د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: بازنەی گفتوگۆ سەلماندنی پێكەوە بیركردنەوە تێز و تێفكرینی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
ڕۆژی 25ی ئابی 2025 لە ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی پێنجەمی بازنەی گفتوگۆ بەناونیشانی «حوكمڕانی و خزمەتگوزاری»، د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیڤێكی پێشكەش كرد. لە دەستپێكی پەیڤەكەیدا وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی میوانەكان، ئاماژەی بەوە كرد «ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی پێنجەمی بازنەی گفتوگۆ (حوكمڕانی و خزمەتگوزاری)، هەموومانی پێكەوە لەم هۆڵە كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەم چالاكیەدا سوودێك بە یەكتری بگەیەنین و ببینە دەروازەیەكی خێر بۆ ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پێكەوە لەم قۆناغە و ئەركەكانی ئەم قۆناغە بپەڕینەوە بۆ ئایندەیەكی باشتر و هەموومان پێكەوە هەماهەنگ و هاوكار بین بۆ كێشانی تابلۆ گەورەكەی كوردستان».
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەشێكی دیكەی پەیڤەكەیدا، جەختی لە سەر ئەوە كردەوە، كە ئێمە لێرە كۆبووینەوە بۆ ئەوەی باس لە گرنگیی گفتوگۆ و بیروڕای جیاواز و بیركردنەوەی هاوبەش بكەین، بۆ ئەوەی پێكەوە ئەركەكانی ئەم نیشتمانە لەئەستۆ بگرین و هەر لە پێناوی ئەم ئامانجەش لە سەرەتای ساڵی 2023 بازنەی گفتوگۆ وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆ دامەزرا و هەر لەم بارەیەوە گوتی: «دووساڵ و نیو لەمەوبەر ئەم بازنەی گفتوگۆیە ڕسكا، چەكەرەی كرد و پێگەیشت، لەو كاتەوە تا ئێستا ئێمە مانگانە ئەڵقەیەك لە لە بازنەی گفتوگۆ بەڕێوە دەبەین، كە تیایدا كەسایەتی و دەستەبژێر و ئەكادیمیست و نوێنەرانی لایەنە سیاسییە جیاوازەكان و كۆی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان لێرە لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبنەوە و ئازادانە بیروڕای خۆیان دەردەبڕن، دواتر ئەم پەیڤ و تێگەیشتنە جیاوازانە دەكرێن بە نووسین وەك ڕاپۆرت مانگانە لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكەینەوە و هەر شەش مانگ جارێكیش هەر شەش گفتوگۆكە بە دوو كتێبی قەوارە گەورە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپ دەكرێت و لە مەراسمێكدا بڵاوی دەكەینەوە. ئامانجمان لە چاپكردنی ئەم كتێبانە بە زمانی عەرەبی، ئەوەیە بە ڕێگەی باڵیۆزی وشەوە بپەڕینەوە بۆ سەرتاسەری عێراق و لەوێوە پێیان بڵێین دیالۆگ و لێكتێگەیشتن پرانسیپە دروستەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بۆ بونیادنانەوەی دەوڵەتێك كە زیاتر لە 100 ساڵە خەونی سەرجەم گەلانی عێراقە تا بێتەدی».
لە بەشێكی دیكەی پەیڤەكەیدا وێڕای دووبارە سوپاسكردنی هەموو ئەو دەستەبژێرە نیشتمانپەوەرانەی كە بەشدارییان لە 30 ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆدا كردووە، هاتە سەر گرنگیی گفتوگۆ و ئاماژەی بەوە كرد «گرفت و خەونەكانی كوردستان، ئاواتی هێزی پێشمەرگە و كۆی شەهیدانی كوردستان، تەنیا و تەنیا بە دیالۆگ چارەسەر دەكرێن و، هەر بۆیە لە هەر شوێنێك پلاتفۆڕمێكی كراوە بۆ گفتوگۆ هەبێت، پانتاییەك بۆ بیركردنەوەی جیاواز و پێكەوە گرێدانەوەی جیاوازییەكان بۆ بیركردنەوە لەسەر خاڵە هاوبەشەكان، ئەوا ڕێگەی دروست و میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئاسان دەكات، كە بێگومان پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پانتاییە كە هەر لەساڵی 1946 ـەوە لەسەر دەستی ڕابەر مستەفا بارزانی دامەزرا، ئایكۆن و لۆگۆی (دیموكرات)ی بۆ ناوەكەی هەڵبژارد، كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەر بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین، لە ژیانی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەر لە دامەزراندیەوە هەتا ئێستا، یەكتری قبووڵكردن و پێكەوە ژیان ئاراستەی دروستەكەی پارتی بووە و ئەمەش رەنگدانەوەی هەبوو لە «كۆنگرەكانی، دەستكەوتەكانی، پێداگری و سووربوونی لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، ڕەخساندنی ژینگەیەكی دروست بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، كە بوون بە ڕەشماڵێك بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییە سیاسییەكان، گوێگرتن لە ڕەخنەی بونیادنەر، جێكردنەوەی ئافرەت و كۆی چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە لەناو هەناوی خۆی، لەمانەش زیاتر پارتی دیموكراتی كوردستان بە بڕوابوونی بە پرانسیپی دیالۆگ و هێزی دیپلۆماتی توانیویەتی پەیوەندی و ڕایەڵەی زۆر باش لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێ و هەرێمی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بكات و دۆزی كوردستان لە گێژاوی ناوچەیەكی ئاڵۆزی وەك عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت».
لە دوماهی پەیڤەكەیدا دووبارە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە وێڕای جیاوازییە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییەكانمان، بەڵام خاڵڵە هاوبەشەكانمان لە جیاوازییەكانمان زیاترە و لەم بارەیەوە گوتی: «ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر و پتەوتر جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پانتایی و فەزا كراوەیە كە پێی دەگوترێت پانتایی ڕاست و دیموكراتی بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان».
