چارلس تریپ پسپۆڕی دیار و ناسراوی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: یادەوەریی ئەنفال و هەڵەبجە، جۆر و شێوازی تێڕوانینی قووڵی كوردستانییانی بەرانبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا داڕشتووەتەوە

چارلس تریپ پسپۆڕی دیار و ناسراوی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:  یادەوەریی ئەنفال و هەڵەبجە، جۆر و شێوازی تێڕوانینی قووڵی كوردستانییانی بەرانبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا داڕشتووەتەوە

پڕۆفیسۆر چارلس تریپ، پسپۆڕی دیار و ناسراوی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی سۆئاس و ئەندامی فەخریی ئەكادیمیای بەریتانییە و خاوەنی چەندین لێكۆڵینەوەی ئەكادیمیی قووڵە لەسەر مێژووی وڵاتی عێراق و بزووتنەوە بەرگرییەكان و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هونەر لە ناوچەكەدا. لەم دیدارە تایبەتەدا باس لە یادەوەریی دەستەجەمعیی نەتەوە دوای كارەساتی جینۆساید بەگشتی و یادەوەرەیی دەستەجەمعیی ئەنفال و هەڵەبجە دەكەین، هەروەها باس لە دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی ئێستای هەولێر و بەغدا دەكات.

 

• چۆن دەكرێت یادەوەریی سڕدراوەی قوربانییانی جینۆساید لە ڕێگەی داهێنانی ئەدەبی و هونەرییەوە، ببێتە بزوێنەرێكی كاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاری چەواشەكارانەی دەسەڵات و گۆڕینی هەستی ستەمكاری بۆ بزووتنەوەیەكی ڕەوای بەرەنگاربوونەوەی سیاسی و مێژوویی؟

- ئەوانەی دەگەنە لووتكەی دەسەڵات، زۆرجار بە توندوتیژی ڕێگای خۆیان دەكەنەوە، بەڵام دواتر هەوڵ دەدەن بە سیمایەكی بەخشندە یادەوەریی قوربانییەكانیان بشارنەوە. ئەم ململانێیە لەسەر یادەوەری، مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و دادپەروەرییە، چونكە فەرامۆشكردنی ئازاری چەوساوەكان، دەبێتە بزوێنەری سەرەكی بۆ بەرەنگاربوونەوە و گۆڕانكاریی گەورە لەناو كۆمەڵگەدا. لێرەدا هونەر و ئەدەب وەك قەڵایەكی بەرگریی ڕەوا، ڕێگە نادەن مێژووی پەراوێزخراوەكان بسڕێتەوە و دەبنە جەمسەرێكی كاریگەر بۆ هۆشیاریی گشتی. یەكێك لە وەهمە گەورەكانی دەسەڵات، بڕوابوونە بەوەی كە سەركوتكردن دەنگی ناڕازی كپ دەكاتەوە، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە كە پشتگوێخستنی نادادی، توندوتیژی لەناو جومگەكانی سیستەمدا بەدامەزراوەیی دەكات. ئەم میراتە تاڵە لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەگوێزرێتەوە و ناسنامە و دامەزراوەكان دادەڕێژێتەوە. ئەگەر ڕەگ و ڕیشەی ئەم سووڕە مەترسیدارە بە فەرمی نەناسرێت و دادپەروەری بەدی نەیەت، قوربانییەكان خۆیان دەبنەوە بە هۆكاری توندوتیژی دژی ئەوانی دیكە. كەواتە تەنیا دداننان بە ڕاستییەكان دەتوانێت ئەم خوێنڕشتنە بوەستێنێت و سەقامگیریی سیاسیی وڵات بپارێزێت. یادەوەری، تەنیا گێڕانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵكو ئامرازێكی زیندووی سیاسییە بۆ داڕشتنەوەی داهاتوویەكی دوور لە ستەمكاری و بونیادنانی ژیانێكی شایستە و پڕ شكۆ بۆ هەموو مرۆڤەكان بێ جیاوازی، تا تێیدا ئاشتییەكی هەمیشەیی و ڕاستەقینە باڵ بكێشێت بەسەر تەواوی ژیانی تاكی نەتەوە و كۆمەڵگەدا.

• ئەنفال و هەڵەبجە وەك برینی قووڵی یادەوەریی نەتەوەیی كورد دەمێننەوە كە دەوڵەت تێیدا توندوتیژیی بەیاسایی كرد. ئایا دەوڵەتی ئێستای عێراق دەبێت چی بكات بۆ بنیادنانەوەی متمانەی سیاسی و قەرەبووكردنەوەی ئەو قوربانییانەی كە بە هۆی نادادپەروەری و ستەمی ڕابردووەوە تووشی ئازار بوون؟

- پرسی ئەنفال تەنیا ڕووداوێكی مێژوویی ئاسایی نییە، بەڵكو جەوهەری تەنگژە سیاسییەكانی دەوڵەتی عێراقی هاوچەرخ و كۆڵەكەی سەرەكیی ناسنامەی نەتەوەیی گەلی كوردە. ئەم یادەوەرییە پڕ لە ئازار و كارەساتە، جۆر و شێوازی تێڕوانینی قووڵی كوردستانییانی بەرانبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا داڕشتووەتەوە. هەرچەندە حكومەتی ئێستا لە ڕووی ئایدیۆلۆژیای فەرمییەوە جیاوازە، بەڵام وەك میراتگری ڕەهای قەوارەی دەوڵەت، ئەركێكی قورسی ئەخلاقی و یاسایی لەسەر شانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جددیی ئەم میراتە خوێناوییە. بێدەنگیی كاتی، یان نەبوونی جووڵەی جەماوەری، هەرگیز بە واتای كاڵبوونەوەی یادەوەریی ئەنفال نایەت، چونكە ئەم برینە بەشێكی دانەبڕاو و زیندووە لە ویژدانی گشتیی كۆمەڵگەدا. بۆیە بێ هەنگاوی كردەیی، متمانە دروست نابێتەوە.

بۆ چارەسەری ئەم دۆخە ئاڵۆزە، پێویستە كۆمیسیۆنێكی نیشتمانیی سەربەخۆ بە دەسەڵاتی یاسایی تەواوەوە دابمەزرێت تا دادپەروەری بۆ قوربانییان فەراهەم بكات و دەنگی كپكراویان ببیسترێت. ئەزموونی وڵاتی تونس فێری كردین كە تەنیا گێڕانەوەی شایەتحاڵەكان بەس نییە، بەبێ هەنگاوی كردەیی و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی كۆنكرێتی، تووڕەییە پەنگخواردووەكان هەرگز ساڕێژ نابن. مەترسیی هەرە گەورە لەوەدایە كە بەرژەوەندییە سیاسی و حزبییەكان ببنە ڕێگر لەبەردەم ئاشكرابوونی ڕاستییەكان. هاوكات، كەرتی پەروەردە پێویستی بە چاكسازییەكی بنەڕەتی و مۆدێرن هەیە تا مێژوویەكی گشتگیر و ڕاستەقینە بخاتە ڕوو، كە تێیدا چەمكی هاووڵاتیبوونی یەكسان بچەسپێنرێت و ددان بەو ستەمە مێژووییانەدا بنرێت كە دژی هەموو پێكهاتەكان، لە كورد و شیعە و عەرەبی هۆڕەكان لەلایەن ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانەوە ئەنجام دراون.

ئەم مێژووە تاڵە دەبێت ببێتە هەوێنی سەرەكی بۆ داڕشتنی گەرەنتییە سیاسی و یاساییەكان. ئەگەر مافەكانی هاووڵاتیبوون بە تەواوی ڕێزیان لێ نەگیرێت، ئەوا هەر بەڵێن و دەستكەوتێكی دیكە بایەخێكی ئەوتۆیان نابێت. لە عێراقدا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، پەیڕەوكردنی سیستمێكی نادادپەروەری فەرمانڕەوایی، مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد و مافی تاكەكەسیی عێراقییەكانی خستووەتە ژێر مەترسییەوە. پێكهێنانی لێژنەی لێكۆڵینەوە كارێكی ئاسانە، بەڵام سڕینەوەی ئاسەواری ستەم پێویستی بە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی و ڕادیكاڵ لە هەناوی سیستمی دەسەڵاتداریی عێراقدا هەیە. پاراستنی ئاسایش و مافی خۆبەڕێوەبەری، تەنیا لە سایەی دەوڵەتێكی دادپەروەردا دەستەبەر دەبێت كە بە ڕاستگۆیی ددان بە هەموو تاوانەكانی ڕابردوودا بنێت و ڕێگەی یاسایی لە دووبارەبوونەوەیان بگرێت. ئەمە تەنیا ڕێگایە بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی هاوبەشی سەقامگیر كە تێیدا شكۆ، ژیان و مافی هەموو پێكهاتەكان بە یەكسانی پارێزراو بێت. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسیی بەهێز و دووربینییەكی نیشتمانیی فرە ڕەهەند هەیە كە بەرژەوەندیی گشتی بخاتە سەرووی هەمووانەوە.

• لە كتێبەكەتدا (The Power and the People) لێكۆڵینەوە لە دەسەڵات دەكەیت. لە كوردستان چ فاكتەرێك وەرچەرخانی لە قۆناغی بەرگرییەوە بۆ حكومەتداری و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی لەژێر گەمارۆدا ئاسان كرد؟

- یەكێك لە ڕەهەندە جەوهەرییەكانی بەرخۆدانی نیشتمانیی كورد، بوونی دوو جەمسەری سیاسیی خاوەن ڕێكخستنی پۆڵایین بوو: كە پارتی و یەكێتی بووە. ئەم دوو هێزە توانییان بە فۆرمێكی ڕێكخراو، بۆشایی دەسەڵاتی ناوەندی پڕ بكەنەوە و سیمایەكی سیاسیی مۆدێرن بە بزووتنەوەكە ببەخشن، بە پێچەوانەی ڕاپەڕینەكانی ساڵی ٢٠١١ی عەرەبی، كە بە هۆی بێ سەركردەیی و نەبوونی چوارچێوەی حزبییەوە تووشی پەرتەوازەیی و شكستی قووڵ بوون. هەژموونی ئەم دوو پارتە لە كوردستان وەك شمشێرێكی دوودەم كاری كرد، لە لایەكەوە بووە بناغەی دامەزراندنی دەزگاكانی پەرلەمان و حكومەت و لە لایەكی دیكەشەوە ڕێگری لە پشێویی هەمیشەیی و داڕمانی كۆمەڵایەتی كرد.

ئەم ئەزموونە، وانەیەكی پڕبایەخ بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق فەراهەم دەكات. لە كاتێكدا زۆربەی عێراق بەدەست پەرتەوازەیی سیاسی و تەمومژاویبوونی سەرچاوەكانی دەسەڵاتەوە دەناڵێنێت، هەرێمی كوردستان جۆرێك لە پراگماتیزمی سیاسی پیادە كردووە. ئەم گونجانە، كە ڕەنگە كاردانەوەیەك بێت دژی هەوڵەكانی بەغدا بۆ چەسپاندنی سەنتڕاڵیزم، دەیسەلمێنێت كە تەنانەت لە غیابی متمانەی تەواویشدا، دەكرێت ئاستێكی باڵا لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی بپارێزرێت. لێرەدا، تەنیا بوونی دامەزراوەكان گرنگ نین، بەڵكو ئەو توانایە لە ڕێكخستن و هەماهەنگییە سیاسییە بایەخی بنەڕەتیی هەیە، كە وەك پایەیەكی پتەو بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز و پاراستنی قەوارە نەتەوەییەكە كار دەكات، ئەوەی كوردستانی لە فەوزای سیاسی پاراستووە، هەر ئەم ڕێكخستنە تۆكمەیە بووە.

• پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ٢٠١١ و كەوتنی مووسڵ لە ٢٠١٤،لەسەر دەستی داعش و پاشان هەڵمەتی هاوبەشی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ٢٠١٦ هاوسەنگیی گەڕاندەوە. ئێستا لەگەڵ كشانەوەی دووبارەی هاوپەیمانان، پرسیارەكە ئەمەیە: ئایا عێراق ئامادەیە، یان جارێكی دیكە ڕووبەڕووی بۆشاییەكی مەترسیداری ئەمنی و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە جددییەكان دەبێتەوە لە تەواوی ئەم ناوچەیە و لە وڵاتەكەدا؟

- هەرچەندە هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان، داعشیان وەك قەوارەیەكی سەربازی تێكشكاند، بەڵام ئەمە بە واتای بنبڕكردنی ڕەگ و ڕیشەی تیرۆر نایەت. مەترسیی ڕاستەقینە لە بەردەوامیی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ، نایەكسانی و پەراوێزخستنی پێكهاتەكاندا چڕبووەتەوە. تا ئەو كاتەی نادادپەروەری و بێبەشی هەبێت، ژینگەی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و توندوتیژی هەر بە كراوەیی دەمێنێتەوە.

داعش بەرهەمی زنجیرەیەك هەڵەی ستراتیژیی حكومەتەكانی پێش ٢٠١٤ بوو، كە دەرفەتی بۆ گەشەی توندڕەوی ڕەخساند. شكستی سەربازی بەبێ چارەسەری قەیرانە كۆمەڵایەتی، ئابووری و تائیفییەكان، گەرەنتیی ئارامی ناكات. هاوكات، هەژموونی میلیشیاكان ئاڵۆزییەكانی ئاسایشی قووڵتر كردووەتەوە.

بۆ ڕەواندنەوەی ئەم مەترسییانە، پێویستە بەغدا و هەولێر دڵنیابن لەوەی كۆمەڵگە ناوخۆییەكان خاوەن دەنگی ڕاستەقینەی خۆیانن، نەك تەنیا گوێ لە نوخبە سیاسییەكان بگرن. گەورەترین هەڵە ئەوەیە ڕێكارە ئەمنییەكان بكرێنە جێگرەوەی دیالۆگی سیاسی. ئاسایش هەرچەندە پێویستییەكی حەتمییە، بەڵام هەرگیز نابێتە بەدیلی كۆدەنگی و ڕەزامەندیی كۆمەڵایەتی. مامەڵەكردن بە لۆژیكی هێز، تەنیا ناڕەزایەتییەكان بەرەو بەرەنگاربوونەوەی چەكداریی خوێناوی دەبات. سەقامگیریی درێژخایەن تەنیا لە سایەی دادپەروەری و بەشداریی سیاسیی گشتگیردا بەدی دێت.

• سەرەڕای ددانپیانانی دەستووری بە هەرێمی كوردستان، بەڵام كێشەی دارایی و مووچە هێشتا ململانێیەكی قووڵە. چ ڕێكارێكی یاسایی و سیاسی پێویستە تا ڕێككەوتنەكانی هەولێر و بەغدا لە وەرچەرخانەكانی دەسەڵات و زۆرینەی سیاسی لە ناوەند بپارێزرێن و سەقامگیرییەكی هەمیشەیی دەستەبەر بكەن؟

- متمانەی سیاسی ئەو پرسە جەوهەری و چارەنووسسازەیە كە ڕووبەڕووی كۆمەڵگەی عێراقی دەبێتەوە. چۆن دەتوانرێت لە دوای مێژوویەكی تاڵ و پڕ لە خیانەت، توندوتیژی و بێمتمانەیی، بناغەیەكی پتەو بۆ متمانەسازی دابڕێژرێتەوە؟ خاڵی دەستپێكی ئەم پرۆسە مێژووییە، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستگۆیانە و جددیی ئەو ڕابردووە پڕ لە ئازارەیە. ئەمەش ئەركێكی نیشتمانیی گشتگیرە كە تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق دەگرێتەوە. پێویستە هاوكارییەكی كردەیی و ڕاستەقینە بێتە ئاراوە كە بە تەواوی لە جەمسەرگیرییە سیاسییەكان و دابەشبوونە ئایدیۆلۆژییە تەسكەكان تێپەڕێت. هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنیی دژی تیرۆریستانی داعش نموونەیەكی زیندوو و سەركەوتووە، كاركردنی هاوبەش توانی مەترسییەكی ئێجگار گەورە و ترسناك، لانی كەم بە شێوەیەكی كاتی، لەناو ببات و ئەوەی چەسپاند كە یەكگرتوویی دەتوانێت دەستكەوتی مەزنتر بۆ هەمووان بەدی بهێنێت. ئاسۆی داهاتووی عێراق دەبێت بەرەو دەوڵەتێكی بەهێز، دادپەروەر و گەشەسەندوو بڕوات كە تێیدا خودی هاووڵاتی سەنتەری بڕیار بێت و خاوەن دەنگێكی كاریگەر بێت، نەك دەنگەكەی تەنیا لە ڕێگەی سەركردە پێكهاتەییەكانەوە بگات. بەڵام ئاستەنگی هەرە سەرەكی، هەژموونی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییانەیە كە لە دەرەوەی دەستوور و لە چوارچێوەی سیستەمی پشككاری، یان پشكپشكێنەدا كار دەكەن. پشكپشكێنە بریتییە لە دابەشكردنی پۆست و سەرچاوەكان لەسەر بنەمای نەتەوەیی و تائیفی. هەرچەندە ڕاپەڕینی تشرینی 2019 دژی ئەم حوكمڕانییە نافەرمییە وەستایەوە، بەڵام هەنگاوەكان بەرەو هەڵوەشاندنەوەی زۆر سستن. تاوەكو مەحاسەسە و نەریتە سیاسییە پەیوەندیدارەكانی وەك ستراتیژێكی قووڵ بمێننەوە، گومان و ناڕوونی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بەردەوام دەبێت، چونكە ئەم دۆخە نالەبارە ڕەنگدانەوەی بنەمای حوكمڕانییەكی نادادپەروەری بونیادییە.

Top