شەش کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کوژران
ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە 22 ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند: کە شەوی ڕابردوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لانیکەم شەش کەس کوژراون کە دوویان منداڵ بوون.
ئەم هێرشانە تەنها ڕۆژێک دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین لە بوداپێست هات.
سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەکردووە، چەند شارێک بەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک کەوتوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژێرخانی وزەی وڵاتەکە ئامانجی سەرەکی بووە، بەڵام بیناکانی نیشتەجێبوونیش زیانیان بەرکەوتووە. وەزیری وزەی ئۆکرانیا پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکان تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام بوون و ڕووسیا هەوڵی پەکخستنی تۆڕی وزەی ئەو وڵاتە دەدات پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان.
بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی خۆجێی، کیێڤ و ناوچەکانی دەوروبەری زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و لە ناوچەی دنیپرۆ دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
