دكتۆر مەلا مسكین مەعاز ئێدلبی لە مزگەوتی سەروچاوە لە سۆران: پشتیوانی لە لیستی 275 دەكەین چونكە بە كردار سەلماندوویەتی لەگەڵ ئێش و ئازاری نەتەوەكەیدایە و لە بەغدا شەڕی بەدەستهێنانی مافەكانی كوردو كوردستان دەكات

دكتۆر مەلا مسكین مەعاز ئێدلبی  لە مزگەوتی سەروچاوە لە سۆران:  پشتیوانی لە لیستی 275 دەكەین چونكە بە كردار سەلماندوویەتی لەگەڵ ئێش و ئازاری نەتەوەكەیدایە و لە بەغدا شەڕی بەدەستهێنانی مافەكانی كوردو كوردستان دەكات

 

 

كورد لەناو بەغدا دەبێت خاوەنی نوێنەرانی دەستپاك و بەئەمەك و دڵسۆز بن، تاوەكو بتوانن بە هێزەوە داكۆكی لە مافەكانی مووچەخۆران و خاك و جێبەجێكردنی دەستوور بكەن. هیچ گومانی تێدا نییە، چەند كورد یەكگرتوو و بەهێز بێت، ئەوەندە پێگەی لە بەغدا بەهێز دەبێت، ئێمەش وەكو مامۆستایانی ئایینی ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ هەموو لیستەكان و كاندیدەكان و پارتە سیاسییەكان هەیە، بەتایبەتی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە ئەم پارتە لەسەر هزرو بیروبۆچوونی مەلا مستەفا بارزانییە كە هزرێكی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییە و خزمەتی زۆری بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بەهێزكردنی پێگەی مەلا و زانایانی ئایینی كردووە. من پێم وایە ڕێبازی بارزانی ڕێبازی مەلا و ئایینی پیرۆزی ئیسلامە و ڕێزیش لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانیش دەگرێت. ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەر كەسێك كەوا خزمەتی ئایین و خەڵكی پێ بكرێت و خزمەتی موسڵمانانی كورد بكات و لەسەر ڕێبازی شێخانی قەدیمی خۆمان بێت، ئەوانەی مەلای ڕەسەن و قەدیمن كە هەم كورد بوون و هەم مەلا و شێخ بوون و كوردایەتی و دیندارییان كردووە، ئەوە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین.

لە كۆبوونەوەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەلا و مامۆستا و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر قسە كرا و وتەی زۆر گرنگ پێشكەش كران. ئەم كۆبوونەوەیە بۆ ئێمەی مامۆستایانی ئایینی زۆر بەرز و پیرۆزی دەبینین، چونكە مامۆستایانی ئایینی ئیسلام خزمەت بە هاووڵاتیان دەكەن و پاڵپشتی كاری خێر و باشەن بۆ هەمووان. مەلا و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لە كۆنەوە تاكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خاوەنی بیروبۆچوونی كاری چاكە و خێرن. بێگومان سەرۆك بارزانی هەر لەسەر ڕێچكەی باوكی (مەلا مستەفا بارزانی) بووە كە خزمەتی ئایین و كوردایەتی و نیشتمانی كردووە. هیوادارین ئەو دانیشتنانە فراوانتر بكرێت و ڕا و بۆچوونی مامۆستایان جێبەجێ وەرگیرێت.

جەنابی سەرۆك لەو كۆبوونەوەیەدا خۆی باسی كرد و گوتی: «لە شوڕشی ئەیلوول، ئەو ڕۆڵەی كە مامۆستایانی ئایینی هەیانبووە كەس ڕۆڵی وای نەبووە». مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی شۆڕش و مێژووی ئەم گەلە مەزڵوومە لەگەڵ ئێش و ئازاری میللەتەكەیان بوون، بارزانی ڕابەرایەتی دەكردن و باش دەیانزانی كە كورد چ زوڵم و چەوسانەوەیەك ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بەڕاستی ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لێكتر جیا نەدەكرانەوە. هەر بۆیە پشتیوانیی ئەو لیست و لایەنە دەكەین كە بە كردار سەلماندوویەتی لەگەڵ ئێش و ئازاری نەتەوەكەیدایە و لە بەغدا شەڕی بەدەستهێنانی مافەكانی كورد و كوردستانییەكان دەكات. ئەمڕۆ كەس لە بارزانی بەهێزتر نییە لە كوردستان و كەسیش لەو خەمخۆرتر و ڕاستگۆتر نییە.

Top