دەیڤید ڕیگۆلێت-ڕۆزێ توێژەری پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ شیكاریی ستراتیژی بۆ گوڵان: هەرێمی كوردستان چیتر واقیعێكی كاتی نییە، بەڵكو وەك جەمسەرێكی كاریگەر و دانەبڕاو لە نێو هاوكێشە ئاڵۆزەكانی جیۆپۆلیتیكی ناوچەكەدا چەسپاوە
دەیڤید ڕیگۆلێت-ڕۆزێ، یەكێكە لە دیارترین توێژەرە فەڕەنسییەكان لە بواری جیۆپۆلیتیك و ستراتیژیدا، توێژەری پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ شیكاریی ستراتیژی (IFAS) و پەیمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە(IRIS). خاوەنی پسپۆڕییەكی قووڵە لە دۆسیەی ئێران و هەروەها جیۆپۆلیتیكی ئاو و گۆڕانكارییەكانی وڵاتانی كەنداو. ئەم ئەكادیمییە فەڕەنسییە بە شیكردنەوە وردەكانی لە كەناڵە جیهانییەكانی وەك فەرەنسا ٢٤ و تی ڤی پێنج مۆند دەناسرێتەوە. دیدگاكانی ئەو لە ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی ئەوروپا وەك سەرچاوەیەكی بابەتیی گرنگ سەیر دەكرێن. لەم دیمانە تایبەتەدا جیا لە ڕەوشی ئاڵۆزی نێوان ئەمریكا و ئێران و وڵاتانی كەنداو، چەندین بابەتی دیكە وەك عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.
• تاران پەیامە دژبەیەكەكانی ترەمپ بۆ هەڕەشە و دانوستان چۆن لێك دەداتەوە، كام فشار دەبێتە هۆی سازش و كامەشیان وا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكات بڕوا بكەن كە هەر جۆرە سازانێك هەڕەشەیە بۆ مانەوەیان؟
ململانێی ئێستای ئێران لە بنبەستێكی ستراتیژیدایە كە سەرچاوەكەی بێمتمانەیی ڕەهای نێوان جەمسەرەكانە، ئەم دۆخە چەقبەستووە بووەتە هۆی درزێكی قووڵ لە نێوان دوو باڵی دژبەیەكدا، لە لایەك میانڕەوەكان بە پێشەنگی مەسعوود پزیشكیان، عێراقچی و قاڵیباف، سازش وەك تاكە دەرچە بۆ ڕزگاركردنی وڵات لە قەیرانەكان دەبینن. قاڵیباف پێیوایە بێ باشكردنی بژێویی خەڵك، تەنیا هێزی سەربازی مانەوەی ڕژێم ناپارێزێت. لە بەرانبەردا، توندڕەوەكانی وەك جەلیلی و ڕەزایی، هەر جۆرە نەرمییەك ڕەت دەكەنەوە و دانوستانكاران بە «خائین» ناو دەبەن. دوای كوژرانی خامنەیی ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێكی ئیسرائیلدا، ململانێكان گەیشتوونەتە لووتكە. هەوڵی لادانی عێراقچی بەهۆی تۆمەتی كۆبوونەوەی نهێنی لەگەڵ ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری ترەمپ، ئاماژەیەكی ڕوونی ئەم پشێوییەیە، ئەم جەنگە سیاسییە ناوخۆییە گەورەترین بەربەستە لە بەردەم هەر جۆرە هەوڵێكی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری كۆی قەیرانە سیاسی و ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان، كە ئێستا ڕووبەڕووی وڵاتەكە بوونەتەوە لەم جیهانە پڕ ئاڵۆزییەی ئەمڕۆدا، كە تێیدا هیچ ئاسۆیەكی ڕوون بۆ ڕێككەوتن و سازشی سیاسی بەدی ناكرێت.
• ئایا فشارە سەربازی و ئابوورییە درێژخایەنەكان ستراتیژی تاران بەرەو ئاشتی دەبەن، یان دەبنە هۆی پەرەسەندنی گرژیی وەكالەتی و دەریایی؟ چۆن گۆڕانی ستراتیژیی هەمیشەیی لە جووڵەی كاتی و تاكتیكی جیا دەكرێتەوە؟
تەوەرەی ستراتیژیی ئێران لە هەستێكی ناسیۆنالیستیی قووڵدایە، كە تاران بۆ قەرەبووكردنەوەی كورتهێنانی شەرعییەتی سیاسیی خۆی قۆستوویەتەوە. هەرچەندە ڕژێم جەخت لە تەسلیمنەبوون دەكاتەوە، بەڵام ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ سەلماندی كە لە كاتی تەنگپێهەڵچنیندا سازش دەكەن. ئێستا بۆ پاراستنی مانەوە، پەنا بۆ ئاڵۆزی دەبەن. هێرشەكانی ساڵی ٢٠٢٦ بۆ سەر ژێرخانی كەنداو بە ئامانجی دوورخستنەوەیان لە ئەمریكا بوو، بەڵام ئەنجامی پێچەوانەی دایەوە و بووە هۆی یەكگرتنی (قەتەر، سعوودیە، ئیمارات) و داواكردنی پاراستنی سەربازییان لە واشنتۆن. هەڕەشەی حوسییەكان بۆ سەر ڕیاز و گەرووە ئاوییەكان، بێمتمانەییەكی گشتگیری لای دراوسێكان دروست كردووە، بەجۆرێك كە ئێستا تەنیا بژاردەی كۆنتڕۆڵكردن بە بەرپەرچدانەوەیەكی تەواو نابینرێت. ئەم دۆخە نایەقینە و پڕ لە وەرچەرخانە وای كردووە هاوپەیمانییەكی ناوچەیی دژی سیاسەتەكانی تاران بە شێوەیەكی خێرا و گشتگیر لە پێناو ئاسایشی گشتیی ناوچەكەدا دابڕێژرێتەوە.
• چ توخمێك پێشنیارەكەی میری قەتەر بۆ ئاسایشی بەكۆمەڵ لای سعودیە پەسەند دەكات؟ ئایا پاراستنی كەشتیوانی و وزە دەستپێكە؟ ئەمە چۆن لەگەڵ هاوبەشییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا ڕێك دەخرێت و كارلێك دەكات؟
- ئامانج لەم پێشنیازە، سەقامگیركردنەوەی بنەما نێودەوڵەتییەكانی ئازادیی دەریاوانییە كە ڕەفتارە نایاساییەكانی تاران خستوونیەتە ژێر مەترسییەكی جددییەوە، هەر جەنگێكی گریمانەیی دژی ئێران، نەخشەی ئەمنیی ناوچەكە بە تەواوی دادەڕێژێتەوە، پرۆسەیەك كە ئێستا ڕەنگی داوەتەوە. ئێران بە مەبەستی دەرپەڕاندنی بنكەكانی ئەمریكا، فشاری سیاسی دەخاتە سەر وڵاتانی خانەخوێ، بەڵام واشنتۆن بۆ بەرپەرچدانەوەی تاران، خەریكی جێگیركردنی هێزەكانیەتی لە ناوچە دوورەدەستەكاندا. لەم سۆنگەیەوە هاوپەیمانیی «سامی» و «پەیمانی مەككە» لە نێوان سعوودیە، پاكستان و توركیا لە ئابی ساڵی ٢٠٢٦دا وەك بەرەیەكی بەرگریی تۆكمە چەسپان، دۆناڵد ترەمپ هانی ئەم «ناتۆ ناوچەییە» دەدات تا ئەركی ئاسایشی بەكۆمەڵ بگرنە ئەستۆ و ئەمریكا وەك چاودێرێكی باڵای ستراتیژی بمێنێتەوە. ئەم گۆڕانكارییانە ئاماژەن بۆ قۆناغێكی نوێ كە تێیدا پاراستنی ئاسایش دەبێتە ئەركێكی ناوخۆیی و ئەمریكا تەنیا ئاراستەی گشتیی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان دەپارێزێت و هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی ڕێك دەخاتەوە.
• عێراق چۆن دەتوانێت گفتوگۆكان بگۆڕێت بۆ ڕێككەوتنی ئەمنی و پاراستنی ڕێڕەوە ستراتیژییەكان، تا دوور لە ململانێی جەمسەرەكان، وەك كاراكتەرێكی سەربەخۆ ڕۆڵی لە چەسپاندنی ئاشتی و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكەدا بگێڕێت؟
- بەغدا لە هاوكێشەیەكی سیاسیی ئاڵۆزدا، هەوڵی پاراستنی هاوسەنگییەكی پڕ لە ئاستەنگ لە نێوان هەردوو جەمسەرە نەیارەكەی، واتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەدات، ئەو دوو هێزەی كە گرووپە چەكدارە هاوپەیمانەكانیان بەردەوام لە بنكۆڵكردنی سەروەریی نیشتمانیی عێراق دەدەن. عەلی ئەلزەیدی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، بەڵێنی بە لایەنی ئەمریكی دابوو كە خەریكی تەواوكردنی پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانیانن لە مانگی سێپتێمبەردا، كە تاوەكو كۆتایی سێپتێمبەری ٢٠٢٦ سەرجەم میلیشیاكان چەك بكات و بیانخاتە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، كەچی تاران بۆ پاراستنی هەژموون و كاریگەریی سیاسیی خۆی لە بەغدا، هەموو توانایەكی بۆ پەكخستنی ئەم پرۆسەیە خستووەتەگەڕ، ئەمەش حكومەتی عێراقی ناچار كردووە وادەی چەككردنەكە بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ دوا بخات، لەم نێوەندەدا بەغدا كە لە هەوڵی گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت و قۆرخكردنی چەكدایە، ڕووبەڕووی كۆسپێكی دارایی گەورە بووەتەوە، چونكە داهاتە نەوتییەكانی لە ڕێگەی بانكی فیدڕاڵیی واشنتۆنەوە تێپەڕ دەبن، ئازادكردنی ئەو پارانەش بە سیاسی كراوە و پەیوەستە بە ڕەزامەندیی ئیدارەی ئەمریكاوە. واشنتۆن لە كاردانەوەی دواكەوتنی خشتەی چەككردنی گرووپەكان، ئامادە نەبوو بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بلۆككراوی عێراق ئازاد بكات، بەغدا بۆ سەلماندنی جددییەتی خۆی، گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئەو كۆمپانیا ئێرانییانە پچڕاند كە لەلایەن «سكۆت بێسێنت» وەزیری خەزێنەی ئەمریكا، لە چوارچێوەی دەسپێشخەریی «دەركراوی ئابووری» خراونەتە لیستی ڕەشەوە.
پێگەی جیۆپۆلەتیكی عێراق بە هۆی شوناسە عەرەبییەكەی و زۆرینەی مەزهەبە شیعەكەیەوە، تایبەتمەندییەكی ناوازەی پێ بەخشیوە كە لە ناوچەكەدا تەنیا بەحرەین هاوشێوەیەتی، ئەم پێگە جیاوازە وای كردووە عێراق بتوانێت لەسەر تەختەی شەترەنجی ناوچەكە، وەك «كۆسپێك» لە بەردەم پەرەسەندنی ململانێكاندا دەور ببینێت و ببێتە هۆكارێك بۆ ڕێگریكردن لە تەقینەوەی بارودۆخەكە.
• لە سایەی گۆڕانكارییەكاندا، باشترین دەرفەت بۆ هەولێر چییە تا پەیوەندیی ئابووری و دیپلۆماسی لەگەڵ سعوودیە و كەنداو بەهێز بكات، چۆن لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بكات و هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش بپارێزێت؟
- دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، وەرچەرخانێكی مێژوویی و ستراتیژی بوو كە باشووری كوردستانی وەك جەمسەرێكی كاریگەر و دانەبڕاو لە نێو هاوكێشە ئاڵۆزەكانی جیۆپۆلیتیكی ناوچەكەدا چەسپاند، ئەم پێگەیە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە چوارچێوەی دەستووری فیدڕاڵیی ساڵی ٢٠٠٥دا شەرعییەتێكی دامەزراوەیی و یاسایی قووڵی پێ بەخشرا. لە ئێستادا، ئۆتۆنۆمی چیتر وەك قۆناغێكی كاتی و سەرەتایی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی دەوڵەتی نابینرێت، بەتایبەت دوای لێكەوتە سیاسییەكانی ڕیفراندۆمەكەی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧، كە نە حكومەتی ناوەندیی بەغدا ددانی پێدا نا و نە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریكاش پاڵپشتییان لێ كرد. لەبری ئەوە، قەوارەی هەرێم وەك واقیعێكی سیاسیی جێگیر دەردەكەوێت كە تێپەڕاندنی ئەستەمە و ڕۆڵێكی جیۆپۆلیتیكی هەرە گرنگیش دەگێڕێت، ئەم بایەخە لە دوو ڕەهەندی سەرەكییەوە سەرچاوە دەگرێت: یەكەم، سامانی نەوت و وزە كە هەرێمی خستووەتە نێو كایەی جیۆپۆلیتیكی وزەی جیهانی و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو، دووەم، توانای ناوازەی هەرێم لە پێكهێنانی كەناڵی گفتوگۆ لەگەڵ جەمسەرە نەیار و دژبەرەكان، وەك توركیا، ئێران و ئەمریكا. ئەم پێگە دیپلۆماسییە تایبەتە دەتوانێت یارمەتیدەرێكی ستراتیژی بێت بۆ حكومەتی ناوەندی لە بەغدا، تا لەجیاتی كەوتنە نێو كێشمەكێشی بەرژەوەندییە دژبەرەكان، بەرەو جۆرێك لە هاوسەنگی و سەقامگیریی سیاسی هەنگاو بنێت، كە خزمەت بە گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئاسایشی گشتی بكات و ببێتە هەوێنێك بۆ ئاشتییەكی بەردەوام لە سەرانسەری ناوچەكەدا.
• ئایا پەیوەندیی هەولێر و پاریس تا چەند لە ڕەهەندە مێژووییەكانەوە بەرەو بەرژەوەندیی ستراتیژیی وزە و وەبەرهێنان گۆڕاوە؟ ئەم وەرچەرخانە چۆن كار دەكاتە سەر بەهێزكردنی پێگەی سیاسیی هەرێم لە هاوكێشە ئیقلیمییە ئاڵۆزەكاندا؟
- پەیوەندیی مێژوویی و ستراتیژیی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە نێوان پاریس و هەولێردا، خاوەن ڕەگێكی قووڵە كە مێژووەكەی بۆ ساڵی ١٩٩١ و هەوڵەكانی دانیال و فرانسوا میتران بۆ چەسپاندنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش دەگەڕێتەوە. ئەم دۆستایەتییە بە كردنەوەی كونسووڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر و نوێنەرایەتیی هەرێم لە پاریس گەشەی سەند، تا لە ساڵی ٢٠١٩دا گەیشتە واژۆكردنی پەیمانی برایەتی لە نێوان هەردوو پایتەختدا. دوای ڕاگەیاندنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی ئاسمانیی هەولێر لە ٣٠ی ئەیلوولی ڕابردوو و كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانان، پێویستیی پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ فەڕەنسا زیاتر بووە، ئەم هەماهەنگییە تەنیا ڕەهەندی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نییە، بەڵكو بوارەكانی گەشەپێدان، ئابووری و وەبەرهێنانی وزە دەگرێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی سامانی نەوتی هەرێم و هەوڵە بەردەوامەكان بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی وشكانیی جێگرەوە بۆ گەرووی هورمز، كە بە هۆی سیاسەتە ڕێگریكارەكانی ئێرانەوە كەوتووەتە مەترسییەوە، ڕۆڵی فەڕەنسا وەك هاوبەشێكی جێمتمانە لە ناوچەكەدا بایەخێكی بێوێنەی پەیدا كردووە، چونكە پاریس هەمیشە وەك پشتیوانێكی سەرسەختی مافە ڕەواكانی گەلی كورد و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا داكۆكیكارێكی سەرەكی بووە لە قەوارەی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی كورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە هەرێمییە فرەڕەهەندە ئاڵۆزەكاندا.
• ئایا گەیشتووینەتە كۆتایی پەیمانی سایكس-پیكۆ؟ فەڕەنسا تا چەند ئامادەیە ددان بە واقیعە نەتەوەییە نوێیەكانی دوای جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش و ناسەقامگیریی عێراق و سووریادا بنێت؟
- ڕێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ كە لە ساڵی ١٩١٦دا بۆ دابەشكردنی پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی داڕێژرا، لە ئێستادا ڕووبەڕووی گۆڕانكاریی زۆر گەورە بووەتەوە. هەرچەندە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا هەوڵی جددیی دا بۆ سڕینەوەی ئەم سنوورانە، بەڵام شكستی هێنا. پرسی نەتەوەیی كوردیش، بەتایبەت دوای دامەزراندنی هەرێمی كوردستان لە عێراق، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتیی لە جیوپۆلیتیكی ناوچەكەدا دروست كردووە. سەرەڕای ناتەواویی سنوورەكان و ناكۆكییە نەتەوەییەكان، جۆرە كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتی هەیە كە دەبێت پارێزگاری لەم سنوورانە بكرێت، چونكە هەر جۆرە گۆڕانكارییەكی فەرمی دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و كاولكارییەكی گەورە لە سەرتاسەری ناوچەكەدا، ڕێك هاوشێوەی دۆخی وڵاتانی كیشوەری ئەفریقا. لەباتی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتەكان، پێویستە هانی دەسەڵاتدارانی سیاسیی ناوچەكە بدرێت بۆ دداننان بە فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینی و كولتووری، هەروەها دابینكردنی مافەكان لە چوارچێوەی دەوڵەتەكاندا، بە مەبەستی سەقامگیریی سیاسی. پێویستە دەوڵەتەكان بە ڕێزگرتن لە ناسنامەی جیاواز، سیستمێكی دیموكراسی و جێگیر بنیاد بنێن و ڕێگری لە هەرەسهێنان بكەن، تاوەكو ئاشتییەكی هەمیشەیی و تەواو بۆ هەموو گەلانی ناوچەكە لە ناو ئەم سیستمە نوێیەدا بە جوانی بچەسپێت.
