بەڕێوەبەری قوتابخانە و سەرکردەی پەروەردەیی

بەڕێوەبەری قوتابخانە و سەرکردەی پەروەردەیی

 

(جۆن ماكسویل) نوسەر و شارەزا لە بواری سەركردایەتی دەڵێ"یەكەمین هەنگاوەكانی سەركردایەتی بریتیە لە خزمەت كردن".
بێگومان كارگێڕی هەر قوتابخانەیەك بریتییە لە پڕۆسەیەكی پلاندانان و ڕێكخستن و كارگێڕیی و كارامەیی كە ئامانج و مەبەست جێبەجێكردن و بەدیهێنانی كۆمەڵێ ئامانجی پەروەردەیی و فێركردنە، لە ئەنجامی هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان دەستەی كارگێڕی لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و كەسوكاری قوتابیان تاوەكو بتوانن كەشێكی لە بارو گونجاو وشیاو بۆ هەمووان دەستەبەر بكەن لە ڕووی پەروەردە و فێركردن.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێ باسی بكەم بە كورتی ڕۆڵ و ئەركی دەستەی كارگێڕی قوتابخانە و بەرێوەبەری قوتابخانەیە لەسەرەتای دەستپێكردنی ساڵی نوێ خوێندن. لای هەمووان ڕوونە بەرێوەبەری قوتابخانە بەرزترین پۆست و بەرپرسیاریەتی هەیە لە قوتابخانەدا و هەمیشە نموونەی هەرە بەرزی دامەزراوەكەیە كەوا مامۆستایان و قوتابیان بە چاوی ڕێزەوە سەیری دەكەن. بەرێوەبەری قوتابخانە هەمیشە دەبێ پێشەنگێكی باش و پەروەردەیی بێت لە قوتابخانەكەدا دادپەروەر و دڵسۆز بێت لە هەموو ڕوویەكەوە، سەركەوتنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن سەرەتا دەكەوێتە بەرپرسیاریەتی بەرێوەبەرەوە، بۆیە گرینگە بەرێوەبەر چەترێك بێت بۆ هەمووان بە یەكسانی و دادپەروەری باوك و دایك و براو خوشكی گەورەی هەمووان بێت. پلانی ساڵانە و مانگانە و هەفتانەی ئامادەكردبێت، بەردەوام چاودێری ڕێكخستن و بەدواداچوونی كۆی پڕۆسەكە بكات لە هەموو ڕوویەكەوە. هەموو پێداویستییەكانی قوتابیان و مامۆستایان فەراهەم بكات و ژینگە و كەشێكی پەروەردەیی لە باروگونجاو دەستەبەر بكات، بەردەوام پاڵپشتیكارێكی ئەمان و پارێزراو بەهێز و پەروەردەیی بێت بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكە.
ئاشكرایە پێش دەستپێكردنی دەوام پێویستە قوتابخانە پاك و خاوێن بێت و ڕازاوە بێت و ببێتە مایەی سەرنجی قوتابییەكان تا هەست بە ئارامی بكەن و هەر خۆی بەرێوەبەر سەرپەرشتی نوێكردنەوەی سەرجەم داتاكانی ناو سیستەمی (ئی-پەروەردە) بكات بە هەموو بڕگەكانی تایبەت بە قوتابخانە و خۆی سەرپەرشتی دابەشكردنی بەشەوانەكان بكات بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لە نێوان مامۆستایانی هاوپسپۆڕ و مامۆستایان بە گشتیی. دڵنیا بێت لەوەی هەموو هۆبە و پۆلەكان بە شێوەیەكی هاوسەنگ قوتابیان دابەش كراون، مامۆستایان دەستیان بە وانەگوتنەوە كردوە و پەرتووك و پێداویستی تر بەسەر قوتابیان دابەش كراون.
لە بیرمان نەچێت گرنگترین بابەت و بەرپرسیاریەتی بەرێوەبەر ئەوەیە بەردەوام ئامۆژگاری قوتابیان بكات و وشیاریان بكاتەوە لە كاتی ڕیز بوونی بەیانیان یان سەردانی پۆل و هۆبەكان كەوا پاك و خاوێن و ژینگەی قوتابیان بپارێزن و ئەوە ماڵی ئەوانە هەمووان بۆ ئەوان لێرەن، ئەوان ئەمانەتی كۆمەڵگەن مامۆستاش ویژدانی كۆمەڵگەیە، قوتابیان ڕابهێنن لە سەر خۆشەویستی ڕێزگرتن بۆ مامۆستاكانیان و قوتابییەكانی تر و هۆبە و پۆل و قوتابخانە و گەرەك و گوند و شارەكەیان خۆش بوێت و نیشتمان و كوردستانیان خۆش بوێت و لە داهاتوودا ئەوان بەرپرسیاریەتی بەڕێوەبردنی نیشتمان و وڵات دەگرنە ئەستۆ، نیشتمان و وڵات هی ئەوانە دەبێ بە پاكی ڕایبگرین و بیپارێزین لە هەموو ڕوویەكەوە، بۆیە هەروەكو دەڵێن(بەرێوەبەر چۆن بێت، قوتابخانە وا دەبێت).

بەکر کەریم حەسەن
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top