هونەرمەند فەزل شاكر خۆی ڕادەستی هێزەكانی سوپای لوبنان كرد

هونەرمەند فەزل شاكر خۆی ڕادەستی هێزەكانی سوپای  لوبنان كرد

ئەگەرچی هونەرمەندی لوبنانی (فەزل شاكر)ماوەیەكی زۆر دووركەوتەوە لە گۆرانی و كاری هونەریی,بەڵام دواجار ساڵی 2018 گەڕایەوە گۆرانی چڕین و بەرهەمی نوێی بڵاوكردەوە هاوكات هەر لەو ماوەیەدا بەپێی یاسا وەكو هەڵاتوویەك سزای بەندكردنی لەسەربوو,بەڵام لە ئێستادا (فەزل شاكر) لە دەروازی كەمپی عەین حلوە خۆی ڕادەستی هێزەكانی سوپای  لوبنان كردووە,كە ئەمەش وەك هەنگاوێكە بۆ داخستنی دۆسییەكەی و مامەڵەكردن لەگەڵ یاسای وڵاتەكەی.

هۆكاری دەستگیركردنی فەزل شاكر ئەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەكانی ساڵی 2013 كاتێك لایەنگرانی ئەحمەد ئەسیر و لەگەڵ هێزەكانی سوپای لوبنانی لە خاڵێكی پشكنین لە شارۆچكەی عەبرا ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە,لە ئەنجامدا 18 سەرباز و 11چەكدار بوونە قوربانی,بەم هۆیەوە سوپای لوبنانی دوای زانیاری و لێكۆڵینەوەكانی هەڵدەكوتێتە سەر كۆمەڵگەیەك كە شوێنی لایەنگرانی ئەحمەد ئەسیر و هێزە چەكدارەكانی بوو و توانیان دەست بەسەر ژمارەیەك چەكی سووك و قورسدا بگرن كە ئەم شوێنە ئەسیر و چەكدارەكان لە نێویاندا فەزل شاكر وەكو بارەگا بەكاریان دەهێنا.

لە ساڵی 2017 دادگای سەربازیی لوبنانی سزای 15 ساڵ بەندكردن لەگەڵ كاری قورسی بەسەر فەزل شاكردا سەپاند,وە سزایەكی دیكەی بۆ دەرچوو ئەویش بە 7ساڵ بەندكردن و پێبژاردنی 5ملیۆن لیرە بەو پێیەی كە فەزل شاكر هاوكاری دارایی هێزێكی تیرۆریستی كردووە.

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

Top