دكتۆر مەلا ئەنەس دۆسكی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی زانایان، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئازادی لە دهۆك: دەنگدان بە لیستی ٢٧٥، تەنیا دەنگدان نییە بە پارتێك، بەڵكو دەنگدانە بە بەردەوامیی ڕەوتی ڕزگاری و مافپارێزیی گەلی كورد
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هەر مرۆڤێك پێویستی بە پاراستنی پێنج شتی سەرەكی هەیە: (ئایین، ڕۆح (ژیان)، ماڵ، عەقڵ، و شەرەف و نەتەوە). لە مێژووی دوور و نزیكدا بەردەوام هەوڵ دراوە كە ئەم مافە سەرەتاییانە لە میللەتی كورد زەوت بكرێن و خاكیشی داگیركراوە. ئەم پێنج بنەمایە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی دوژمناندا بوون. شۆڕشی كوردی بە سەرۆكایەتیی مەلا مستەفای بارزانی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت)، لە شاخەكانەوە دەستی پێكرد، ئەم شۆڕشە هەر لە سەرەتاوە ئامانجی پاراستنی ڕۆح و گیان و ماڵ و عەقڵ و شەرەفی میللەتی كورد بووە. مەبەست ئەوە بوو هەر كەسێك لە كوردستاندا دەژی، بە بێ جوداكاری و جیاوازی بە ئازادی بژی و مافەكانی پارێزراو بێت. ئەم ڕێبازە شۆڕشگێڕییە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكان بەردەوام بوو، تا گەیشتە ئێستا كە جەنابی سەرۆك بارزانی بەردەوامی پێ دەدات و هیوای گەلیشە بۆ بەهێزكردنی قەوارەی كوردستان. لە ئێستاشدا دەستی بەڕێزان كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك مەسرور بارزانی گرتووە، بۆ ئەوەی ئەو شۆڕش و ئامانجانە بەردەوام بن، ئامانجیش ئەوەیە كوردستان ڕزگار و بەهێز بكرێت. خەونی شۆڕشگێڕانی كورد بەتایبەتی خەونی مەلا مستەفای بارزانی نەمر، هەمیشە ئەوە بووە كە كوردستان سەربەرز بێت و لەسەر ڕێبازێكی بەهێز و پتەو بونیاد بنرێت. ئەوەتا ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاری و ژێرخانانەی كە لە كابینەی نۆیەمدا جێبەجێ كراون، بە ڕوونی نیشانەی ئەوەن كە ئەو خەونە گەورەیە هێدی هێدی دێتە دی. سەرەڕای ئەوەی كە كوردستان لەناو عێراقێكی پڕ لە ناخۆشی و قەیراندا دەژی، بەڵام ئاستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری لە كوردستان بەرزترە. ئەو حكومەتە بە دڵسۆزی كار دەكات بۆ بژێوی و خزمەتكردنی تاك بە تاكی كورد، چونكە ئەمە خەونی هەر سەركردەیەكی دڵسۆزی كورد بووە.
بۆ بەردەوامیدان بەم ڕێبازە، بۆ سەركەوتن و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، پێویستە ئێمە هەموومان دەنگەكانمان بدەینە لیستی ٢٧٥، كە هەڵگری درێژەدانە بەم خەبات و ڕێبازە شۆڕشگێڕییە. دەنگدان بە لیستی ٢٧٥، تەنیا دەنگدان نییە بە پارتێك، بەڵكو دەنگدانە بە بەردەوامیی ڕەوتی ڕزگاری و مافپارێزیی گەلی كورد. ئێمە پێویستە دەنگ بدەین بەم ڕێبازە بۆ ئەوەی كورد لە بەغدا بەهێز بێت و بتوانێت مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی خۆی بەدەست بهێنێت و بەرگری لە قەوارەی هەرێم بكات.
