هەژار مەعروف لە دهۆك: حكومەتی عێراق بۆ ماوەی دوو ساڵە بۆ هەر یانەیەكی عێراقیی بەشدار لە خولی نایابی عێراق سێ تا چوار ملیار دینار خەرج دەكات، كەچی بۆ یانە كوردییەكان یەك دیناریش نانێرێت

هەژار مەعروف لە دهۆك:     حكومەتی عێراق بۆ ماوەی دوو ساڵە بۆ هەر یانەیەكی عێراقیی بەشدار لە خولی نایابی عێراق سێ تا چوار ملیار دینار خەرج دەكات، كەچی بۆ یانە كوردییەكان یەك دیناریش نانێرێت

 

 ئەگەر بمانەوێت پاڵەوانێتی و قارەمانێتی وەرزشی نەتەوەیی بەدەست بهێنین و شانازیی گەنجانی كورد بەرز بكەینەوە، پێویستە زیاتر لەسەر یارییە تاكەكەسییەكان كار بكەین. دەبێت بەشداری لە گەلێك لە پاڵەوانێتییەكانی پڕ لە شكۆ بكەین، وەك یاریی جوودۆ و مینی باسكیتبۆڵ و یارییە تاكەكان، چونكە ئەو بوارانە دەرفەتی زیاتریان تێدایە بۆ درەوشانەوەی تاك. یانە كوردییەكان شایەنی ئەوەن ببنە یەكەم یانەی كوردی كە پشتگیری حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرن، بەتایبەت پاڵپشتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە پشتیوانییەكی زۆر باشی یانەكانی هەولێر و دهۆك و زاخۆی كردووە. بۆ نموونە ئەم پشتیوانییە بووەتە هۆی گۆڕینی فەرشی هەر سێ یاریگای سەرەكیی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بە باشترین شێوە و لەلایەن كۆمپانیای ئەوروپییەوە، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا كارێكی زۆر باشە. لێرەدا گلەیی و گازندەیەكی گەورەمان بەرانبەر بە حكومەتی عێراق هەیە، چونكە حكومەتی عێراق ماوەی دوو ساڵە بۆ هەر یانەیەكی عێراقیی بەشدار لە خولی نایابی عێراق (كە نزیكەی ٢٠ یانەن) سێ تا چوار ملیار دینار خەرج دەكات، بەڵام بۆ یانە كوردییەكان (وەك یانەكانی هەولێر و دهۆك و زاخۆ كە بەشدارن) یەك دیناریش نانێرێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە یانە كوردییەكان ناسناوی پاڵەوانێتی عەرەبی و ئاسیایی بەدەست دەهێنن. هەر سەبارەت بە یارییە تاكەكانیش، سوپاس بۆ خوا یانەی دهۆك چەندین جار ناسناوی پاڵەوانێتی سەرئاستی عێراق و پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكانی بەدەست هێناوە. بە تایبەت لە یاریی جوودۆدا كە بووەتە پاڵەوانی یانەكانی عەرەبی. هەروەها دەستكەوتی باشمان لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان بەتایبەتی یارییەكانی ڕاگرتن هەروەها یارییەكانی كاراتێ و شەترەنج و ڤۆلیبۆڵ هەیە. وەرزشی ئافرەتانیش لەسەر ئاستی كوردستان پێشكەوتنێكی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە و لە عێراق پێشكەوتووترە. ئەم پێشكەوتنە لە ئاستی عێراقیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە، كاتێك تیمی ڤۆلیبۆڵی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیای كرد، لە كۆی ١٤ یاریزان ١١ بۆ ١٢ یاریزانی كورد بوون، كە بە ئاڵای كوردستانەوە بەشدارییان كرد. ئەمەش دڵخۆشییەكی زۆری بۆ خەڵكی كوردستان دروست كرد و جیاوازی ئاستی وەرزشی ئافرەتانی كوردستان لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراق دەردەخات. دوای هەموو ئەو پێشكەوتنانە میدیای وەرزشییش پێویستی بە پەرەپێدان و پسپۆڕیی زیاتر هەیە، بۆیە پێویستە خولی تایبەت بۆ ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی بكرێتەوە، تا لە ئاستی جیهانیدا شارەزا بن لە ڕووماڵكردنی ڕووداوە وەرزشییەكان.

 

Top