كامەران ساڵح هونەرمەند لە هەولێر: هونەرمەند دەبێت بە بەرپرسیارێتییەوە ڕەسەنایەتیی هونەری كوردی بپارێزێت
ڕۆڵی هونەر لە پاراستنی ناسنامە و هەوڵدان بۆ ناساندنی هونەری كوردی زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، بە دڵنیاییەوە گەورەترین هۆكار و كاناڵ بۆ ناساندنی هونەر بە گشتی لە هەموو وڵاتێكدا میدیایە. ڕاگەیاندنكاران ئەركێكی قورسیان لەسەر شانە و دەبێت بۆ پەرەپێدانی ئەم نەتەوەیە، هونەر بگەیەننە نێو ناخی كۆمەڵگە. پێویستە ڕاگەیاندنكاران لە ئاستێكی ڕۆشنبیری و فكریی بەرزدا بن، بۆ ئەوەی بە تەواوی لەو ئەركە گرانبەهایە كە لەسەر شانیانە تێبگەن و بە باشی جێبەجێی بكەن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا دەتوانین هونەری كوردی بە شێوەیەكی مۆدێرن و هاوچەرخ پەرەی پێ بدەین؟
بێگومان دەتوانین هونەری كوردی بە شێوەیەكی مۆدێرن و هاوچەرخ پەرەی پێ بدەین، ئێمە هەر لە منداڵییەوە ڕاهاتووین و حەزمان بۆ هونەر هەبووە. بە دڵنیاییەوە دەستپێكی كارە هونەرییەكانمان لەسەر دەستی پێشینانمان بووە و لەوانەوە فێر بووین. هەر هونەرمەندێك بە شێوازێكی تایبەت و بەپێی حەزی خۆی ڕێچكەی وەرگرتووە. ڕاستییەكەی هەموومان خوازیارین كە بە بەرپرسیارێتییەكی قووڵەوە ڕەسەنایەتی و پاكیی هونەرەكەمان بپارێزین و لە هەمان كاتدا بە شێوەیەكی پێشكەوتوو و ئەكادیمی پەرەی پێ بدەین. هیوادارین حكومەتەكەمان زیاتر گرنگی بە كۆلێژ و پەیمانگە هونەرییەكان و بەهرەو داهێنانی لاوان بدات، بۆ ئەوەی ئاستی هونەر لە هەرێمی كوردستاندا بەرزتر و شایستەتر ڕابگرین.
