دانا عەبدولجەبار هونەرمەند لە هەولێر: سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە بواری هونەردا لە ئاستێكی زۆر لاوازدایە

دانا عەبدولجەبار هونەرمەند لە هەولێر:  سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە بواری هونەردا لە ئاستێكی زۆر لاوازدایە

 

سەرمایەگوزاری لە كەرتی هونەریدا تاوەكو ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بە شێوەیەكی شایستە كاری لەسەر نەكراوە. كاتێك كۆلێژی هونەرە جوانەكانم تەواو كرد، توێژینەوەكەم بە دیاریكراوی لەسەر بە بازاڕكردنی مۆسیقا و گۆرانی بوو لە هەرێمی كوردستان، بەداخەوە نەمتوانی بگەمە ئەو ئەنجامە دڵخوازەی كە چاوەڕێم دەكرد و لە ئاستی ئاواتەكانمدا بێت. بە گشتی پێموایە سەرمایەگوزاری لە بواری هونەردا لە كوردستان لە ئاستێكی زۆر نزمدایە و تا ئێستا نەتوانراوە بە شێوەیەكی دروست بەڕێوە ببرێت.

ئاشكرایە كە هەندێك جار كەمتەرخەمییەكان یان هەندێك بارودۆخی سەخت و قەیرانەكان، ڕەنگە هۆكار بووبن كە بابەتی هونەر لە ئەولەوییەتدا نەبووبێت و وەك پێویست گرنگی پێنەدرابێت. ئەگەرنا پێشنیار و ڕێگەی زۆر هەبوون كە خراونەتەڕوو و هەوڵمان داوە پەیڕەویان بكەین، بەڵام بەڕاستی تا ئێستا لەو ئاستەدا نین كە دڵخۆشكەر بێت. ئەگەر بمانەوێت وەك كەلتوور و هونەری نەتەوەیی سنوورەكان تێپەڕێنین و خۆمان بە جیهان بناسێنین، ئەمە كارێكی هێندە ئاسان نییە و پێویستی بە هەوڵێكی گەورە و پشتیوانیی وەزارەتی ڕۆشنبیری و حكومەت هەیە. هیوادارین ئەم بابەتە ڕێچكەیەكی سیاسی و ئەرێنی وەرگرێت، ئاواتەخوازین لە ساڵانی داهاتوودا ئەم بابەتانە لە پڕۆگرامەكانی حكومەتدا زیاتر جێی بكرێتەوە و كاری جددییان لەسەر بكرێت.

سەبارەت بە نەوەی ئێستا، بەداخەوە پێموایە بەشێكی زۆریان كەمتەرخەمن، بەتایبەتی لە ڕووی كەلتوورییەوە و لە پاراستنی ناسنامەی ڕابردووی خۆیان. ئەوە خاڵێكی زۆر گەورەیە كە نەوەی نوێ ڕابردووی خۆیان ناخوێننەوە و گەنجانی ئێستا بیر و بۆچوونێكی جیاوازتریان هەیە لە نەوەی ئێمە، بەڵام ئەم جیاوازییە من بەو شێوەیە دەیبینم تا ڕاددەیەك نەرێنییە. من لێرەدا دیسانەوە ئەركی سەرەكی دەخەمە سەر وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوان دەبێت لەم بوارانەدا كارا بن، دەرفەت بۆ گەنجان بڕەخسێنن، لەسەر بنەمای كاری باش و ڕاستەقینە وۆركشۆپ و خولەكانی باشیان بۆ ڕێك بخەن، تا تێبگەن چی لە پشت هونەرەوە هەیە و، چی زیاتر دەتوانن بكەن لە گۆرانی وتن، یان وێنەكێشان، یان هەر بوارێكی هونەریی دیكە. ئێمە پێویستمان بە فێركردنی بەرپرسیارێتییەكی ڕاستەقینەیە، دەبێت نەوەی نوێ فێر بكەین، چۆن خۆشەویستی و بەرپرسیارێتیان بەرانبەر بە كۆمەڵگەكەی خۆیان هەبێت، یان لە بەرانبەر نەتەوە و هونەرەكەیان. دەتوانم بڵێم لە (10) ساڵی ڕابردووشدا بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبار و قەیرانانەی كە بەسەر كوردستاندا هات، كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ئەم بوارەی هونەری نەتەوەیی و هونەری ڕەسەن بەگشتی هەبووە. ڕەنگە حكومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەهۆی ئەو بارودۆخانەوە نەیانتوانیبێت پڕۆژەی گەورە و كاریگەرتر ئەنجام بدەن، چونكە بێگومان ئەولەویەتی دیكە هەبوون، بەڵام لەكۆتاییدا هەر دەبێت هونەری ڕەسەن و هونەرێكی نەتەوەیی و هونەرێك بۆ كۆمەڵگە لە ڕیزبەندی پێشەوەی كارەكانی حكومەت بێت و بەم شێوەیە پشتگوێی نەخرێت.

 

Top