ڕیككاردۆ ئەلكارۆ توێژەر لە ئەنستیتوتی كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە ئیتاڵیا بۆ گوڵان: ترەمپ نەك هەر فرەلایەنیی پشتگوێ خستووە، بەڵكو بە ئاشكرا دژایەتیشی دەكات
ڕیككاردۆ ئەلكارۆ، توێژەرە لە ئەنستیتوتی كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە ئیتاڵیا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا دەدات، پێشتریش توێژەر بووە لە دامەزراوەی بروكینگز. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە هەوڵەكانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ ئەوەی ڕێچكەیەكی سەربەخۆ بگرنەبەر و كەمتر پشتبەستوو بن بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
* سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، ئایا ئەوروپا كە هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆییەكی ستراتیژی دەدات، ئەمە چ كارلێكێكی هەبووە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا؟
- لە ڕاستیدا خەونی یەكێتیی ئەوروپا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆییەكی ستراتیژی، زیاتر پرسێك بووە كە بەلای كەمەوە بۆ دەیەیەك و ڕەنگە بتوانین بڵێین بۆ دەیەیەك زیاتریش دەبێت كە پشتیوانی كراوە لەلایەن سەركردە ئەوروپییەكانەوە، بەڵام دەبێت لەم ڕووەوە دوو خاڵ لەبەرچاو بگرین، یەكەمیان ئەم بابەتە، یان ئەم خەونە لەلایەن هەندێ لە سەركردەكانی ئەوروپاوە گوزارشتی لێ كراوە و پشتیوانیی لێ كراوە، لە كاتێكدا سەركردەكانی دیكە بە گومانەوە لەم مەسەلەیەیان ڕوانیوە، واتە گومانیان هەبووە لە بارەی چەمكی سەربەخۆیی ستراتیژی و سوودی گرتنەبەری ئەم ڕێچكەیەوە. گومانەكەش لەوەدایە كە بۆ ئەوەی ئەوروپا بگاتە ئاستی ئەو سەربەخۆبوونە ستراتیژییەی كە پشتیوانەكانی ئەم چەمكە خوازیارین، ئەوا دەبێت یەكێتیی ئەوروپا هەنگاوی زیاتر بەرەو ئاوێتەبوون هەڵبگرێت بەراورد بەوەی تا ئێستا ئەنجام دراوە، كە ئاشكرایە بەشێكی زۆری ڕای گشتیی ئەوروپا پاڵپشتی لەم پرسە دەكەن. هەرچۆنێك بێت، تەنانەت ئەگەر بوار و پانتاییەكی سیاسییش هەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئاوێتەبوونێكی زیاتر لەسەر ئاستی یەكێتیی ئەوروپا، ئەوا زۆر كەس گومانیان هەیە لەوەی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ستراتیژی دەرئەنجامێكی سوودبەخشی لێ بكەوێتەوە، لە كاتێكدا پێویستی پشتبەستن بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پتر هەستی پێ كراوە بەراورد بە 30 ساڵ پێش ئێستا، واتە لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە. بە دڵنیاییەوە، ئەمە لە بەشێكیدا پەیوەندیدارە بە دژایەتیی ئاشكرای ڕووسیا بۆ كۆمەڵگەی ڕۆژئاوا و بە ئاراستەی ئەوروپا، یەكێتیی ئەوروپا، ناتۆ و تا ڕاددەیەكیش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. لە ئێستاشدا ئەو ڕێچكەیەی ئیدارەی ترەمپ گرتوویەتەبەر، بووەتە هۆی هاتنەئارای گفتوگۆیەكی جیاواز، لەو ڕووەوە كە بووەتە مایەی پشتڕاستكردنەوەی بۆچوونی ئەو كەسانەی كە پێداگرییان دەكرد لەسەر ئەوەی دەبێت ئەوروپا پتر پشت بە خۆی ببەستێت، ئەویش بۆ ئەوەی خۆیان لە دۆخێدا نەبینیوە كە لە بارێكی لاواز و لەرزۆكدا بن، ئەگەر هاتوو ئەمریكا سیاسەتەكانی خۆی بەرانبەر ئەم كیشوەرە گۆڕی، یا ئەگەر هاتوو پابەندبوونەكانی كەم كردەوە لە ئاست ئاسایشی ئەوروپا، هەروەك ئەوەش لە ئێستادا ئەنجامی دەدات. هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێین كە ڕەخنەگرانی سەربەخۆیی ستراتیژی دابەش بوون، لەلایەك دەرك بەوە دەكەن كە دەستڕۆیشتووییەكی كەمیان هەیە بۆ ئەوەی كاریگەر بن لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆ ئەوەی درێژە بە پابەندبوونەكانی بدات لە ئاست ئاسایشی ئەوروپا. پێش دەستبەكاربوونی ترەمپ، ئەوانەی پشتیوانیی ئەم پرسەیان دەكرد، باشتر دەیانتوانی بەرگری لە بۆچوونەكانیان بكەن، ئەویش لەو ڕوانگەیەی كە دەیانتوانی دڵسۆزیی پتر بۆ ئەمریكا بخەنەڕوو و لە بەرانبەردا زەمانەتی ئەمنیی باشتر بەدەست بهێنن، بەڵام ئێستا هەست دەكەن كە دۆخەكە چیتر بەم شێوەیە نییە، واتە هەرچەندە دەیانەوێت مەرایی بۆ ترەمپ بكەن، بەڵام ناتوانن ئەو زەمانەتە ئەمنییە لەلایەن ئەمریكاوە بەدەست بهێنن كە خوازیارین. كەواتە، تا ڕاددەیەك ئەوان گرفتیان نییە لەگەڵ ئەوەی تواناكانی ئەوروپا زیاتر بكەن، كە ئەمەش بووەتە پێویستییەك. لەم ڕووەوە دەتوانم بڵێم كۆدەنگییەكی زیاتر هەیە لەسەر بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ستراتیژی، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئەم خواستە نەگۆڕاوە بۆ پرۆگرامێكی كرداری، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك، یەكەمیان ئەوەیە كە هێشتا زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا بە ئومێدی ئەوەن بتوانن لە ڕێی بەڵێنپێدان و مەراییكردن بۆ ترەمپ كارێك بكەن ئەمریكا پابەندبوونەكانی خۆی لە ئاست ئەوروپادا درێژە پێ بدات، لە كاتێكدا باش دەزانن كە ناتوانن ئەو بەڵێنانەی بە ترەمپی دەدەن، جێبەجێی بكەن. هەرچۆنێك بێت، ڕەنگە ئەمە بەس بێت بۆ ئەوەی ئەمریكا لانی كەم زەمانەتی ئەمنییان بۆ دەستەبەر بكات، بۆ ئەوەی هەست بكەن پارێزراون و بۆ ئەوەی بەردەوامی بە پشتیوانییەكانیان بدەن بۆ ئەوروپا. هۆكاری دووەم ئەوەی كە هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپا هێشتا باوەڕیان وایە دەتوانن گرفتەكانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا تێپەڕێنن. هەروەها هۆكاری سێیەمیش هەیە، كە لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا، ڕەوتی سیاسیی ڕاستڕەو لە هەڵكشاندایە، كە لە بواری سیاسەتی دەرەوە و لە ئاست ئۆكرانیادا هەمان تێڕوانینی ئیدارەی ترەمپیان هەیە.
* پێت وایە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئیدارەی ترەمپ بریتییە لەوەی فشار لەسەر یەكێتیی ئەوروپا بكات بۆ ئەوەی سەربەخۆتر بێت، ئایا ئەمە لەگەڵ خواستەكانی ئەم وڵاتانەدا یەك ناگرێتەوە؟
- من هیوادار بووم كە ئیدارەی ترەمپ خواستی ئەوەی هەبووایە كە ئەوروپا پتر پشتی بە خۆی ببەستایە، خۆ ئەگەر بێت و لە لێدوانی هەندێ لە ئەندامانی ئیدارەكە ورد بیتەوە، ئەوا بۆت دەردەكەوێت كە ئەمە كەیسەكەیە، بەڵام واقیع تەواو جیاوازە، واتە كاتێك كە ئیدارەی ترەمپ دەڵێت دەمانەوێت ئەوروپا پتر پشت بە خۆی ببەستێت و بەرپرسیارێتییەكی زیاتری ئاسایش و پاراستنی بخاتە ئەستۆی خۆی، ئەوا مەبەستێتی كە خەرجییە سەربازییەكانی زیاتر بكات، بەڵام دەیەوێت ئەم خەرجییە سەربازییانە بۆ كڕینی چەكی ئەمریكی بەكار بهێنن. كێشەكە ئەوەیە ئەگەر چەكی زیاتر لە ئەمریكا بكڕن، ئەوا دەبێت پتر پشت بە ئەمریكا ببەستن، چونكە ئەمانە چەكی پێشكەوتوون و بە كڕینیان ئەوا پێ دەنێتە نێو پەیوەندییەكی درێژخایەنەوە كە لایەنی دەستەبەركار نەك هەر تەنیا چەكەكەت بۆ دابین دەكات، بەڵكو پارچەی یەدەگ و نوژەنكردنەوە و چەند پرۆسەیەكی دیكەشت بۆ ئەنجام دەدات. مەبەستم ئەوەیە بەم شێوەیە تۆ سەربەخۆیی بەدەست ناهێنیت، بەڵكو پتر خۆت وابەستە دەكەیت بە ئەمریكاوە. دواتر مەسەلەكە هەر تەنیا لە چەكدا كورت نابێتەوە، بەڵكو ئەوەتا ئیدارەی ئەمریكا دەیەوێت تاریفەی گومرگیی زیاتر بەسەر ئەوروپادا بسەپێنێت. لەلایەكی دیكەوە ئەوە بەدی دەكەین كە چۆن ئەمریكا خواستی ئەوروپا- بۆ ئەوەی ئەمریكا درێژە بە پابەندبوونەكانی بدات لە بەرانبەر ئۆكرانیا- بەكار دەهێنێت، بە چەشنێك زۆر زەحمەت بێت بۆ ئەوروپا كە ئەم كارە بكەن و، خۆ ئەگەر ئەم كارەش بكەن، ئەوا خۆیان لە دۆخێكدا دەبیننەوە كە زیاتر پشتبەستوو بن بە ئەمریكا. ئێوە بڕوانن لە ئێستادا خودی ترەمپ ڕایگەیاندووە كە ئامادەیە گوشاری زیاتر لەسەر ڕووسیا بكات، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی كە وڵاتانی ئەوروپا تاریفەی گومرگیی زیاتر بەسەر هیندستان و چیندا بسەپێنن.
* چۆن ئەوروپا دەتوانێت دەستڕۆیشتوویی خۆی برەو پێ بدات، لە ڕۆژگارێكدا كە ململانێی جیوپۆلەتیكی و داكشانی فرەلایەنی و پشتگوێخستنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان تێیدا باڵادەستە؟
- ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە لە ئێستادا ئەوروپا دەتوانێت كارێك كەمتر لەم ڕووەوە بكات بەراورد بە ڕابردوو، كە تێیدا پابەندبوونی ئەوروپا بە فرەلایەنی و پابەندبوون بە یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەكانەوە پراكتیزەی قبووڵكراو بوون و لەو كاتەدا ئەوروپا بەشێك بوو لە سیستمە ڕۆژئاواییەكە، كە سەرەڕای جیاوازییە ناوخۆییەكانی نێوان وڵاتان، بەڵام بە هەمان ئاراستەدا كاریان دەكرد، كە ئاشكرایە ئێستا دۆخەكە بەم شێوەیە نییە. ئەوەتا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەركردایەتیی دۆناڵد ترەمپ نەك هەر فرەلایەنیی پشتگوێ خستووە، بەڵكو بە ئاشكرا دژایەتیشی دەكات، بگرە تاكلایەنییەكی توند و فراوانخوازیشی گرتووەتە بەر، كەواتە توانای ئەوروپا بۆ كاریگەربوون لەسەر نۆرمە نێودەوڵەتییەكان زۆر كەم بووەتەوە. دواتر من پێم وایە گەمژەییە ئەگەر پێیان وابێت كە برەودان بە پێگەی ئەوروپا بە پەرەپێدانی هێزە سەربازییەكەیدا تێناپەڕێت، لەم ڕووەوە چەند ئامانجێك هەیە، یەكەمیان پاراستنی ئەوروپا، دووەمیان زیادكردنی كاریگەریی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا، بەڵام دەبێت ئامانجی كۆتایی بریتی بێت لە بەرگریكردن لە نۆرم و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و فرەلایەنی، لەبەر ئەوەی پێشتر ئێمە بەدیلمان تاقی كردووەتەوە و دەرئەنجامەكەش بریتی بوو لە جەنگی جیهانی، كە كەسمان نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە، لە كاتێكدا دەبێت ئەوەش بڵێین كە سەركردەكانی ئەوروپا هەندێ هەنگاویان هەڵگرتووە كە بە ئاراستەی پێچەوانە بووە و بوونەتە هۆی لاوازكردنی شەرعییەتی یاسای نێودەوڵەتی و فرەلایەنی.
