هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە

هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە

 

 

 

میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ١ی ئەیلوول بڵاویان کردەوە، کە مووشەکێک لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراوە. لە هەمان کاتدا کەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاویکردەوە، کە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابوون، ڕێگرییان لێکرا.

ئەم هێرشە دوای ئۆپەراسیۆنێکی کوشندە لەلایەن ئیسرائیلەوە هات کە پێنجشەممەی ڕابردوو لە یەمەن ئەنجامدرا، کە سەرچاوە ناوخۆییەکان دەڵێن زۆربەی بەرپرسانی باڵای حکومەتی حوسییەکان کوژران.

لە بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، بەرپرسانی سەربازیی ئێران جارێکی دیکە دانیان بەوەدا ناوە کە تاران بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی حوسییەکان.

لە ئیسرائیل، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای وڵات و فەرماندەکانی سوپا، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، ڕێگەی بە هێرشکردنە سەر یەمەن داوە.

هاوکات حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند: کە مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەی کەشتی نەوتهەڵگری سکارلێت ڕەی لە نزیک بەندەری یانبوی سعودیە لە دەریای سوور كردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای ئەمنی دەریایی بەریتانی ئیمبری، کەشتییەکە کە خاوەندارێتی ئیسرائیلە و لەژێر ئاڵای لیبێریادا دەڕوات، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە كراوەتە ئامانج.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top