پڕۆفیسۆر جێفری ساكس بۆ گوڵان: خۆری سیستمی نێودەوڵەتی بە هۆی سەرهەڵدانی جیهانێكی فرەجەمسەرییەوە بەرەو ئاوابوون دەچێت
جێفری دەیڤید ساكس، ئابووریناس و شرۆڤەكاری سیاسییە و پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی كۆڵۆمبیا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دید و تێڕوانینی تایبەت و جیاوازی هەیە لە سەر پرسە جیهانییەكان و لەسەر ئەو قەیران و كێشە و شەڕانەی لە ئارادان، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە، و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل. بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسانە گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* ئایا پێت وایە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەستپێكی سەردەمێكی نوێی كێبڕكێی دەسەڵاتە گەورەكانە، یان سەرەتای داڕووخانی سیستمە نێودەوڵەتییە لیبڕاڵییەكەیە و، تا چەند پێت وایە ململانێی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە هەلومەرجی جیۆپۆلەتیكی دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە فراوانبوونی ناتۆ و شكستهێنان لە یەكخستنی ڕووسیا لە چوارچێوەیەكی ئەمنیی ئەوروپیدا؟
- لە ڕاستیدا دەكرێت ئەوە بڵێین كە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا خۆی لە خۆیدا شەڕێكی بەوەكالەتی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیایە و ڕەگ و ڕیشەی سەرهەڵدانی ئەم شەڕەش دەگەڕێتەوە بۆ فراوانكردنی ناتۆ (بە سەركردایەتیی ئەمریكا) بە ئاراستە و ئاقاری ڕۆژهەڵاتدا. ئەوە بوو ڕووسیا دەستی دایە بەرەنگاربوونەوە و بەرهەڵستیكردنی ئەو فراوانبوونە بە ئاراستەی ئۆكرانیا و جۆرجیا، بە چەشنێك كە سەركردەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای تووشی سەرسوڕمانێكی زۆر كرد، چونكە سەركردە سیاسییەكانی ئەمریكا پێیان وابوو، سەپاندنی سزاكان بەسەر ڕووسیا و هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر و چەكەكانی ناتۆ، دەبنەهۆی شكستپێهێنانی ڕووسیا، یان لانی كەم ڕووسیا ناچار بە پاشەكشە دەكەن، بەڵام دەركەوت كە ئەمریكا لەم ڕووەوە هەڵەیەكی كوشندەی كرد. ئەوەی پەیوەندی بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتانەوە هەیە، ئەوا شتێك نییە پێی بگوترێت سیستمی نێودەوڵەتیی لیبڕاڵی، بەڵكو ئەوەی لە ئارادا بووە و هەبووە، بریتی بووە لە سیستمێكی نێودەوڵەتی كە ئەمریكا سەركردایەتی و جڵەوی كردووە و، بە دەگمەن سیستمێكی لیبڕاڵی بووە، ئەم سیستمەش بە سەركردایەتیی ئەمریكا لەسەر بنەمای شەڕی ئارەزوومەندانە و ئۆپەراسیۆنی نهێنی بووە لە پێناو ڕووخاندنی حكومەتەكان و سەپاندنی سزا تاكلایەنەكان و هەڕەشەكانی دیكەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڵام خۆری ئەم سیستمە بەهۆی سەرهەڵدانی جیهانێكی فرەجەمسەرییەوە بەرەو ئاوابوون دەچێت.
* ئایا پێت وایە تا چەند ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئەوەی نەخشەی جیۆپۆلەتیكی جیهان گۆڕانكاریی بەسەردا بێت (بەتایبەتی لە پەیوەندی بە پێگەی چین، هەڵوێستی وڵاتانی باشووری جیهان و كەمبوونەوەی متمانە بە میسداقییەتی ڕۆژئاوا لە ڕوانگەی بەشەكانی دیكەی جیهانەوە؟
- ئەوەی لەم ڕووەوە گرنگە سەرنجی لەسەر بدرێت، ئەوەیە كە نەك هەر تەنیا شەڕ بووەتە هۆی لەناوبردنی میسداقییەتی ڕۆژئاوا، بەڵكو ئەو كار و كردەوانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە ئەنجامیان دەدات، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی «بەها ڕۆژئاواییەكان» تەنیا ڕواڵەتن و بەهای مرۆیی گەردوونی نین، واتە ئەوەی جیهان بەدی دەكات، ئەوپەڕی دووڕوویی «بەها ڕۆژئاواییەكان»ـە.
* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاریگەریی قووڵ و درێژخایەنی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا هەیە، ئێوە چۆن لە ئایندەی ئاسایش و سەربەخۆیی بڕیاری ئەوروپا دەڕوانن؟
- ئەوەی لەم ڕووەوە بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەوروپا سەرقاڵی ئەوەیە كە هەوڵ و كۆششەكانی بەرەو سەربەخۆییەكی ستراتیژی نوێ بخاتەگەڕ، بەڵام بە «دوودڵی و شكستخواردووییەوە». كەواتە هێشتا ئەوروپا زۆر دوورە لە بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، سەركردەكانی وڵاتانی ئەوروپا دەزانن كە كیشوەرەكەیان بەدیلێكی عەمەلیی نییە بۆ ئەو بەرگرییە ستراتیژییەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆی دەستەبەر كردوون. ئەوەی لە هەمووی زیاتر نیگەرانمان دەكات، ئەوەیە كە سیاسەتمەتدارانی ئەوروپا تێگەیشتنێكی ڕاستەقینەیان نییە بۆ هۆكارە ڕیشەییەكانی شەڕی هەڵگیرساوی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا و، بگرە ئەوروپا دەستی هەڵگرتووە لەوەی پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیادا ئەنجام بدات و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بكەوێتە گفتوگۆی لەگەڵیدا، هەمان ڕێچكەشی لە ئاست وڵاتی چیندا گرتووەتەبەر. بە كورتی، دەركەوت كە زۆربەی سەركردەكانی وڵاتانی ئەوروپا ناكاران و پشتیوانیی جەماوەرییان نییە و تەنانەت تووشی سەرگەردانییەكی ستراتیژی بوون.
* ئێوە چۆن لە لۆژیكی پشت شێوازی مامەڵەی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ لێك دەدەنەوە؟ ئایا دۆناڵد ترەمپ دیدگەیەكی ستراتیژی هەیە بۆ چۆنیەتی كۆتاییهێنان بەم شەڕە و ئایا دەیەوێت ڕووسیا لاواز بكات و سیستمە نێودەوڵەتییەكە بەهێز بكات، یان شێوازێكی دیكەیە كە ڕەنگە ئێوە بتوانن ئاماژەی پێ بكەن؟
- دۆناڵد ترەمپ لەوەدا لەسەر هەقە كە پێی وایە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نییە، لەوە بترازێ دیدگەیەكی ستراتیژی، یان یەكگرتوومان لێ بەدی نەكردووە. ترەمپ خوازیارە شەڕەكە بوەستێنێت، بەڵام دەیەوێت لەسەر ئەم كارە ستایش بكرێت و، كێشەكە ئەوەیە كە نازانێت چۆن ئەم شەڕە ڕابگرێت و ستایش و ئەو پیاهەڵدانە بەدەست بهێنێت كە دەیەوێت، هەروەها پێناچێت دۆناڵد ترەمپ توانای ئەوەی هەبێت، دۆخەكە بە شێوەیەكی گونجاو و پێویست بۆ گەلی ئەمریكا و تەنانەت بۆ خۆشی ڕوون بكاتەوە.
* ئایا دەكرێت شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا ببێتە «نەخشەڕێگەیەك، یان زەنگێكی مەترسی» بۆ ناكۆكییەكانی دیكە لە ئایندەدا، ئیدی ئەوەی پەیوەست بێت بە تایوان، یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یانیش ناوچە ململانێ ئامێزەكانی دیكە؟
- بەڵێ، دەكرێت ببێتە نەخشەڕێگەیەكی نوێ، كە ئەویش بەرجەستە دەبێت لەوەی: چیتر متمانە بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مەكەن و واقیع و هەلومەرجی فرەجەمسەری لە جیهاندا نادیدە مەگرن، ئەوەتا ڕووسیا و چین و بەرازیل و ئێران و وڵاتانی دیكە ئامادەن بەرهەڵستیی سەركێشیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەن، ئەوەی پەیوەست بێت بە تایوانەوە، پەیامی شەڕەكەی ئۆكرانیا لەم ڕووەوە ئەوەیە كە خۆتان لە شەڕێكی لەم چەشنە لە تایوان لابدەن، واتە دەبێت تایوان خۆی لە ورووژاندنی پەكین لابدات و بە شێوەیەكی تاكلایەنە جاڕی سەربەخۆیی نەدات. بۆ ئیسرائیلیش، پەیامەكە ئەوەیە كە پابەند بێت بە یاسای نێودەوڵەتییەوە و چاوەڕێ نەكات كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە هانایەوە بێت و ڕزگاری بكات. ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە باشووری قەوقازەوە، بە مانای ئەوە دێت كە ئەرمینیا و ئازەربایجان ساویلكەن لەوەی باوەڕ بەوە بكەن كە دەتوانن ئاسایشی خۆیان دەستەبەر بكەن لە ڕێی بوونی پەیوەندییەكی ستراتیژیی نزیكەوە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. ئاسایشی باشووری قەوقاز لە ئەمریكاوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵكو پێویستە هەر سێ وڵاتەكەی باشووری قەوقاز (جۆرجیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان) لەگەڵ دەوڵەتە بەهێزەكانی (ڕووسیا، ئێران، و توركیا) هاوكاری بكەن.
* هەروەك ئاشكرایە كە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە، ئاڵوگۆڕێكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایا پێتان وانییە ئەمە دەرئەنجامی كەموكووڕیی قووڵ و بونیادی ئەو سیستمەیە كە لەم ناوچەیەدا باڵادەستە و ئەمریكا سەركردایەتیی دەكات؟، ئایا دەتوانرێت چی بكرێت بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە كارەساتبار و خوێناوییانە؟
- ئەوەی ڕوونە لەم ڕووەوە، ئەوەیە كە ئیسرائیل لە جڵەو دەرچووە و دەستی داوەتە شەڕێكی سەخت لە كەرتی غەززەدا، ئەوەتا كارەسات و كاولكارییەكی زۆری دارایی ڕووی داوە و لە ڕووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە دۆخێكی شێواو دروست بووە. من پێم وایە لەم ڕووەوە پێویستە تەواوی جیهان ددان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت و فەلەستین دەستبەجێ ببێتە ئەندامی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بگرە هەڕەشەی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئیسرائیل بكرێت، ئەگەر بێتو بەردەوام بێت لە كار و كردەوەكانی لە كەرتی غەززە.
* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستڕۆیشتووییەكی زۆری هەیە لەسەر حكومەتی ئیسرائیل، بە تێڕوانینی ئێوە ئەمریكا دەیتوانی و دەبووایە چی بكردایە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە كەمتر كاولكارتر بێت، یان یەكلایی بكرێتەوە؟
- من پێم وایە دەبوو ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، دەستبەجێ پشتیوانیی لە دەوڵەتی فەلەستین بكردایە و پشتیوانیی لە ئیسرائیل نەكردایە بۆ ئەو كار و كردەوانەی لە كەرتی غەززە ئەنجامی داون.
* لە ئێستادا قسە و باسێكی زۆر دەكرێت لەبارەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، بەتایبەتی كە ئەو ئاگربەستەی لە ئارادایە لەرزۆكە و ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر ساتەوەختێكدا شكست بهێنێت. ئایا پێت وایە ئەم ئاگربەستە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، یان دەبێت ئەم ناوچەیە خۆی بۆ شەڕێكی دیكە ئامادە بكات؟ ئایا پێتان وایە ئیدارەی ترەمپ بە كام ئاراستەدا كار دەكات؟
- ئیسرائیل بە سەركردایەتیی نەتانیاهۆ، كار بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەڕەكە دەكات، كە ئەگەر ئەم شەڕە دەست پێ بكاتەوە، ئەوا دەرئەنجامی كارەساتباری لێ دەكەوێتەوە لەسەر جیهان. گەلی ئەمریكا خوازیاری بەرپابوونی ئاشتین، دۆناڵد ترەمپ لە هەموو حاڵەتەكاندا پشتیوانیی نەتانیاهۆی كردووە، ئیدی كاتی ئەوە هاتووە جڵەوی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بگرێتەوە ئەستۆ و كۆتایی بە شەڕە بەردەوامەكان لەم ناوچەیەدا بهێنێت.
