حەمە هاشم هونەرمەندێكە تەنها وێنە ناكێشێت، بەڵكو وێنەی ئازار درووست دەكات
(بارا ڤیۆرا)هونەرمەند و ڕەخنەگر
ئۆرادیا/ڕۆمانیا
لە بۆشاییی بێدەنگی نمایشەکەدا، کە تیایدا ڕەنگەکان هاوار ناکەن بەڵکو سەرەتاتكە دەکەن، چیرۆکێکی نەگوتراو لە دایک دەبێت - یادەوەرییەكانی بەرد.
ئەم نمایشە بە شێوازی خەمڵاندنی کەمێک ئەبستڕاكتیانە بەرەو دەربڕینخوازی هەنگاودەنێت، پێشکەوتنێکی ورد بەڵام قووڵ دەخاتە بەردەم تەماشاکەر لە نێوان جوانیی شێوە و ئازاری کۆنتێکستدا.
دیمەنەکان، کە ڕواڵەتی بەردەکان زاڵن بەسەریانەوە - ساوی لووس، قورس، هەڵواسراو - دووجار واتا وەردەگرن. ئەوانە تەنها شایەتی سروشت نین، بەڵکو شایەتی بێدەنگیین لە ئاست توندوتیژی، شایەتی مێژوویەک کە تیایدا بەرد لە توخمی درووستکردنەوە گۆڕاوە بۆ ئامێری سزادان. لەم کارانەدا، بەرد دەبێت بە بیرەوەری - بیرەوەرییەکی هێشتا زیندوو، بێزاركەر، کە ڕواڵەتی ناخۆشی تۆمار دەکات بەبێ حوکمدان، بێگومان بەبێ لەبیرچوونی دەڕبڕینە مرۆییەكان کە لە نێو کارەکانی نمایشگاکەدا ئامادەیە، بە شێوەیەکی شاراوە، لەبەردەم حوکمدانێكی نزیک بۆ شكست، كە ئازارەكانی جەستەی کەمکراوەتەوە بۆ مادە پێش ئەوەی بگۆڕێت بۆ ڕۆح. جاروبار وا دیارە کە جەستە لەگەڵ بەردەکاندا تێکەڵ دەبێت، هەندێجاریش هەوڵ دەدات لێیان دەربچێت، وەک ئەوەی بیەوێت هەڵبێت لە حوکمێکی باوی باپیرانی.
ئەو خەمۆکییەی کە گەردوونی ئەم بەدیهێنانە ڕادەپەڕێنێت، خەمۆکییەکی میلۆدراماتیک نییە. ئەوە خەمۆکییەکی ڕازیبووە، قووڵە مرۆییە، لە ڕاستییەکەوە لە دایک بووە کە تیایدا ژن - سەرچاوەی ژیان، خۆشەویستی و جوانی - هێشتا وەک تاوان، وەک مەترسی، وەک بارگرانی دەبینرێت.
هونەرمەندی کورد حەمە هاشم، تەنها شێوە ناکێشێت، برین دەکێشێت. هەر تابلۆیەک دەبێت بە هاوارێکی بێ دەنگ، نوێژێکی بێدەنگ بۆ دادپەروەری و بەزەیی. شێوازی ئەپسترێکت کە وەک تەکنیک بەکاردەهێنرێت، لێرە دەبێت بە شێوازی مانەوە. کاتێک كە ڕاستیەكی زۆر دڕندانە هەیە، هونەرمەند بە ووریاییەوە شێوەكەی دەگۆڕێت، نەک بۆ شاردنەوەی بەڵکو بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە.
لە پشتی ڕەنگە بێلایەنەکان، تۆنەکانی بەرد و جەستە، جیهانێکی نەرم بەڵام وێرانكراو شاردراوەتەوە. پارچەیەکی هیواش هەیە: ڕەنگە بە کێشانی بەرد، هونەرمەند گرژیەكان نەرمی بکاتەوە. ڕەنگە بە بەخشینی بیرەوەری بە بەرد، ڕێگری لە كارەسات بکات کە دیسان بکوژی دووبارە نەبێتەوە.
یادەوەرییەكانی بەرد، لە کۆتاییدا، بیرکردنەوەیەکە لەسەر ژیان، ئازار و بەرەنگاربوونەوە. ئەوە ستایشکردنی جەستەیەکە کە چیتر ناتوانێت هەڵبێت، بەڵام خۆشی دەرناخات. لە هەموو شتێک گرنگتر، ئەوە شایەتیدانێکە لەسەر جیهانێک کە دەبێت ببینرێت - نەک تەنها بۆ تێگەیشتن، بەڵکو بۆ گۆڕان.
حەمە هاشم، شادمانم کە بوونت هەیە!
