دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان 680 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێ دراوە و 414 پڕۆژە بە بڕی 16،6 ملیار دۆلار بەگەڕ خراون
130 هەزار هەلی كار لە سێكتەری وەبەرهێنان دابین كراوە
نابێت لە پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا ڕێژەی دەستی كاری خۆماڵی لە 75% كەمتر بێت
وەبەرهێنانی كشتوكاڵی بە ڕێژەی 1،8% بۆ 8% بەرز كرایەوە
تەنیا لە ماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا مۆڵەت بە 139 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە بە سەرمایەی یەك ملیار و 734 ملیۆن و 324،412 دۆلار
لە ساڵی 2024 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 51 پڕۆژەی پیشەسازی دراوە
لە ناو گێژاوی هەڕەشە و بڕینی مووچە و بوودجەی خەڵكی كوردستاندا، مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 680 پڕۆژە دراوە. وێڕای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار سفر و بڕینی بوودجە و لە هەمووشی خراپتر دەستبردن بۆ قووتی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆڕاگر بووە و، بە دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جێبەجێ كراون و، لەم بوارەدا زیاتر لە سەد هەزار هەلی كار بۆ گەنجان دەستەبەر بووە، لەمەش گرنگتر ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ئابوورییەكی تاكە سەرچاوە و داهاتی نەوتەوە گۆڕدرا بۆ ئابوورییەكی هەمەجۆر.
دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، لەم دیدارەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بە داتا و ژمارە تیشك دەخاتە سەر پڕۆژەكانی وەبەرهێنان كە لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ كراون و دیدگە و ڕۆئیای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم كەرتە گرنگ و ژیارییە دەخاتەڕوو.
* وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا ئەو سێكتەرە بوو كە وەرچەرخان و گۆڕانكاریی لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكاندا دروست كرد، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئێوە وەكو دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان تا چەند توانیوتانە كارنامەی حكومەت جێبەجێ بكەن؟
- هەر لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ژمارەی پڕۆژەكان و ڕێژەی سەرمایەی پڕۆژەكان بە خێرایی ڕووی لە هەڵكشان كرد. لە ساڵی 2019 دا 62 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 2،6 ملیار دۆلار، لە ساڵی 2020 دا 70 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار، لە ساڵی 2021 دا 71 پڕۆژە، بەڵام بە سەرمایەی 8،5 ملیار دۆلار كە سەرمایەیەكی زۆر گەورە بووە، لە ساڵی 2022 ژمارەی پڕۆژەكان بۆ 2،2 ملیار دۆلار بەرزبووەوە و لە ساڵی 2023دا 119 پڕۆژە بە سەرمایەی 2،4 ملیار دۆلار، لە ساڵی 2024دا 183 پڕۆژە بە سەرمایەی 3،5 ملیار دۆلار و لە 10 مانگی ساڵی 2025یشدا پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ 139 پڕۆژە بە سەرمایەی 1،7 بووە. تەنیا لە ساڵی یەكەمی دەستپێكی كابینەكەدا 2،5 ملیار و نیو وەبەرهێنان بەگەڕ خرا و تا ساڵی 2023 گەیشتە زیاتر لە 4 ملیار و 315 ملیۆن و 274،938 دۆلار، هەڵكشانی سەرمایە و ژمارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان وایان كردووە، كۆی ژمارەی پڕۆژەكان لە ساڵی 2006 تاكو (مانگی 10ی 2025) بگاتە 1475 پڕۆژە بە سەرمایەی 74.394،782،482 دۆلار.
لێرەدا دەمەوێت ڕوونكردنەوەیەكی زۆر گرنگ بخەمەڕوو، ئەویش ئەوەیە لە ساڵی 2024 زۆرترین مۆڵەت دراوە بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و ژمارەیان گەیشتووەتە 183 پڕۆژە بە سەرمایەی 3،500،330،658 دۆلار، واتە بە ڕێژەی 12،79%ی كۆی ڕێژەی ژمارەی پڕۆژەكانی هەموو تەمەنی دەستەكە، ئەمە لە كاتێكدا لە ساڵی دامەزراندنی دەستەكەوە لە ساڵی 2006 تەنیا دوو پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتی دراوەتێ بە سەرمایەی 438،307،630 دۆلار. لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان كەوتە ژێر جێبەجێكردنی ئەركێكی قورسەوە، ئەویش جێبەجێكردنی كارنامەكەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە دیدگە و كارنامەیەكی ورد و زانستییانە بوو لەپێناو بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و بووژانەوەی سێكتەرە جۆراوجۆرەكان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی یەكە ئیدارییەكان و دامەزراندنی دوو یەكەی ئیدارەی نوێی سەربەخۆ و هێنانە كایەی 11 قەزا و گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە پشتبەستن بە یەك سەرچاوەی داهات و ئابووری بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری، بەتایبەتی بۆ كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری كە زۆرترین هەلی كاری بۆ گەنجەكان و هاووڵاتیان و گوندنشین و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ڕەخساندووە. لەمەش گرنگتر هەر لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، توانرا هەرچی كەمتەرخەمی و گەندەڵی هەیە لە دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان، بەتایبەتی لە سێكتەری نیشتەجێبوون، كەموكووڕییەكان ڕابگرین و سزای تاوانی كەمتەرخەمەكانیش بدەینەوە و پڕۆژە تەواونەكراوەكانیش دەست بە جێبەجێكردنی بكرێتەوە.
* لە سەرەتای قسەكانتدا ئاماژەت بەوە كرد، كە ئامانجێكی سەرەكیی وەبەرهێنان دابینكردنی هەلی كارە بۆ گەنجان و هاووڵاتیانی كوردستان، ئایا تا چەند توانیوتانە لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و جووتیاران و كاسبكاران و پیشەوەران دابین بكەن؟
- 130 هەزار هەلی كار تەنیا لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە لە هەرێمی كوردستان دابین كراوە، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدان هەلی كاری دیكە لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە سێكتەرەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتیاری، كارەبا، پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستی و ...هتد دابین كراون. بۆ نموونە تەنیا لەم كابینەیەدا 414 پڕۆژە لە 11 سێكتەر بە بڕی 16،6 ملیار دۆلار بەگەڕ خراون، هاوكات ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەكانی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە، كە ئەگەر ئەمەش حیساب بكرێت، ئەوا ژمارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ 680 پڕۆژە بەرز دەبێتەوە. لەپێناو دابینكردنی هەلی كار بۆ زۆرترین هاونیشتمانی، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنماییمان دەركردووە كە ڕێژەی دەستی كاری خۆماڵی لەناو پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا نابێت لە 75% كەمتر بێت و چاودێری و بەدواداچوونی توندیشمان كردووە. لەلایەكی دیكەوە لە ئەمساڵدا گرنگییەكی تایبەت بە وەبەرهێنانی خۆماڵی دراوە، ئەوەتا لەو 139 پڕۆژەیەی نیشتەجێبوونە 138پڕۆژەیان خۆماڵی بووە و تەنیا یەك پڕۆژەی هاوبەش هەبووە.
* گەورەترین دەستكەوت و وەرچەرخان لەبواری وەبەرهێنان «فرەچەشنكردنی ئابووری و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات» بوو، كە سەدان هەلی كاریشی بۆ گەنجان دابین كردووە، دەكرێت بە ژمارە و داتا ئەم دەستكەوتەمان بۆ باس بكەیت؟
- لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمدا توانرا وەبەرهێنان لە سێكتەری بیناسازی و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونەوە بەرەو بوارەكانی وەبەرهێنانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و تەندروستی و پەروەردە و بازرگانی و بانكەكان و پیشەسازیی نەوت و خزمەتگوزاریی گشتی بڕۆین، وەنەبێت وەبەرهێنانی نیشتەجێبوونیشمان فەرامۆش كردبێت، كە پێداویستی و داواكارییەكی زۆری لەسەرە. لێرەدا بە داتا و ژمارە ڕاستییەكان دەخەمەڕوو كە بە خۆشحاڵییەوە تەنیا لە ساڵی 2024 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوەتە 51 پڕۆژەی پیشەسازی. لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەت كە جەخت لەسەر سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری كراوەتەوە و لە ڕیزبەندی پێشەوەدا كەرتی كشتوكاڵ و دواتر كەرتی پیشەسازی دێت، كە 16 ناوچەی پیشەسازی هەیە، لە قۆناغی بونیادناندان، یان وەكو هەلی وەبەرهێنان خراونەتە ڕوو لە چوارچێوەی نەخشەی وەبەرهێناندا دانراون، كە بە گشتی 1500 هەلی وەبەرهێنان لە كوردستاندا لەخۆ دەگرن. بە شێوەیەكی گشتی ژمارەی مۆڵەتدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بەپێی سێكتەرەكان، ژمارەیان 183 پڕۆژە بووە. تەنیا لە ساڵی 2024 بە سەرمایەی 3،500،330،658 دۆلار بەم شێوەیە بووە: پیشەسازی 51 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار، نیشتەجێبوون 27 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 1،5 ملیار دۆلار، بازرگانی 41 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 387 ملیۆن دۆلار، گەشتیاری 28 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 322 ملیۆن دۆلار، تەندروستی حەوت پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 150 ملیۆن دۆلار، فێركردن 15 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 64 ملیۆن دۆلار، كشتوكاڵی پێنج پڕۆژە بە نزیكەی 37،4 ملیۆن دۆلار، وەرزشی شەش پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 9،5 ملیۆن دۆلار، هونەری یەك پڕۆژە بە سەرمایەی 7،8 ملیۆن دۆلار و خزمەتگوزاری دوو پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 9،7 ملیۆن دۆلار.
خۆ ئەگەر باسی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی ئەمساڵ بكەین كە لەم 10 مانگەی ساڵی 2025 مۆڵەتیان پێدراوە، 139 پڕۆژە بووە بەم شێوەیە: بازرگانی 54، پیشەسازی 33، گەشتیاری 11، نیشتەجێبوون 11، فێركردن10، تەندروستی 7، كشتوكاڵی 5، خزمەتگوزاریی4، وەرزشی 3، هونەری 1».
بەمەش داتا و ژمارەكان ئەو ڕاستییە دەردەخەن كە وێڕای هەموو ئەو ئالنگاری و بەربەست و ئاستەنگانەی لە بەردەم كار و چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دانراون، پاڵپشتی و بەدواداچوون و خەمخۆرییەكانی سەرۆكی حكومەت توانی بەسەر هەموو ئەم ئالنگاری و بەربەستانەدا زاڵ بێت و وەبەرهێنان لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بێت. زیادبوونی ژمارەی كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەكان جوانترین بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو گەشە و بووژانەوە ئابوورییەن كە لەم كابینەیەدا بەدیهات. بەشێوەیەكی گشتی زۆر لەو دەستكەوت و پڕۆژە و كارانەی بەدەست هاتن، لە ڕێگەی هاندان و ڕاكێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆ و بیانییەوە بووە، بۆ نموونە لە كەرتی گەشتیاری 118 پڕۆژە بە گوژمەی 48،7 ملیار دینار ئەنجام دراون. وەربەرهێنانی كشتوكاڵی لە ڕێژەی 1،8% بۆ 8% بەرز كرایەوە و بەرهەمهێنانی كارەبا 1340 مێگاوات زیاد كرا و، بە دەیان زانكۆ و قوتابخانە و وێستگەی كارەبا و هۆتێل و میوانخانە و مۆڵ و كارگە و كارخانە لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە دامەزران.
* زۆر جار گلەیی ئەوە دەكرێت كە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە ناو سەنتەری شارە گەورەكان و بگرە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا بە هاوسەنگی دابەش نەبوون، لەم پێناوەدا چی كراوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بە دادپەروەری دابەش بكرێت؟
- كارئاسانی و هاوكاری و لێخۆشبوونی زۆرمان بۆ ئەو وەبەرهێنانە كردووە كە لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان وەبەرهێنان دەكەن، هەرچەندە وەبەرهێنان بە دوای ئارامی و سەقامگیریی ناوچەیەكەوەیە كە پڕۆژەكەی كەڵكی ئابووریی هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەبەرهێنانمان لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كردووە، بۆ نموونە لە ساڵی 2024 بەم شێوەیە بووە: هەولێر 71 پڕۆژە، سلێمانی 31 پڕۆژە، دهۆك 36 پڕۆژە، هەڵەبجە یەك پڕۆژە، ئیدارە سەربەخۆكانیش بەم شێوەیە بووە: گەرمیان 18 پڕۆژە، سۆران 3 پڕۆژە، ڕاپەرین 13 پڕۆژە، زاخۆ 10 پڕۆژە. لە ئەمساڵیشدا تاوەكو 9/10/2025 پڕۆژەكان بەم شێوەیە دابەش بوون: هەولێر86، دهۆك 21، سلێمانی 18، هەڵەبجە1، گەرمیان 8،ڕاپەڕین 2، زاخۆ1، سۆران2.
هەموو ئەم دەستكەوت و وەرچەرخان و پرۆژانە لە سەردەمی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان و وشكەساڵی و بڕینی هەناردەی نەوتی هەرێم و زۆرجار پشێوی و ئاستەنگی نێوخۆدا بەدەست هاتوون. واتە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی و ڕاسپاردەی سەرۆكەكەی نەك هەر ڕووبەڕووی قەیرانەكان و ئالنگارییەكان بووەوە، بەڵكو بە شێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە توانی ئیدارەی بەڕێوەبردنی قەیرانەكانیش بكات و زۆربەی سێكتەرەكانیش بەرەو پێشەوە ببات.
