د. كەنعان موفتی شوێنەوارناسی دێرینی هەولێر: شوێنەوارەكانی كوردستان گەنجینەیەكن بۆ ناسنامە و داهاتووی گەشتوگوزار

د. كەنعان موفتی   شوێنەوارناسی دێرینی هەولێر:  شوێنەوارەكانی كوردستان گەنجینەیەكن  بۆ ناسنامە و داهاتووی گەشتوگوزار

 

پاراستنی شوێنەوار ئەركی تەنیا حكومەت، یان تەنیا نەتەوە نییە، بەڵكو پێویستە هەردوولا پێكەوە كار بكەن و بەرنامەیەكی تۆكمە دابڕێژرێت. هەوڵی حكومەتی هەرێم لە سێ ساڵی ڕابردوودا وەك ئاگاداركردنەوەی قەزا و ناحیەكان سەبارەت بە پڕۆژە و كارە شوێنەوارییەكان بۆ پاراستنیان، هەروەها نووسینی ناونیشانی شوێنەوارەكان، ئەمە هەوڵێكی باش بوو.

ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، ڕۆڵێكی گەورەیان هەیە لە ڕۆشنبیركردنەوەی خەڵكدا، بۆیە زۆر گرنگە گرنگیدان بە شوێنەوار لە تەمەنی سەرەتایی منداڵییەوە دەست پێ بكات، چونكە خۆشویستنی شوێنەوار لەو تەمەنەدا دەچەسپێت. وەك نموونە سەردانی منداڵان بۆ مۆزەخانەی لۆڤەر كە چۆن هانی قوتابیان دەدرێت وێنەی كەلوپەلە كۆنەكان بكێشن، بۆ پەیداكردنی خۆشەویستییەك بۆ مێژوو. بۆیە هیوادارم وەزارەتی پەروەردە قوتابیان هان بدات بۆ سەردانی مۆزەخانەكان، چونكە ئێستا سەردانیكارانیان كەم بوونەتەوە. گەورەترین كار و مایەی شانازی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كاتە دەركەوت، كە بەشی شوێنەواری لە زانكۆی سەڵاحەدین كردەوە و مامۆستایانی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون لە بەغداوە هێنران بۆ پەرەپێدانی ئاستی زانستی بەشەكە. ئێستا وێڕای دەرچوونی ژمارەیەكی زۆری قوتابیی زانكۆكانی كوردستان لەگەڵ زانكۆ پێشكەوتووەكانی وڵاتانی وەك فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریكا كار دەكەن لەسەر هەڵكۆڵین و توێژینەوەی زانستی. هەروەها بوونی پەیمانگایەكی شوێنەوار لە هەولێر كە د. عەبدوڵڵا خورشید سەرپەرشتی دەكات. هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئاستی وڵاتە پێشكەوتووەكان، بەڵام سەرەتایەكی باشمان هەیە.

ئێستا لە زۆربەی قەزا و شارۆچكە گەورەكان وەك (ئاكرێ، كۆیە، ڕەواندز، سۆران و ئامێدی) بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری خۆیان هەیە. هەرچەندە ژمارەی فەرمانبەرانیان كەمە، بەڵام لەژێر دەستی حكومەتی هەرێمن و هەر مەترسییەك ڕووبەڕوویان بێتەوە، ئاگاداری سەنتەرە گشتییەكان دەكەنەوە و ڕاپۆرتی ڕۆژانە پێشكەش دەكەن. بێگومان ڕۆشنبیری و خۆشویستنی فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ خاكی كوردستان وای كردووە كە وای لێكردوون ببنە پارێزەری شوێنەوارەكان.

شوێنەوارەكانمان ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە دەبنەوە وەك:

• هەڕەشەی سرووشتی: وەك لافاو، ڕووخان و كاریگەرییەكانی دیكەی سرووشت، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێك لە شوێنەوارەكانی لەناو برد.

• هەڕەشەی مرۆیی: وەك دەستكاری و هەڵكۆڵینی نایاسایی لەلایەن كەسانێكەوە كە هێشتا گرنگیی مێژوویی شوێنەوار نازانن.

• دەستی دەرەكی: كە لە ڕێگەی سنوورەكانەوە هەندێك گرووپی نابەرپرس هەوڵ دەدەن، خەڵكی ناوخۆ فریو بدەن بۆ كڕین و فرۆشتنی شوێنەوار، یان دزینیان.

• تێكدانەكانی داعش: لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥، ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش زیانی زۆر گەورەی بە مێژوو و شارستانیەتی كوردستان گەیاند.

بەڵام وێرای ئەمانەش دەرچوونی یاسای پاراستن و بەرێوەبردنی شوێنەوار كە لە ساڵانی 2020و 2021 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا، ئێستا كارا كراوە بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان. هەرچەندە ئێستا گەشتیاران بۆ بینینی شوێنەوارەكان سەردانی كوردستان دەكەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئاستی وڵاتانی وەك میسر و ئیتاڵیا. میسر نزیكەی ٢٥-٣٠ مۆزەخانەی هەیە بۆ هەموو تەمەنەكان، بەڵام لە كوردستان مۆزەخانەكان ڕیكلامیان بۆ ناكرێت و خەڵك ئاشنایی پێیان نییە.

سەبارەت بە پەرەپێدانی گەشتوگوزاری شوێنەواری، وەك نموونە دۆزینەوەی كەلەسەری مرۆڤی نیاندرتاڵی لە ئەشكەوتی شانەدەر لەلایەن تیمی بیانییەوە كە لەسەر ئاستی جیهان بڵاوكرایەوە و بووە هۆی ڕاكێشانی گەشتیارێكی زۆر بۆ ئەشكەوتەكە. هەر بۆیە ئەمە ئەركی دەستەی گەشتوگوزار و وەزارەتی شارەوانییە كە ڕیكلامی زیاتر بۆ شوێنەوارەكان بكەن و بیانخەنە لیستی ناوچە گەشتیارییەكانەوە. پێشنیاری من ئەوەیە كە كۆمپانیا گەشتیارییەكان دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و لەگەڵ گەشتە سرووشتییەكانیاندا، سەردانی شوێنەواریش بخەنە بەرنامەكانیان. دانانی تابلۆ و لۆگۆی ناوچە شوێنەوارییەكان لە دەروازەی فڕۆكەخانە و شارەكان، دەتوانێت وەك ناسنامەیەك بۆ شارستانیەتی كوردی خزمەت بكات و گەشتیاران هان بدات بۆ سەردانیكردنیان. بۆ ئەوەی بە ڕەخساندنی ژێرخانی گونجاو و پاراستنی شوێنەوارەكان، كوردستان ببێتە ناوەندێكی سەرنجڕاكێشی گەشتیاری نێودەوڵەتی.

 

Top