سێلین مارانجێ پسپۆڕی باڵای كاروباری ڕووسیا و ئۆكرانیا لە سكووڵی سەربازیی فەرەنسا بۆ گوڵان: ئامانجی پووتین لە داگیركاری، تۆڵەسەندنەوە و تێكدانی ئاسایشی ئەوروپا و ئۆكرانیایە، تا دیكتاتۆرییەتی خۆی بەتەواوی بسەپێنێت

سێلین مارانجێ  پسپۆڕی باڵای كاروباری ڕووسیا و ئۆكرانیا لە سكووڵی سەربازیی فەرەنسا بۆ گوڵان:  ئامانجی پووتین لە داگیركاری، تۆڵەسەندنەوە و تێكدانی ئاسایشی ئەوروپا و ئۆكرانیایە، تا دیكتاتۆرییەتی خۆی بەتەواوی بسەپێنێت

دكتۆر سێلین مارانجێ، توێژەرێكی پسپۆڕی كاروباری ڕووسیا، ئۆكرانیا و بێلاڕووسە لە پەیمانگەی توێژینەوەی ستراتیژی لە سكووڵی سەربازیی فەرەنسی. كارەكانی تیشك دەخەنە سەر سیاسەتی دەرەوە و بەرگریی ڕووسیا، نوخبە سیاسی و سەربازییەكان، ستراتیژییەكانی هەژموون و ئاسایشی پۆست-سۆڤیەت، لای ئەو لێتێگەیشتن لە جەنگی ڕووسیا، پێویستی بە تێڕوانینێكە لەولای بەرەكانی جەنگ و شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە. لەم دیمانەیەدا ململانێكان دەخاتە چوارچێوەی مێژووی فراوانخوازیی ئیمپریالی و تۆڵەسەندنەوەی پۆست-سۆڤیەتەوە. هەروەها ئامانجەكانی كرێملین تاوتوێ دەكات و ڕوونی دەكاتەوە بۆچی ئاگربەست ئاشتییەكی نەگۆڕ دەستەبەر ناكات.

 

• لە سۆنگەی ڕەگ و ڕیشە مێژووییەكانی جەنگی ئۆكرانیا و ئامانجە مەترسیدارەكانی «پوتین»ـەوە، دەپرسین: بۆچی نوخبەی سیاسیی ئەوروپا بە هۆی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە بە تەواوی لە كولتووری ستراتیژی و ئارەزووی تۆڵەسەندنەوەی ئەفسەرەكانی «كەی جی بی» تێبگەن؟

- جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەرەنجامی فراوانخوازیی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤیەتە، ئەم ململانێیە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستی پێ نەكردووە، بەڵكوو ڕەگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، كاتێك ڕووسیا كریمیای بە خۆیەوە لكاند و ناسەقامگیریی لە دۆنباس دروست كرد، كە بووە هۆی كوژرانی هەزاران كەس. پاڵنەری سەرەكیی پوتین ئیمپریالیزم و تۆڵەسەندنەوەیە، ئامانجەكانی بریتین لە: لەناوبردنی سەروەریی ئۆكرانیا، تێكدانی سیستمی ئاسایشی ئەوروپا، چەسپاندنی دیكتاتۆریەتی سەربازی لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا، بە مەبەستی گەیشتن بە باڵادەستیی ڕەها. تێنەگەیشتنی ئەوروپا لەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی سیستمی ڕووسیای نوێ بۆ توندڕەوی، لەگەڵ خۆشباوەڕیی سەركردەكانی كیشوەرەكە، كە پێیانوا بوو پێكەوەگرێدانی ئابووری دەتوانێت ئاشتی دەستەبەر بكات. ئەوان وایان دەزانی سەردەمی بەكارهێنانی هێز كۆتایی هاتووە. گەورەترین هەڵەی ئەورووپییەكان تێنەگەیشتن بوو لە كولتووری ستراتیژیی نوخبەی ئەفسەرانی دەزگای كەی جی بی، ئەم نوخبەیە ڕووخانی سۆڤیەتیان بە گەورەترین كارەسات زانی و نەیانتوانی فراوانبوونی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا بە هیچ شێوەیەك قبووڵ بكەن، فەرامۆشكردنی ئەم ڕاستییانە وای كرد ئەوروپا هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی خۆی دەرك پێ نەكات.

• لەكاتێكدا ڕووسیا پاساوی جیاواز بۆ جەنگەكەی دەهێنێتەوە، ئایا پێناسەی ڕاستەقینەی سەركەوتن لای كریملین چییە؟ ئایا ئامانجە ستراتیژییەكانی مۆسكۆ تەنیا لە ئۆكرانیا كورت دەبنەوە، یان پڕۆژەیەكی گەورەترە بۆ گۆڕینی سیستمی جیهانی؟

- بۆ تێگەیشتن لە چەمكی سەركەوتن لای كریملین، دەبێت سەرەتا بە وردی شرۆڤەی گێڕانەوەكانی مۆسكۆ بۆ ململانێكان بكەین. بۆ چەندین ساڵ سەركردەكانی ڕووسیا بە چەواشەكارییەوە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە جەنگەكە تەنیا ململانێیەكی ناوخۆیی نێوان جیاخوازەكان و سوپای ئۆكرانیایە، بەمەش پەردەیان بەسەر ڕۆڵی خۆیاندا دەپۆشی، لە ڕاستیدا، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٢، ئەو هێزانە بە تەواوی پشتیان بە هاوكارییە سەربازی و سیاسی و داراییەكانی مۆسكۆ دەبەست. پێش هێرشە فراوانەكەش، هەڵمەتێكی چڕی پڕوپاگەندە دەستی پێكرد بۆ قایلكردنی خەڵك بەوەی كە «دەستەیەكی فاشیست» دەسەڵاتی لە كیێڤ گرتووەتە دەست و هەڕەشەی كۆمەڵكوژی لە ڕووسی زمانەكانی دۆنباس دەكات، ئەم درۆیانە پاساوێكی ئاشكرا بوون بۆ ئەوەی داگیركارییەكی سەربازی وەك پرۆسەیەكی مرۆیی نیشان بدرێت.

ئەمڕۆ ڕووسیا جەنگەكە وەك ململانێیەكی بەوەكالەت لەگەڵ ڕۆژئاوا دەناسێنێت، بەڵام ئۆكراینییەكان وەك خەباتێكی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزمی ڕووسی دەیبینن. ئەم تێگەیشتنە جیاوازانە گرنگن بۆ تێگەیشتن لە ئامانجە ڕاستەقینەكانی مۆسكۆ، ئامانجی كریملین تەنیا داگیركردنی خاكی زیاتر نییە، بەڵكو دەیەوێت ئەو پێگە باڵادەستەی سەردەمی جەنگی سارد لە ئەوراسیا بەدەست بهێنێتەوە، سەركەوتنی ڕاستەقینە لای ڕووسیا بریتییە لە لەناوچوونی ناتۆ، یان تێكچوونی یەكڕیزیی یەكێتیی ئەوروپا، چونكە ئەم دامەزراوانە ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی هەژموونی مۆسكۆ.

سەركردەكانی ڕووسیا پێیانوایە لە ململانێیەكی گەورەدان دژی ڕۆژئاوا، كە زۆر لە ئۆكرانیا تێدەپەڕێت. ئەوان هەوڵی لەكەداركردنی دیموكراسی دەدەن و دەیانەوێت سیستمێكی نوێی جیهانی دابمەزرێنن كە تێیدا وڵاتە زلهێزەكان و ئیمپراتۆریەتە كۆنەكان خاوەنی ناوچەی هەژموونی تایبەت بە خۆیان بن، ئەمەش تەواو ئیمپریالیزمێكی نوێیە كە ئامادە نییە ددان بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیدا بنێت. ئەگەر ئامانجەكانی كریملین تەنیا لە ڕێگەی گۆڕانكارییەكانی بەرەكانی جەنگەوە هەڵبسەنگێنین، ئەوا بێگومان ئەم پڕۆژە سیاسییە گەورە و فراوانەمان بە تەواوەتی لێ ون دەبێت.

• لە كاتێكدا جیاوازییەكی ڕوون لە نێوان وەستانی شەڕ و ڕێككەوتنی سیاسیدا دەكەین، بە لەبەرچاوگرتنی كشانەوەی ئەمریكا و هەڵبژاردنەكانی ئەوروپا، ئایا چارەنووسی ئەم جەنگە و ئاسایشی ئۆكرانیا بەرەو چ ئاراستەیەك دەچێت؟

- زۆر ڕاست دەكەیت كە جیاوازییەكی ڕوون لە نێوان كۆتاییهێنان بە شەڕ و ڕێككەوتنی سیاسیدا دەكەیت. وەستانی شەڕ بە واتای چارەسەری ململانێكان نایەت، ئاگربەست دەكرێت ببێتە پشوویەكی سەربازی بۆ ئەوەی دوژمن هێزەكانی خۆی بۆ هێرشێكی گەورەی دیكە ڕێك بخاتەوە، بەرپرسانی ئۆكرانیا بەردەوام ئاگاداری ئەم مەترسییەن، هەر بۆیە ئەوان بیركردنەوە لەو سازشە خاكییانە ڕەت دەكەنەوە كە مۆسكۆ داوای دەكات و واشنتن هانی دەدات، ئەم جۆرە سازشكردنە تەنیا گۆڕینی هێڵەكانی سەر نەخشە نییە، بەڵكو دەبێت ئۆكرانیا دەستبەرداری سەنگەرە بەهێزەكان و شارە گرنگەكان ببێت، ئەمەش وادەكات بۆ هێرشەكانی داهاتوو لاوازتر بێت، بەم شێوەیە ڕێككەوتنێك كە توانای بەرگریی ئۆكرانیا لاواز بكات، لەبری ئاسایشی بەردەوام، زەمینە بۆ گوشاری سەربازیی نوێ خۆش دەكات. هەروەها، مەترسییەكی سیاسیی ناوخۆییشی هەیە، چونكە سازشكردن دەتوانێت یەكڕیزیی نەتەوەیی تێك بدات و تەنانەت ببێتە هۆی یاخیبوون لە ناو سوپادا.

ئۆكرانییەكان دەزانن ناتوانن لە گۆڕەپانی جەنگدا سەركەوتن بەدەست بهێنن. لە شەش مانگی ڕابردوودا، ستراتیژی لەكارخستنی ستراتیژییان گرتووەتەبەر، ئەوان هەوڵ دەدەن هێڵەكانی پشتیوانیی ڕووسیا بپچڕێنن بە زیادكردنی هێرشەكان لە قووڵایی ٣٠ بۆ ٣٠٠ كیلۆمەتر. لە هەمان كاتدا، ئۆكرانیا دەیەوێت ئابووریی ڕووسیا لاواز بكات و وێنای پوتین تێك بدات، ئەویش لە ڕێگەی هێرشكردنە سەر ژێرخانی بەندەرەكان، پاڵاوگەكانی نەوت و كارگەكانی چەك لە قووڵایی زیاتر لە ٣٠٠ كیلۆمەتر، ئەمەش مەترسیی هەیە، چونكە پوتین گەیشتووەتە خاڵی نەگەڕانەوە، فشارەكان لەبری دانوستان، پاڵنەری پەرەسەندنی زیاتری جەنگن. ڕووسیا هێرشە درۆنییە بێبەزەییەكانی بۆ سەر باڵەخانە مەدەنییەكانی كیێڤ چڕتر كردووەتەوە و كردەوەی تێكدەرانە لە ئەوروپاش ئەنجام دەدات، بۆیە گەیشتن بە ئاگربەست، یان دانوستانی ڕاستەقینە لە مانگەكانی داهاتوودا دوورە. مەرجەكانی ڕووسیا بە واتای خۆبەدەستەوەدانی ئۆكرانیا دێن، ئۆكرانییەكانیش قوربانیی زۆریان داوە و ناتوانن خۆیان بەدەستەوە بدەن. پرسیاری هەنووكەیی ئەوەیە: ئایا بە كشانەوەی ئەمریكا، پشتیوانیی ئەوروپا بەردەوام دەبێت؟ حكومەتەكانی ئەوروپا لەسەر پێدانی گرەنتیی ئەمنی كۆكن، بەڵام هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەشێت پارتە پۆپۆلیستەكان بهێنێتە دەسەڵات، كە دژی ئەو ڕێكارەن. ئاستەنگەكە ئەوەیە ئایا ئەوروپا دەتوانێت ئەو یەكڕیزی و هاوكارییە كردارییە بپارێزێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات پشوویەكی كاتیی شەڕ، ئۆكرانیا بخاتە بەردەم مەترسیی دەستدرێژییەكی نوێوە.

• لە بەرانبەر هەڕەشە فرەڕەهەندەكانی ڕووسیا كە هێزی سەربازی لەگەڵ چەواشەكاریی دیجیتاڵی بۆ لاوازكردنی دیموكراسیی ئەوروپا تێكەڵ دەكات، چۆن دەتوانرێت ستراتیژییەكی ئەمنیی گشتگیر بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتان لەپاڵ بەهێزكردنی یەكگرتوویی كۆمەڵگوكان دابڕێژرێت؟

- ئالنگارییە ئەمنییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی باو تێپەڕیون، بەڵكو هەڕەشەی ئەتۆمی و لێكەوتە سیاسییەكانی زانیاریی چەواشەش لەخۆ دەگرن، بۆ تێگەیشتن لە مەترسییەكان، دەبێت ڕەهەندەكان پێكەوە هەڵبسەنگێنین. ڕووداوەكانی گۆڕەپانی جەنگ گرێدراوی هەوڵەكانی لاوازكردنی كۆمەڵگەكان و گۆڕینی هاوسەنگیی هێزن. مانەوەی ئۆكرانیا وەك وڵاتێكی سەروەر و خاوەن بڕیار لەژێر هەڕەشەدایە، هەروەها ئاسایشی ئەوروپا و توانای بەرگریكردنی لە بەرانبەر ڕووسیادا، لەپاڵ چارەنووسی دیموكراسیی لیبڕاڵیدا كە لە ساڵی ١٩٤٥ـەوە باڵادەستە، ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە، ئەمەش لەنێو ژینگەیەكی نێودەوڵەتیی ئاڵۆز و سیاسەتێكی پێشبینینەكراوی ئەمریكادا دەگوزەرێت، سەرەڕای ئەوەش، ڕەوشەكە بێئومێدكەر نییە. ئێستا ئەوروپا لە شێوازەكانی ڕووسیا تێگەیشتووە، كە تێكەڵەیەكە لە هێزی سەربازی، تۆقاندنی ئەتۆمی، تێكدەرایەتی و چەواشەكاری بۆ ئیفلیجكردنی بڕیاردان. ئەم هێرشە تێكەڵاوانە كە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە زیاتر لە ١٥٠ جار تۆمار كراون و لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٦ـەوە مەترسیدارتر بوون، ئامانجیان لاوازكردنی یەكڕیزیی ئەوروپا و لەكەداركردنی دامەزراوە دیموكراسییەكانە.

ستراتیژیستانی ڕووسیا، بە پشتبەستن بە میراتی هەواڵگریی سۆڤیەت، لاوازكردنی سیاسیی نەیارەكانیان وەك پێشینە دەبینن و لە نێو پلانی سەربازیشدا جێگیریان كردووە. شۆڕشی دیجیتاڵی، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ژیریی دەستكرد، ئامرازی نوێیان بۆ دروستكردنی پشێوی و دابەشكردنی نێو كۆمەڵگەكان ڕەخساندووە، ئامرازەكان گۆڕاون، بەڵام ئامانجی سەرەكی وەك خۆی ماوەتەوە، تێگەیشتن لەم ڕاستییە پێمان دەڵێت كە ئامادەیی سەربازی بە تەنیا بەس نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.

بۆیە پێویستە وەڵامدانەوەی ئەوروپا گشتگیر بێت، هێزی سەربازی، هۆشیاریی جەماوەری و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی دەبێت وەك توخمی پێكەوەبەستراو سەیر بكرێن. ئەگەر ستراتیژیی دوژمن بۆ دابەشكردنی كۆمەڵگەكان بێت، ئەوا پاراستنی توانای كاركردنی هاوبەش دەبێتە پێداویستییەكی ئەمنی. خۆئامادەكردن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەكی چەكداری و بەهێزكردنی توانای بەرگەگرتنی كۆمەڵگە لە بەرانبەر دەستكاریكردنی هزریدا، بەشێكن لە یەك ئەركی هاوبەش، كە ئەویش ڕێگریكردنە لە پەكخستنی حكومەتە دیموكراتەكان و ئەو گەلانەی كە نوێنەرایەتییان دەكەن بە تەواوی.

• لە كاتێكدا ڕووسیا سەرەڕای زیانە قورسەكانی ئابوورییەكەی خستووەتە خزمەتی جەنگەوە، ئەوروپا چۆن دەتوانێت سەرچاوەكانی ڕێك بخات و ستراتیژییەكی بەرگریی گشتگیر دابڕێژێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان و گەرەنتییكردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە داهاتوودا؟

- هاوڕام كە بونیادنانەوەی تواناكانی سوپا كاتی دەوێت، بووجەی زۆرتریش دەستبەجێ هێزی سەربازیی ئامادە بۆ هەموو ئەگەرێك بەرهەم ناهێنێت. ئەوروپا هێزێكی سەربازیی بەتوانای هەیە، بە ئەزموونی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانیی گەورەوە، وەك جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش، كە تێیدا هێزە كوردییەكان پشتیوانییەكی یەكلاكەرەوەیان پێشكەش كرد، بەڵام سوپاكانی ڕۆژئاوا ڕاهاتوون لە كەشێكی لەباردا كار بكەن. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا، كە توانای جەنگی ئەلیكترۆنی و هێرشی ئاسمانیی چڕی هەیە، ئەو پێوەرانە دەگۆڕێت. ڕووسیا ئابوورییەكەی خستووەتە خزمەتی جەنگەوە و ساڵانە ملیۆنان گوللە تۆپ، درۆن و مووشەك بەرهەم دەهێنێت. لەبەر ئەمە سێ ئەولەوییەتمان هەیە: یەكەم، بەهێزكردنی یەكگرتوویی نیشتمانی لەڕێگەی بەرگریی گشتگیر، كە تێیدا كۆمەڵگە و دامەزراوە مەدەنییەكان هاوشانی سوپا بەرپرسیارێتییەكە هەڵدەگرن. دووەم، زیادكردنی یەدەگی تەقەمەنی و خێراكردنی بەرهەمهێنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە دووبارەكان و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەكان. سێیەم، پاراستنی ژێرخانە هەستیارەكان، كە بۆ كاتی ئاشتیش سوودیان دەبێت. لە هەمان كاتدا نابێت لاوازییەكانی ڕووسیا نادیدە بگرین. مۆسكۆ زیانێكی گیانیی گەورەی بەركەوتووە، زیاتر لە سێسەد هەزار سەرباز و حەوت هەزار ئەفسەر كوژراون، سەدان هەزار كەسی لێهاتووش وڵاتیان جێهێشتووە. لەسەر ئاستی ستراتیژییش ئەم جەنگە كارەساتێكی گەورە بووە. فینلاند و سوید چوونەتە ناو ناتۆ و مۆسكۆش ئێستا زیاتر پشت بە چین دەبەستێت. هاوكات، ئابووریی ڕووسیا تووشی هەڵئاوسان بووەتەوە، لە كاتێكدا 38% بووجەكەی بۆ بەرگریی تەرخان كردووە. وەك وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا گوتی، ئابووریی ڕووسیا تەنیا یەك لەسەر دەی ئابووریی وڵاتانی ئەوروپایە، لە كاتێكدا دە هێندەی ئابووریی ئۆكرانیایە كە دوازدە ساڵە بەرگریی دەكات. ئەوروپا سەرچاوە و توانایەكی یەكجار زۆری هەیە، ئاستەنگییە سەرەكییەكەمان ئەوەیە چۆن ئەم توانایانە ڕێك بخەین، یەكڕیزیی خۆمان بپارێزین، تا خاڵە بەهێزەكانمان بكەینە هێزێكی تەواو باوەڕپێكراو بۆ ئەركی بەرگریكردن لە خۆمان.

 

Top