بـــۆچـــی دەنـــگ بــــە پـــارتـــی بــــدەیــــن ..؟

بـــۆچـــی دەنـــگ بــــە پـــارتـــی بــــدەیــــن ..؟

 


چونکە پارتی باش دەزانێ لە سیاسەتدا بەدەستهێنانی سیستماتیکی زنجیرەی ئامانجە مەودا کورت و دورەکان گرنگن نەک لە ناکاو گەران بەدوای ئەڵقەیەکدا و دوعا و نزاکردن بۆ ئەڵقەیەکی تر، یاخود دانی بەدەست قەزا و قەدەرەوە و میللەت بەرەو چاڵ ڕئ بکات، بۆیەشە هەمووکات بەسەر گرفت و کێشە بوچووک و گەورەکاندا سەرکەوتووەو بۆمبا چێندراوەکانی بەردەم کوردستانی پوچەڵ کردوونەتەوە، وە پارتی تەنها حزبە لە تەواوی کوردستان سیاسەت و ئیرادەی خۆی تەسلیمی ھیچ وڵاتێکی جیهانی و هەرێمی نەکردووەو نەشچۆتە ژێر باری هیچ وڵاتێک و دەوڵەتئاسا و سەربەخۆ مامەڵەی کردووە.

پارتی بۆ ئەوە دروست بووە خۆی لە دژایەتی نێوەخۆیی بەدوور بگرێت و فۆکسی تەنها لەسەر ئامانجە ستڕاتیژیە گرینگەکانی نەتەوەیی بن و رکابەری تەنها لەگەڵ نەیارانی خاک و خەڵکی کوردستان بکات، ئامانجی هەرەگەورەشی سەربەخۆییە بۆ کوردستان، لەو بارەوەش تەنها حزبە کە خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای گەلەکەیەتی. وە قارەمانێتی و هێزی پۆڵاینی پێشمەرگەو ئیرادەی بە‌هێزی سەرۆک بارزانی و پارتی بوو ئەوئ ڕۆژئ تیرۆریستانی داعشی بە چۆک دا هێنا و بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، بێ شک شەهیدان و قوربانیانی ئەوسا دەرخەری خەبات و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگە و پارتی و سەرۆک بارزانییە.

پارتی و نیشتیمانی بوونەکەی یەکێکە لە ستراتیژە چەسپاوەکانی ڕێبازەکە، کە ئەو دوو ستراتیژە بەشێوەیەک ڕەگیان داکوتاوە، کە لە هزر و فکری هەموو تاکێکی کوردستاندا پتەوو چەسپاوماوەتەوەو تاکە حزبی سیاسییە کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات، چونکە خاوەن ڕێباز و بیر و باوەڕ و ستراتیژە، ستراتیژێک کە سەرچاوەی لە رێبازی فەلسەفەی بارزانییەوە گرتووە و هەمیشە لە گەشەکردنی خزمەتکردن و پارێزبەندی گەلەکەی و نیشتیمانەکەی دایە.

هەتا ئازادی ڕادەربڕین و بۆچوون و جیاوازی ئاراستەی سیاسەتکردن لە نێو پارتی، بە ئینقلاب نییە وەک حزبەکانی تر، بەڵکو مەرجەع هەیەو دواتر کاری هەرەوەزییە بۆ راگرتنی پارسەنگی بەرژەوەندییە گشتیەکان و پێشخستن و چارەسەرکردنی کێشە نیشتمانییەکان، دیسان بە پێچەوانەی حزبەکانی تر کە بە(کێشە نێوەخۆییەکانی حزب) سەرقاڵن. لە نێو پارتی جیاوازی سیاسی بریتی نیە لە ململانێی حەق و باتڵ، بەڵکو زیاتر جیاوازی دیدو دونیابینی سیاسییانەی سیاسییەکانمانە و دوا بڕیاریش لای مەرجەعی باڵای نەتەوەییە، هەر ئەوەش هۆکاری مانەوەو پێشڤەچوونی پارتی و قەوارەی هەرێمی کوردستانە، کەئەوەش بەرهەمی پرۆسەی خۆپەروەردەکردنی سیاسی فەلسەفەی ڕێبازو قوتابخانەی بارزانیە بۆ ئامانجە سیاسییە گشتییەکان.

کورت و پوخت؛ پارتی ١٠٠ ساڵ زیاترە هەڵگری دۆزی ڕەوای نەتەوەو دەنگی حەقی گەلە، دۆزی ڕەواو دەنگی حەقیش دەنگە دەنگی ناوێ، چون دەنگی حەق خۆی بەرزە. دەنگەدەنگ بۆ شتی ترەو شتی تریش دیوەکەی تری نابەرپرسیارێتیە. ئێستا ئێمەش دەبێ بگەڕێینەوە بۆ حەق خۆی. حەق خۆی، ئەوەیە کە هەموو کاتێ گەرمە و دەنگی لەسەرێیە، نەک گەرموگوڕییەکانی چەند ڕۆژئ پێش هەڵبژاردن. حەق ئەوەیە کە خۆی ئامانجە گشتییەکەیە، نەک ئەوەی بکرێ بە وەسیلەی دەوڵەمەندبوونی چەند کەسێک و شار و خەڵک هیچ خزمەت و خزمەتگوزارییەکی پێشکێش نەکرئ. حەق ئەوەیە کە پارتی ئاگایانە لەسەری ئەوەستێت و مافی خەڵک دەستێنئ و خزمەت و خزمەتگوزاری زیاترو زیاترو زیاتر پێشکێش بە خەڵک دەکات و کوردستان ئاوەدان دەکاتەوەو سەروبەری هەڵبژاردن بە خەڵک دەڵئ “ئەوانەمان کردووە” . نەک ئەوەی میللەت پشتگوئ بخات و مێگەلئاسا بە فیکەی یەکێکی تر بۆی هەڵپەڕێت.

ئەوان دێرانەی سەرەوەو سەدان هۆکاری زێدەتریش هەن کە دەیسەلمێنێت، پارتی حزبی قبوڵکراوە و خۆشەویستی خەڵکەو شیاوی زۆرینەی دەنگی خەڵکی کوردستانە, ئەو راستییە لای هەمووان ئاشكرایە پارتی لە پێناو ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان دامەزراوە، هەر پارتیشە نوێنەرایەتی راستەقینەی دۆزی ڕەوای گەل دەکات، بۆیە ئەرکی سەر شانی هەموو کوردستانیەکە کە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدات.



Top