زیبا تەها سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان: پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام سەرنجی تایبەتی خستووەتە سەر پرسی ئافرەتان و پێگەیاندنیان
خاتوو زیبا تەها سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، هەم وەك ئافرەت و هەمیش وەك تاكێكی كۆمەڵگە، بیركردنەوەیەكی جیاوازی بۆ لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە و دەڵێت: دەنگدانی ئافرەتان تەنیا ئەركێكی نیشتمانی نییە، بەڵكو دەربڕینی ڕاستەقینەی ئیرادەی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئافرەتانە. لە نێو گۆڕەپانی سیاسیی فرەلایەنی كوردستاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی بەهێز و كاریگەر، بەردەوام سەرنجی تایبەتی خستووەتە سەر پرسی ئافرەت و پێگەیاندنیان. دەنگدانی ئافرەتان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت لە چوارچێوەی چەندین بەڵێنی سیاسی، ئەزموونی حوكمڕانی، و دیدگەی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتیدا لێك بدرێتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتاكانی دامەزراندنییەوە، باوەڕبوون بە یەكسانی مافەكان یەكێك بووە لە بنەما فكرییەكانی. لە پەیڕەو و پرۆگرامی پارتیدا بە ڕوونی ئاماژە بەوە كراوە كە پارتی باوەڕی بە مافەكانی مرۆڤ، دادپەروەری كۆمەڵایەتی، و یەكسانی هەیە، ئەم دیدگەیە لە بنەڕەتدا ئافرەتان دەگرێتەوە.
لە دوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی ڕۆڵێكی سەرەكیی هەبووە لە جێگیركردنی سیستمی كۆتا و بەرزكردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتیی ئافرەتان لە پەرلەماندا، ئەم بەشداریپێكردنە تەنیا كارێكی تەشریفاتی نییە، بەڵكو ددانپێدانانە بە توانای سیاسی و كارگێڕیی ئافرەتانی كوردستان. كاتێك ئافرەتێك دەنگ بە لیستی پارتی دەدات، بە واتای پشتیوانیكردنی ئەو ڕێگەیە دێت كە ئافرەتانی سیاسی و كارگێڕی پارتی گرتوویانەتەبەر بۆ بەدەستهێنانی پۆستە باڵاكانی پەرلەمانی و حكومی، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی ئیرادەی ئافرەتان بە گشتی لە كۆمەڵگەدا.
پرسی ئاسایش و سەقامگیری خاڵێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ ئافرەتان. لە كۆمەڵگەیەكدا كە سەقامگیری تێدا نەبێت، زۆرترین زیان بەر چین و توێژە لاوازەكان، بەتایبەتی ئافرەتان و منداڵان دەكەوێت. پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی مێژووی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەت لە قۆناغە سەختەكاندا وەك (شەڕی دژ بە داعش و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان)، خۆی وەك پارێزەری سەرەكیی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم ناساندووە. ئەم پارتە بە بەهێزیی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەكانی، متمانەی پارێزگاریكردن لە ژیانێكی ئارام بە ئافرەتان دەبەخشێت. لە دروشمەكانی پارتی، ئارامی و ئاوەدانی لێك جیا نەكراونەتەوە، چونكە ئاوەدانی بەبێ ئارامی نایەتە كایەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە حوكمڕانیی هەرێمدا پاڵپشتی یاسایی و دامەزراوەییەكانی بۆ پرسەكانی ئافرەتانی كردووە، بۆ نموونە: یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، ئەم یاسایە كە یەكێكە لە گرنگترین یاساكانی پاراستنی ئافرەتان، پارتی بەردەوام جەختی لەسەر نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان و هاندانی ئافرەتان بۆ داواكردنی مافەكانیان كردووەتەوە. ئازادی بیروڕا و دیموكراسی: باوەڕبوونی پارتی بە سیستمێكی دیموكراسی و ئازاد، كە ئازادیی بیروڕای تێدا پارێزراوە، ژینگەیەكی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ ڕاگەیاندنی هۆشیاركەرەوە و دەزگا میدیاییەكان تا بە ئازادی باس لە كێشەكانی ئافرەتان بكەن.
