یاسا، بەناوكردنی ئوتۆمبێل
ئۆتۆمبیلم كڕیوە و گرێبەستی پێشانگام هەیە، بەڵام خاوەنی ساڵیانە ئۆتۆمبیلەكە بەناوم ناكات، ئایا ئەو گرێبەستە گواستنەوەی خاوەندارێتیی پێ دەكرێت ؟. نەخێر، لەبەر ئەوەی بەپێی بەشی پێنجەم / بڕگەی / 7 لە یاسای هاتووچۆ ژمارە 86 ساڵی 2004 هیچ مامەڵەیەكی فرۆشتن و گرێبەستێكی پێشانگاكان كاری پێ ناكرێت تا تۆمار نەكرێت لە بەڕێوەبەرایەتی تایبەتمەند “هاتووچۆ“ تا ئەو شكلیەتە نەیەتە دی كە بڕگەی 3 لە هەمان بەش دیاریی كردووە، كە ئەویش بریتییە لە ئامادەبوونی خاوەنی پێشووی ئۆتۆمبیلەكە “خاوەن ساڵیانە “ و خاوەنی ئێستای یان جێگرەوەكانیان بەپێی یاسا لەبەردەم ئەفسەری تۆماركردن و، دداننان بە گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبیلەكە و دانی ڕسمی قانونی بۆ گواستنەوە و تۆماركردنی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ. لە عێراق ئەم كێشەیە چارەسەركراوە و گرێبەستی پێشانگاكان كاری پێ دەكرێت بەپێی ئەحكامی ماددە 10/ بڕگە / چوارەم لە یاسای نوێی هاتووچۆی عێراقی ژمارە 8ی ساڵی 2019 كە تیایدا كڕیاری ئۆتۆمبیل، یان ئەو كەسەی لەژێردەستیەتی“حائز“ كاتێك خاوەن سەنەوی تۆماری نەكرد بەناوی لە ماوەی 30 ڕۆژ دا لە ڕێگەی ئەنجامدانی داوای یاسایی، لە دادگای بەرایی داوای گواستنەوەی خاوەندارێتی دەكات، بەپێی گرێبەستی پێشانگاكە و، دادگا بڕیاری بۆ دەدات و ئۆتۆمبیلەكە لە هاتووچۆ بەو بڕیارە تۆمار دەكرێت بەناوی كڕیارەوە، بێ ئامادەبونی خاوەنی ساڵیانە.
