكۆی سەڵاحەددین بكەین، بڕوا بكەن مامۆستامان هەیە نەك ژووری خۆی، بەڵكو مێز و كورسی نییە و هەر ڕۆژەی لای مامۆستایەك دادەنیشێت. بۆیە ڕاشكاوانە دەڵێم بە تێڕوانینی من مامۆستایانی زانكۆی سەڵاحەددین لە تێكڕای مامۆستایانی زانكۆكانی دیكەی كوردستان مەغدورترن، تەنانەت ئەو زانكۆ و كەمپانەی كە تازە دروست كراون، كاتێك سەردانیان دەكەین بەخیلییان پێدەبەین، لەمەش زیاتر مەزندەی ئەوە دەكەن كە مامۆستایانی زانكۆی سەڵاحەددین هەتا ئێستا پارەی موحازەرەی دوو ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە، پارەی گفتوگۆی تێزی ماستەر و دكتۆرا و...یان وەرنەگرتووە. قسەیەك هەیە دەڵێت «ئەگەر زانستت دەوێت،دەبێت دەستكراوە بیت».
لایەنێكی دیكە كە لەم ڕۆژانە لە كۆبوونەوە باسمان كرد، پرسیاری ئەوەمان كرد، ئایا ئەوە ماقووڵە كتێبخانەكەمان داخراوە، لە كاتێكدا كتێبخانە ڕۆحی زانكۆیە؟ ڕۆژانە قوتابیانی قۆناغی چوارەم بۆ پڕۆژەی توێژینەوە پێویستیان پێدەبێت. سەرۆك بەشەكەمان بە بێ منەتییەوە دەڵێت كەیفی خۆیانە با بڕۆن لە ئینتەرنێت سەرچاوە پەیدا بكەن. لەو زانكۆیانەی لە دەرەوەی وڵات سەردانم كردوون، قوتابیان دوای تەواوبوونی موحازەرەكانیان دەچنە كتێبخانەكان و بۆ نموونە لە زانكۆی بەرلین بینیومە قوتابی هەتا سەعات 10ی شەو بە دوای سەرچاوە و زانیاریدا دەگەڕێن، بەڵام لای ئێمە لە كاتژمێر 12ی نێوەڕۆ دەڵێت: «مامۆستا دەبێت بڕۆمەوە لەبەر ئەوەی پاسەكە هاتووە بەدوامدا».
خوێندنی باڵا بە پارە بەڕێوە دەچێت، بۆ نموونە خوێندكارێك پێویستی بە سەفەر هەیە، بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوە لە وڵاتێكی ئەوروپا، یان دەوروبەری ناتوانرێ ئیفاد بكرێ بۆ ئەو مەبەستە، یان مامۆستایەك حەزی ئەوەی هەبێت بڕوات پۆست دكتۆرا بخوێنێت، تا چەند پشتگیری دەكرێت؟ بە كورتی ئەوانەی پلانداڕێژەری بەرنامەی نەتەوەسازین و بیر لە ئایندە و دواڕۆژی وڵات دەكەنەوە، دەبێت ئاوڕێكی جددی لەو كیماسییانە بدەنەوە و هەموو جارێك بە بیانووی قەیرانی دارایی مەسەلەكە نەخەن بە لادا. خۆ ڕەنگە داڕشتنەوەی پلانی خەرجكردنیش بە شێوەیەكی باشتر بەشێكی ئەو سەفەرانەی بە ناوی پەیوەندیی زانستییەوە دەكرێن و خەرجكردنی پارە بۆ دیمەن و ڕوخسار دەرەوەی دار و دیوارەكان كەم بكرێنەوە.
یەكێك لەو قوتابیانەی لە زانكۆی سەڵاحەددین قۆناغی بەكالۆریۆسی بەدەستهێنا، بۆ خوێندنی باڵا چووەتە وڵاتانی پۆلنیا و ڕووسیا، باس لەوە دەكات كاتێك قوتابییەكی خوێندنی باڵا داواكارییەك پێشكەشی سەرۆكی بەشەكەی دەكات، بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوە، بۆ نموونە سەردانی زانكۆی سۆربۆن بكات لە پاریس، ڕاستەوخۆ سەرۆكی بەشەكە پارە بۆ خوێندكارەكە تەرخان دەكات، بۆ ئەوەی بچێت بۆ ئەو زانكۆیە و كارەكانی خۆی تەواو بكات، بەڵام لای ئێمە خوێندكار ناچار دەكەین وانەی زیرەكیی دەستكرد بخوێنێت، بەڵام پێداویستییەكانمان بۆ دابین نەكردووە، مەزندە دەكەن ئێمە خوێندكارمان هەیە مۆبایلێكی تەقلیدی مۆدێل كۆنی «نازیرەك»ی پێیە، لابتۆپی نییە، لەناو زانكۆ هێڵی ئەنتەرنێتی فری نییە، باشە تۆ چۆن وانەی زیرەكیی دەستكردی بۆ باس دەكەیت، كە ئەو ئاگاداری پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا نییە؟
خاڵێكی دی كە دەمەوێت جەختی لەسەر بكەمەوە، پرسی پڕۆگرامەكانی خوێندنی زانكۆیە، ئێستا پرۆسێسی بۆلۆنیا فەرز كراوە كە مامۆستا و بەشەكان بە دەستیەوە هەراسان بوون و توانای جێبەجێكردنی زۆر ئەستەمە بەو توانا ماددی و بارودۆخەوە كە ئێستا لەئارادایە لەو پڕۆگرامانەی، كە ئێستا بەردەستە چۆنیەتی بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكردە. بەڵێ ڕۆیشتن لەگەڵ ڕەوتی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژی پێویستییەكی مۆدێرنێتەیە، بەڵام ئایا تا چەند ئامادەكاری بۆ كراوە و كۆمەڵگە لە ڕووی هۆشیارییەوە ئامادە كراوە؟ ئەمە جۆرێك لە ناسەقامگیری لە پڕۆگرامی خوێندنی باڵا دروست كردووە و دەبێتە فاكتەرێك بۆ پاشەكشەی بەردەوامی ئەم سێكتەرە گرنگە كە سێكتەری خوێندنی باڵایە. مەزندە دەكەن، ئێمە خوێندكارمان هەیە مۆبایلێكی تەقلیدی مودێل كۆنی «نازیرەك»ی پێیە، لاپتۆپی نییە، لەناو زانكۆ هێڵی ئەنتەرنێتی فریی نییە، باشە تۆ چۆن وانەی زیرەكیی دەستكردی بۆ باس دەكەیت، كە ئەو ئاگاداری پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا نییە. ئەمە سەرباری ئەوەی دەبێ لەو تەمەنە مەبەست لە بەكارهێنانیشی ئەوەندەی دی كێشە نەنێتەوە و لە ئاكامە خراپەكانی ئاگادار بكرێنەوە. زۆربەی سەرۆك زانكۆ و بەرپرسەكان جەخت لە خاڵێك دەكەنەوە،ئەویش ئەوەیە ئێمە دەبێ بە پێی پێویستیی بازاڕ خوێندكار ئامادە بكەین. ئەم بۆچوونە تا ڕاددەیەكی زۆر نادروستە. لەبەر ئەوەی دەبێ هەموو بەشە زانستە مرۆڤایەتییەكان پەراوێز بخرێن، یان دابخرێن. چونكە دەرچووی بەشەكانی كۆمەڵناسی و فەلسەفە و زمانەكانی چینی و ئەڵمانی و فارسی و...هتد دەبێ كە تەواوی دەكەن لە داهاتوودا تا چەند بازاڕ پێویستی پێیەتی یان نییەتی، تەنانەت بەشی زانستییەكانیش زۆریان دوای تەواوكردنی خوێندن لە بازاڕ كاریان دەست ناكەوێت و كەرتی تایبەتیش وەریان ناگرێت. هەر بۆ خۆشیش ئەوە دەڵێم ئەوەندەی ئەدەبیات و كەلتوور ئێمەی بە دنیا ناساندووە، فیزیا و كیمیا و ئەندازەی شارستانی ئێمەی بە دنیا نەناساندووە. چەند ئەندازیار و فیزیازان و ئەوانی دی لە جیهاندا دەركەوتوون و داهێنانی گەورەیان پێشكەش كردووە؟ بێگومان تاك تاك و زۆر بە دەگمەن. ئەوەندەی گەورە شیعر و موزیك و ئەدەبیات كوردی بە جیهان ناساندووە، لە لای میللەتانی دیكەش هەروایە ئەوەندەی رۆسۆ و دیكارت و ماركیز و دستۆیڤسكی دەناسین، پێنج ماتماتیكزان و كیمیازان ناناسرێن. ئەوەندەی پێوەندی بە تەوەرەی بازنەی گفتوگۆكەوە هەیە، نەتەوەسازی بە هزر دەكرێت، ئەویش زادەی كلتوور و ئەدەب و فەلسەفەوە هەیە كە دواجار مۆدێرنێتەی لێ خوڵقاوە.
من شانازی بە زانكۆكەمەوە دەكەم، كە هەموو تەمەنم لەوێ سەرف كرد، ئەگەر ڕەخنەشم هەبێت بۆ زیاتر بەرەوپیشەوەچوونی زانكۆكەمە و بۆ شكاندن نییە. بێگومانم بەشی زۆری ئەو بۆچوونانەی منیش حەتمەن لای ئەوانیش هەیە، بەڵام چی بكات؟ توانای بەردەستی ئەوانیش هەر ئەوەندەیە. بە كورتی:
- ئەگەر سیاسەتی حزبەكان لێبگەڕێ و تێكەڵ بە ڕەوتی زانست نەبن، دڵنیام بە ئاقارێكی باشتردا دەڕوات. ئەگەر بە زۆر پۆستەكان و بە تەزكیەی حزبی دانەنرێن، داهێنانی باشتر دەكەن.
- زانكۆ بە عاتیفە و سۆز بەڕێوەناچێت.دەبێ لەگەڵ قوتابی توندتر بن و بە كەمكردنەوەی پارەی كرێی خوێندن و غیاب نەدان و چاوپۆشی لەبەر خاتری ڕێكخراوەكانی قوتابیان ئەمانە هەمووی بەسەر ئاستی زانستیی زانكۆدا دەشكێتەوە.
- دەستكرانەوە بە ڕووی پلان و پڕۆژەكانی زانكۆ زۆر پێویستە. بە واتایەكی دی سەربەخۆیی ئابووری بۆ زانكۆكان دەبێ فەراهەم بكرێت.
- پێویستە كەسی شیاو لە شوێنی شیاو بێت و بیركردنەوەی لە بازنەی حزبایەتی گەورەتر بێت و كوردایەتی و خۆشەویستیی نیشتمانی بەلاوە لە هەموو شتێك پیرۆزتر بێت.
