سەرۆک بارزانی : گەلی کوردستان ڕوانگەیەکی زۆر ئەرێنییان بەرانبەر وڵاتی کۆریای باشوور و گەلەکەی هەیە
سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە باڵوێزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا کە، کونسولی گشتی کۆریای باشوور لە هەولێر ئامادەی بوو، جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان و ستایشی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
باڵوێز کۆریایی باشوور پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستی هێنا، ناوبراو ستایشی ئەو پێشکەوتن و گۆڕانکارییانەی کرد کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە سایەی سەقامگیری و پلانی ڕێکوپێک لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ئاراوە. لی جۆن یل ڕاشیگەیاند کە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ گەلی کوردستان لە کاتی بوونی تیمی زەیتون لە هەولێرەوە دەستی پێکردووە و ئێستا گەشەیەکی زۆری لە بواری وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیا و بوارەکانی دیکەدا بەخۆوە بینیوە، هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە فراوانتر ببن.
سەرۆک بارزانی جەختی لە دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان گەلی کوردستان و گەلی کۆریای باشوور کردەوە. ئەوەشی خستەڕوو کە گەلی کوردستان ڕوانگەیەکی زۆر ئەرێنییان بەرانبەر وڵاتی کۆریای باشوور و گەلەکەی هەیە. لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر مێژووی خەبات و کۆڵنەدانی گەلی کوردستان و دووپاتی کردەوە کە "هەر گەلێک ئیرادەی هەبێت دواجار سەردەکەوێت و پێش دەکەوێت."
