عەلی حاجی حەسەن بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی زاخۆ: ئەگەر حكومەت پشتگیریی مەڵبەندەكانی وەرزش و لاوان بكات، دەتوانن ببنە قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی یاریزانان

عەلی حاجی حەسەن   بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی زاخۆ:  ئەگەر حكومەت پشتگیریی مەڵبەندەكانی  وەرزش و لاوان بكات، دەتوانن ببنە قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی یاریزانان

 

 

وەرزش، تۆپی پێ بەتایبەتی لەهەرێمی كوردستان گرنگیی زۆری پێدەدرێت، بەڵام كەرتی وەزرش بێ كێشە و كەموكوورتی نییە و جۆرێك لە بێ پلانی پێوە دیارە. خۆ ئەگەر شارێكی وەكو زاخۆ بە نموونە وەربگرین، دەبینین ڕاستە وەرزشوان وەكو كەسایەتی، گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت، چ لە ڕووی هزری و جەستەییەوە بێت، یان لەڕووی نەتەوەییەوە بێت، تەنانەت بوودجەیەكی زۆر باشیش بۆ وەرزش بەتایبەتی تۆپی پێ خەرج دەكرێت، بەڵام وەكو ئاماژەم پێ دا، بێ پلانی پێوە دیارە، هەرچی ئەو بڕە زۆرە پارەیە هەیە كە بۆ یاریزانانی پیشەگەر خەرج دەكرێت، كەچی هیچ سوودێكی ئەوتۆی بۆ گەشەپێدانی گەنجان و وەرزشوانانی ناوخۆ نییە. ئەم بارودۆخە پێویستی بەوە هەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بنكەیەكی وەرزشی پێشكەوتوو یاریزانان لەسەر بنەمای زانستی و پڕۆگرامێكی دیاریكراو پەروەردە بكات. بۆ نموونە لە زاخۆ یاریگاكان و شوێنە وەزرشییە جەستەییەكان بە شێوەیەكی گونجاو دابین نەكراوە، ئەوەی هەیە تەنیا یاریگایەكی گەورەی دەلال و یاریگای دوانزە یاریزانی هەیە، ئەوانەش بە شێوەیەكی تەواو بۆ مەبەستی ڕاهێنان و پێگەیاندنی یاریزانی نوێ بەكار نایەن، ئەمەش وای كردووە یاریزانە گەنجەكان دەرفەتی پێویستیان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناكانیان نەبێت.

بۆ چارەسەركردنی ئەم بارودۆخە پێویستە ئەكادیمیای تۆپی پێ دابمەزرێت بۆ ئەوەی یاریزانان لە تەمەنێكی بچووكەوە پەروەردە بكرێن و بە شێوەیەكی زانستییانە پێبگەن. ئەم ئەكادیمیایانە دەتوانن كەسایەتییە زیرەك و بەهرەمەندە وەرزشوانەكان پەروەردە بكەن، بە جۆرێك كە ببنە یاریزانێكی خاوەن ئاستی بەرز و بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە هەموو بوارێكدا بگێڕن. یەكێكی دی لە كێشەكان نەبوونی پڕۆگرامی وەرزشییە لە قوتابخانەكاندا، ئەمەش وادەكات كە زۆرێك لە منداڵان و گەنجان ئاگاداری گرنگی و چۆنیەتی وەرزش نەبن، هەرچی مەڵبەندەكانی وەرزش و لاوانیش هەیە، كە دەتوانن ڕۆڵێكی سەرەكی لەم بوارەدا بگێڕن، پشتیوانیی پێویستیان لێ ناكرێت. ئەم مەڵبەندانە دەتوانن ببنە قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی یاریزانان، نەك تەنیا بۆ تۆپی پێ، بەڵكو بۆ هەموو جۆرە جیاوازەكانی وەرزش، پێویستە حكومەت گرنگییەكی زیاتر بەم مەڵبەندانە بدات. لەلایەكی دیكەوە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا دەتوانن لە پەرەپێدانی وەرزش و نیشاندانی دەستكەوتەكانی وەرزش ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕن. پێویستە ڕاگەیاندنەكان بە شێوەیەكی بابەتییانە و پیشەییانە كار لەسەر دەستكەوتە وەرزشییەكان بكەن و گرنگی بە نیشاندانی لایەنە ئەرێنییەكانی وەرزش بدەن، تاوەكو هاندەرێكی باش بن بۆ گەنجان و كۆمەڵگە.

هیوا دەخوازم لە داهاتوودا حكومەت باشتر بێتە سەر هێڵ و پشتگیرییەكی تۆكمەتر و پلان داڕێژراوتری هەببێت بۆ كەرتی وەرزش، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەسەندنێكی خێرا و دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێزی وەرزشی، كە بە شێوەیەكی باش پەرە بسێنێت و یاریزانانی بەهرەمەند پێبگەیەنێت. ئەم هەوڵانە دڵنیایی دەدەن كە وەرزش لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و لە زاخۆ بەتایبەتی گەشە بكات و یاریزانانی بەتوانا پێشكەش بكات.

 

Top