بەڕێوەبەری کاریگەر

بەڕێوەبەری کاریگەر

 

(رالف نادر) پارێزەر و چالاكوانی ئەمریكی بە بنەچە لوبنانی دەڵێ"كاری سەركردایەتی بریتییە لە شیاندنی زیاتر لە سەركردە، نەك زیاتر لە شوێنكەوتوو".
بە گشتیی گرینگیدان بە سەركردەیی پەروەردەیی لە سەدەی 21 یەكێكە لە پێویستییە هەرە گرینگەكان تایبەت لە وڵات و هەرێمەكانی كە دەیانەوێ زیاتر پێشبكەون و قۆناغی تر بچنە پێشەوە، و تاكو بتوانن وڵاتی خۆیان بنیات بنێن، گومانی تێدا نییە بە پێی هەموو بەدواداچوونێكی فەرمی و نا فەرمی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بە گشتی و قوتابخانەكان پێویستیان بە سەركردەی كاریگەر و پەروەردەیی هەیە، تا بتوانێ‌ باشترین فێركردن و خوێندن و پەروەردەكردن فەراهەم بكات و ژینگەیەكی گونجاو بڕەخسێنێ لە قوتابخانەدا، گەر قوتابخانە ئارام و شیاو گونجاو بوو، ژینگەیەكی ڕەخساو لە بار بوو بۆ پەروەردە كردن و فێركردن بە گشتیی بۆ قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران پڕۆسەكە بە گشتیی سەركەوتوو و پڕ بەرهەم بوو، ئەو كات دەتوانرێ بگوترێ توانراوە قوتابخانە ئامانجەكانی پەروەردە و فێركردن بهێنێتە دی لە پێناو گرینگیدانی زیاتر بە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و چارەسەر كردنی كێماسی و گیروگرفتی پەروەردەیی لێرەو لەوێ تایبەت لە قوتابخانەكان. گرینگە ساڵانە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێشنیاری بە سوود و قازانج بەخش بە پرۆسەكە بخەنە ڕوو بۆ وەزارەتی پەروەردە كە ساڵانە دەستپێشخەری چەند سەد مامۆستایەك بۆ ڕاهێنان و شیاندن ئامادە بكەن و بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بكرێتە بەرێوەبەری كاریگەر لە قوتابخانەكان بە پێی كۆمەڵێ مەرج و پێوەر و بنەما لە ڕووی بڕوانامە و تەمەن و خول و بڕوانامەی ڕاهێنان و ساڵانی خزمەت و دیدگا و پەیام و كەسایەتی پەروەردەیی پێوەری تر لەلایەن لیژنەیەكەوە لە بەرێوەبەرایەتی گشتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكان و یەكە سەرپەرشتیاری پێشنیار بكرێت. دواتریش بە پێی نمرەی دابەش كراو بە سەر پێوەر و بنەماكان و نمرەكانی كۆبكرێتەوە هاوتەریب لەگەڵ شارەزایی زانستی و پەروەردەیی و كارامەییەكان بە گشتیی و بەها و توانا پەروەردەییەكانی نمرەكانی لە(60) سەرووتر بێت كاندید بكرێت بۆ ئەنجامدانی خول و ڕاهێنان و بەشداری كردن لە تاقیكردنەوە و چاوپێكەوتن، دواتریش كە دەرچوو بەشداری لە خولێكی سەركردایەتی كارگێڕیی پەروەردەیی بكات لە سەر كارامەییەكان و پلانی پەروەردەیی و كارگێڕیی و سەركردایەتی كردنی پەروەردەیی و كارگێڕیی و كە تێدا سەرجەم كارامەییەكان و بڕگەكانی سەركردایەتی تێدا بخوێنێت و بەرپرسیاریەتی كۆمەڵگە و پەروەردە هەڵبگرێ ببێتە كەسێكی سەركەوتوو لە كارگێڕیی پەروەردەیی و سەركردایەتی بەردەوام و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوایەتی و ستراتیژی و كە ئەو بابەتانە و چەندان بابەتی تری تایبەت بە كارگێڕیی قوتابخانە دەخوێنین و لە كۆتایی خولەكاندا بڕوانامەی بەشداری كردن و سەركەوتن وەردەگرن، لە ماوەی خولەكەش لە شەش هەفتە و هەفتانە سێ‌ ڕۆژ كەمتر نەبێ، دەرچووانی ئەم خولانە بە بەرێوبەری كاریگەر بناسرێن و بەردەوام كاریگەری ئەرێنی و پەروەردەیی دروست بكەن لە سەر مامۆستا و قوتابیەكانیان كە ئەوەش دەبێتە بەرهەمێكی پەروەردەیی نیشتمانی درێژخایەن.

 

 

(*)


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top