كەی جومگەی دەستكردی ئەژنۆ پێویست دەكات؟

كەی جومگەی دەستكردی ئەژنۆ پێویست دەكات؟

نەشتەرگەریی جێگیركردنی جومگەی دەستكرد لە ئەژنۆدا Knee joint replacement بریتییە لە دانانی قەباغ لەسەر كۆتایی ئێسكی ڕان و سەری ئێسكی قاچ كە لە جومگەی ئەژنۆدا بەشدارن، قەباغەكان لە ماددەی سیرامیك لەسەر سیرامیك یان سیرامیك لەسەر پلاستیك یان كانزای تایبەت لەسەر كانزا دروستكراون و بە چیمەنتۆی تایبەتی ئێسك بە یەكەوە دەلكێندرێن. نەشتەرگەرییەكە ئاكامی زۆر باشی هەیە، بەتایبەتی ئاساییكردنەوەی چالاكیی ڕۆژانە، تەمەنی جومگەی دەستكرد بەگشتی لە نێوان 10-15 ساڵدایە. ئەو نەخۆشییانەی ئەژنۆ كە پێویستیان بە ئەژنۆی دەستكرد دەبێت: هەوكردنی سەختی ڕۆماتۆیدی جومگەی ئەژنۆ، گرێی شێرپەنجەیی یان ناشێرپەنجەیی لە ئەژنۆدا، هەروەها هەوكردنی سەخت لەبەر سووانی جومگەی ئەژنۆ Osteoarthritis كە بە دەرمان و دەرزی ناو جومگە و چارەسەری سرووشتی بۆ ماوەی شەش مانگ یان پتر كۆنتڕۆڵ نەكرێت و هاوكات بێت لەگەڵ نیشانەی وەكو: ئازاری جومگە كە خەوی نەخۆش تێك بدات، ئازارێك كە بە هیچ چارەسەرێك سووك نەبێت، ئازارێك كە تەگەرە بخاتە بەردەم چالاكیی ئاسایی ڕۆژانە.

Top