ماریا كەمال بۆ گوڵان:حەزم لە كاری كۆمیدیا هەیە، بەڵام زیاتر حەز بە ڕۆڵی ڕۆمانسی و كاری خۆشەویستی دەكەم
ماریا كەمال، یەكێكە لەو خانمە ئەكتەرە گەنجانەی كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە دەنگێكی هێمن و ڕوخسارێكی پڕ لە هەستەوە، دێتە سەر شاشەكان و هەوڵ دەدات پەیام و چیرۆكە جیاوازەكان بگەیەنێت. لە دیمانەیەكدا، ماریا تیشك دەخاتە سەر نوێترین كاری، حەز و خولیاكانی لە بواری نواندندا، و دیدگای خۆی بۆ هەندێك پرسی كۆمەڵایەتی و هونەری باس دەكات.
ماریا هۆكاری سەركەوتنی بەرهەمە كۆمیدییەكان بەوە لێك دەداتەوە كە خەڵك لە ژیانی ڕۆژانەدا ماندوو و پڕ لە كێشەیە، لەو ڕووەوە دەڵێت: “بینەر بەدوای ساتێكدا دەگەڕێت تا لە خەم و خەفەتەكانی دوور بكەوێتەوە و پێبكەنێت، بۆیە بەرهەمی كۆمیدی بینەرێكی زۆری هەیە”.
لەگەڵ ئەوەشدا، كاتێك باس دێتە سەر حەز و ئارەزووی هونەریی خۆی، بە ڕاشكاوی دەڵێت: “من حەزم لە كاری كۆمیدیاش هەیە، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن لەبەردەستم بێت، زیاتر حەز بە ڕۆڵی ڕۆمانسی و كاری خۆشەویستی دەكەم، هەست دەكەم لەو جۆرە ڕۆڵانەدا دەتوانم باشتر هەست و سۆزی خۆم دەرببڕم”.
یەكێك لەو ئاستەنگانەی كە لە كاری هونەریدا زۆر بێزاری دەكات و تەنانەت وای لێ دەكات بیر لە دووركەوتنەوە بكاتەوە، بریتییە لە دەستوەردانی ناپیشەییانە. ماریا بە تووڕەییەكی هونەرییەوە دەڵێت: “هیچ شتێك هێندەی ئەوە بێزارم ناكات كاتێك ئەكتەرێك لە كاری ئەكتەرێكی دیكەدا دەستوەردان دەكات. بۆ نموونە، كاتێك ئەكتەرێك كە لە ڕۆڵی خۆیدا بەهێز نییە، هەوڵ دەدات تۆ فێر بكات یان ڕۆڵی تۆ بگێڕێت، ئەمە سنووربەزاندنێكی پیشەییە و زۆر تووڕەم دەكات”.
سەبارەت بە بەشداریكردنی لە درامای “دوو ماڵ و یەك سەعدی”، ماریا بە پەرۆشەوە باس لەوە دەكات كە چەندە كارەكەی بەلاوە تایبەت بووە. ئەو دەڵێت: “كاتێك زانیم پڕۆژەیەكی وا جوان و تایبەتە، یەكسەر سەرنجی ڕاكێشام، بەتایبەتی كە زانیم دەرهێنەر و ئەكتەرێكی بەئەزموون و ناسراوی وەك “مامۆستا بارزان” سەرپەرشتیی دەكات، زیاتر حەزم كرد ببمە بەشێك لەم كارە”.
ماریا تەنیا بەشدارییەكی هونەریی سادە لەم درامایەدا نابینێت، بەڵكو باوەڕی وایە پەیامێكی گرنگی كۆمەڵایەتی لەپشتە. بۆ یە دوڵێت: “ئامانجی سەرەكیمان ئەوەیە كە بتوانین خەندە و خۆشی بخەینە نێو ماڵی هەموو كوردێكەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم چیرۆكە كۆمەڵایەتییەوە خەڵك لە هەڵەكانیان هۆشیار بكەینەوە، بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە”.
كاتێك باس دێتە سەر بابەتی فرەژنی كە ناوەرۆكی سەرەكیی دراماكەیە، ماریا دیدگایەكی قووڵتری هەیە و تەنیا لە ڕوانگەیەكی ڕووكەشەوە سەیری ناكات. ئەو پێی وایە هیچ پەیوەندییەك بێ هۆكار هەڵناوەشێتەوە، هەر بۆیە دەڵێت: “من باوەڕم وایە هیچ ژیانێكی هاوبەش بەبێ هۆكارێكی بنەڕەتی تێك ناچێت، نە پیاو بێ هۆكار ژنی دووەم دەهێنێت و نە ژنیش بێ هۆكارێك داوای جیابوونەوە دەكات یان تەڵاق دەدرێت».
ئەو ڕەگی كێشەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ “گرنگی پێنەدان، ساردیی سۆز و خۆشەویستی، نەبوونی ڕاستگۆیی و لەپێش هەمووشیانەوە نەگرتنی ڕێزی یەكتر”. لەم ڕووەوە، ماریا كێشەكە لە هەردوو لایەندا دەبینێت و پێی وایە تێگەیشتن و خۆشەویستی، كلیلی مانەوەی هەر پەیوەندییەكە.
سەبارەت بە كارە كۆمێدییەكان لە كوردستان، ماریا پێیوایە كاری كۆمێدی لە كوردستان لە قۆناغێكی گەشەسەندنی خێرا و لە هەمان كاتدا پڕ لە ئاڵۆزیدایە. بۆ ئەم پرسەش دەڵێت: «دەتوانین لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە سەیری بكەین، بەهۆی سۆشیال میدیاوە (تیكتۆك، ئینستاگرام، یوتیوب)، كۆمیدیاكاران زۆر بە ئاسانی دەتوانن كارەكانیان بگەیەننە جەماوەرێكی فراوان، ئەمەش وای كردووە ژمارەیەكی زۆر بەهرەی نوێ دەربكەون، لە چەند نموونەیەكدا، كۆمیدیا توانیویەتی بە بوێرییەوە دەست ببات بۆ هەندێك بابەتی هەستیار، كە لە دۆخی ئاساییدا قسەكردن لەسەریان قورسە، بەڵام لە هەمان كاتدا بەشێكی زۆری كۆمیدیاكانی ئێستا لەسەر بنەمای دووبارەكردنەوەی بیرۆكەی كۆن یان لاساییكردنەوەی كۆمیدیای بیانییە، كە ئەمەش داهێنانی كەم كردووەتەوە و زۆربەی كات پەیامەكە تەنیا بۆ ماوەیەكی كورت كاریگەریی هەیە. خەڵك پێدەكەنێت و دواتر باباتەكە لەبیر دەكات، بێ ئەوەی ببێتە هۆی گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە كۆمەڵگەدا.
