ناوە جۆراوجۆرەكانی باران
دەستەیەك وشەی هاوبەش لە چەمكە گشتییەكانیان و جیاواز لە خەسڵەتە تایبەتیەكانیاندا كێڵگەیەكی سیمانتیكی پێك دەهێنن Semantic Field وەك ڕەنگەكان (سەوز، سوور، مۆر، ڕەش، سپی، زەرد ..هتد) هەموو ڕەنگن، بەڵام جیان لە خەسڵەتەكانیاندا. هەستەكان (خۆشەویستی، شادی، هیوا، ڕك، قین، بێزاری، پەستی، هەموو هەستن)، بەڵام جیاوازن لە جۆر. باران گەلێ جۆری هەیە، ناوی جۆرەكان كێڵگەی سیمانتیكی باران پێك دەهێنن بەم جۆرە: ڕەهێڵە- ڕێژنەبارانی توند و بەخوڕ، پڕژە - بارانێكی زۆر كەم و ورد، شلێوە - بەفر و باران پێكەوە، بەختەباران - بارانی كۆتایی بەهار، بازڕیشك - باران بە باوە، ڕەشێنە - وردە بارانی لەسەرخۆ، نمە - بارانێكە بە بڕی كەم و نەرمنەرم، كڵاو بەسەرە - بارانێكی توندی دڵۆپ گەورە، شەستە - بارانێكی بە خوڕی توند، باڕشت - بارانێكی هێمن، كژەباران - بارانێكی لە كاتی خۆیدا. گەنەباران - لە وەرزی پاییز لەپێش پەڵەدا دەبارێ، سەرپەڵە - لە كاتی سەرپەڵەدا دەبارێت، نەرمەباران - بۆ ماوەیەكی زۆر بە نەرمی دەبارێت، لێزمەباران - بارانێكی زۆرە و بەخوڕ، دەبارێت، ڕێژنە - بارانێكی لە نێوان نەرمە باران و لێزەمەدا، زیاتر لە وەرزی بەهاردایە، شەستەباران - بارانێكی بەهێزە زیاتر لە وەرزی بەهاردا دەبارێت، بارانی بەخورزم - بارانێكی بەهێزە خرمە و زرمەی لە سەربانی گڵ هەڵدەستێنێ، ڕشێنەباران -بارانێكە زەوی ئاوڕشێن دەكات و بڕەكەی زۆر نییە. تاوەباران - كاتەكەی درێژ نییە، بڕەكەی لە نێوان مامناوەند و زۆردایە. باوبۆران - باران بە با و ڕەشەباوە. زریان - بارانێكی تێكەڵ بە بەفرە و سەرما و بای لەگەڵدایە، بەختەباران - لە كۆتایی بەهاردا دەبارێت، بارانبڕان - كۆتایی بەهارە و بارانبارین دەبڕێتەوە، دوودانگ - بەفر و باران پێكەوە.
