کـــۆڕبـــەنــــدی ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەراست ئەمڕۆ لە شاری دهۆک

کـــۆڕبـــەنــــدی ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەراست ئەمڕۆ لە شاری دهۆک



چەندین وتاری بەهێز لەسەر سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشکران، بەرقەرابوونی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە لەوەتەی دەوڵەت نەتەوە لەم ناوچەیە سەریان هەڵداوە ئەم ناوچەیە ئاسایش و ئارامی بە خۆیەوە نەبینوە و دەیان قەیران دوای قەیران بەروکی گەلانی ئەم ناوچەیە گرتووتەوە؛.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوچەیەکی پڕ لە ئاشوب و ئاژاوە ناوی دەرکردووە لەسەر ئاستی جیهاندا، خوێنێکی زۆر ڕژاوە لە ئەنجامی زاڵبوونی بیری نەژادپەرەستی و شوفێنی، ئەمە وای کردووە کە گەلانی ناوچەکە بەگشتی و گەلانی غەیرە تورک و عەرەب و فارسیش بە تایبەتی ڕووبەڕووی نەهامەتی و چەرمەسەری و ماڵوێرانیەکی زۆر ببنەوە.

بۆیەش سازدانی ئەمجورە کۆربەندانە کە تەعبیر لە ئاسایش و ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە بۆ ئاراستەکردنی گیانی لێبوردەیی و یەکتر قەبوڵکردن و ئاشتی و پێکەوەژیان و دیموکراسی لە ناوچەکەدا، چونکە ئەلتەرناتیڤی حزبی ناسیۆنالیستی عەرەبی، تورکی، فارسی چەساپاندنی کەلتووری دیموکراسیە لەنێو نۆخبەی سیاسی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە عەرەبی و موسلمانەکان بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە ڕزگاریان بێت لە زورداری و ستەمکاری کە هەر لە پەیماننامەی سایکس بیکوە تاکو ئەمڕۆ ستەمێکی گەورەی بەرامبەر کراوە و جوگرافیا و دیموگرافیای دابەش کراوە؛

جەنابی سەرۆک بارزانی زۆر بە ڕوونی باسی ئەو غەدرە گەورەی کرد کە سایکس بیکۆ دەرحەق بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە بە شێوەیەکی زۆر نادادپەروەرانە خەریتەی سیاسی ئەم ناوچەیان دارشت هەروەها باسی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مەترسی تیرۆر و مەترسی مادەهۆشبەرەکان لەسەر ناوچەکەی کرد کە پێویستە ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگاریانە ببینەوە؛

پارتی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی قۆناغەکان ئاشتی خواز بووە نەک شەرخواز، هەوڵی داوە کێشەکان هەمیشە بە رێگەی دیالۆگ و ئاشتیانە یەکلایی بکاتەوە.

شایانی ئاماژە پێکیردنە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی بارزانی لە هەر دوو سەردەمدا چەکداری و شارستانی پێشەنگ بووە لە خەبات و تێکۆشاندا و ئەمڕۆش پێشەنگە لەنێو گورەپانی مەدەنی و شارستانی بەتایبەت لەنێو گشت پرۆسەکانی دەنگداندا بە پێشەنگ ماوەتەوە؛

چونکە خەباتی پارتی و بارزانی هاوتەریب بووە لەگەڵ ئامانجی دێرینی گەلی کوردستان کە ئەویش ڕزگارکردنی کورد و خاکی کوردستان بووە لەژێر زوڵم و زورداری دەوڵەتە داگیرکارەکانی ناوچەکە، بۆیە دەتوانم بڵێم گەر پارتی و بارزانی نەبونایە کورد و کوردستان و ناسنامەی نەتەوەیشمان نەدەبوو.

کـــۆڕبـــەنــــدی ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەراست ئەمڕۆ لە شاری دهۆک
کـــۆڕبـــەنــــدی ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەراست ئەمڕۆ لە شاری دهۆک
Top