مەلا سەڵاحەدین عەزیز ڕەسوول پێشنوێژ و وتارخوێن لە مزگەوتی مەسیف سەڵاحەدین لە قەزای پیرمام: ڕێبازی بارزانی هەڵگری پەیامی كوردایەتی و ڕێچكەی ئاوەدانی و ژینگەپارێزییە، بۆیە دەنگدان بە 275 دەنگدانە بە تەواوی مافەكانی گەلی كوردستان لە بەغدا
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
پێشەكی دروود و ڕەحمەتی خوای پەروەردگار بۆ پێغەمبەری پیرۆز. شوكر بۆ خوای گەورە، وێڕای هەموو ئاستەنگ و بەربەست و كێشەكان و پیلان و مەرامی دوژمنانی ئەم گەلە بەڵام كاروانی ئاوەدانی و خزمەت و ئازادی و سەقامگیری ڕانەوەستا. ڕاستە هەموومان گلەیی و ڕەخنەمان هەیە، بەڵام ئەگەر یەكگرتوویی و تەبایی و حكومەت نەبێت، هەرگیز ناتوانین لەناو ئەم جەنگەڵستانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقێكی پڕ لە ئاشووب و ڕق و كینە، كوردی موسڵمان بیتوانیبایە خاوەنی ئازادی و كەرامەت بێت. ئازادی گەورەترین نیعمەتە كە خوای گەورە بە گەلی كوردی بەخشیوە. كابینە لە دوای كابینە هەوڵ دراوە بۆ خزمەتكردنی زیاتری ئەم گەل و وڵاتە. ئێستا كە كابینەی نۆیەم لەسەر كارە، دەبینین سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانە دەستكردانەی لەلایەن دوژمنانی ناوخۆ و دەرەوە بۆی دروست كران، بەڕاستی دەستكەوتی زۆر گەورەی بەدەست هێناوە، بە شێوەیەك كە ناتوانرێت لە چەند كاتژمێرێكدا هەژمار بكرێن. ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی كابینەی نۆیەم كرانەوە و بەردەوام بوون، كەچی بە خۆڕاگری و جددیەتەوە، گەیشت بەو ئاستەی ئەم هەموو پڕۆژە گەورەیە جێبەجێ بكات. ئەگەر بە چاوێكی كراوە تەماشای ئەو ڕێگاوبان و پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و باخچە و بووژانەوەی كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە بكەین، كە لە سنوورەكانی (هەولێر، دهۆك، زاخۆ و سۆران) دروست كراون، دەبینین ئاوەدانی گەشەیەكی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە. بەداخەوە دوژمنانی ئەم میللەتە، چاویان بەم پێشكەوتنانە هەڵنایەت.
ئەگەر ئێمە خۆمان لە ناوخۆدا كاول نەكەین و پێكەوە بین و یەكگرتوو بین، دوژمن ناتوانێت بەسەرماندا زاڵ بێت. بەڵام ئێستا بە فیتی كەسانێك بە ناوی «موعارەزە»ەوە، دەیانەوێت ئەو دەستكەوتانە لە دەست ماڵی بارزان دەربكەن، چونكە ماڵی بارزان هەمیشە هەڵگری پەیامی كوردایەتی و ڕێچكەی ئاوەدانی و ژینگەپارێزی بوون. بۆیە بە ڕوونی و بێ دوودڵی، دەبێت ئەمە بڵێین: دەنگ دەدەین بە لیستی 275ی پارتی، چونكە ئەم لیستە واتای ماڵی بارزان دەگەیەنێت. چەندە ئەم لیستە بەهێز بێت، ئەوەندە دەتوانن بە ئاسانی بەرانبەر دوژمن و نەیاران بوەستنەوە و بەرگری لە كەرامەتی ئەم میللەتە بكەن بەتایبەتی لە بەغدا.
دەنگدان لە بەغدا زۆر زۆر بەهیممەتترە لە دەنگدان لە كوردستان. چونكە ئەگەر دەنگی پارتی لە بەغدا كەم بێت، ئەوە دەرفەت دەداتە نەیارەكان كە دەستوورەكەی عێراق بگۆڕن، ئەو دەستوورەی كە بە هەوڵ و كۆششی جەنابی سەرۆك و خوێنی شەهیدان بۆ میللەتەكەمان جێگیر كرا. دەنگێكی بەهێز بۆ پارتی لە بەغدا واتە كورد بەهێز دەبێت و دەتوانێت ماف و بوددجە و شایستە داراییەكانی میللەت بپارێزێت. هەروەها ئومێدمان بە كابینەی نۆیەم و سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی زۆرە، بە كردەوە و كارەكانی قسە دەكات، نەك تەنیا بە بەڵێن. هیوادارین بتوانین جارێكی دیكە كابینەی نۆیەم دروست بكەین، لە بەغداش خەڵكانێكی ویژدان پاك و مرۆڤدۆست بێنە سەر حوكم.
لە كۆتاییدا، وەكو مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام چەند داواكارییەكی گرنگمان هەیە:
1. پشتیوانیی تەندروستی: پێویستە سندووقێك دروست بكرێت لە بوودجەی پەرلەمانتاران و كاربەدەستان، بۆ هاریكاریكردنی ئەو خانەوادانەی تووشی نەخۆشیی قورس (وەك شێرپەنجە) دەبن، چونكە نرخی چارەسەر زۆر گرانە و ژیانیان دەشكێنێت.
2. چاودێریی نەخۆشخانە تایبەتەكان: پێویستە حكومەت سنوورێك بۆ بێویژدانیی هەندێك لە نەخۆشخانە تایبەتەكان دابنێت كە بە قێزەونی مامەڵە لەگەڵ نەخۆش دەكەن. كەسێك كە كورد بێت و شەهیدی دابێت، نابێت نەتوانێت لە وڵاتی خۆیدا چارەسەر وەربگرێت.
3. دابینكردنی هەلی كار: دەبێت كار بكرێت بۆ دابینكردنی ژیانی شایستە بۆ گەنجان و پاڵپشتی كردنیان.
خوای گەورە حكوومەتی هەرێمی كوردستان موەفەق بكات و چاوی لە دەستی بەغدا نەبێت، بەڵكو خۆمان ئاوەدان و بەهێز بین.
