سێ وڵاتی ئەوروپی خۆیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا ئامادە دەکەن
میدیا نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا دەستیان بە پرۆسەیەکی فەرمی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران.
ئاژانسی فرانس پرێس ڕۆژی پێنجشەممە 28ی ئاب لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا دەستیان بە پرۆسەیەکی فەرمی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران.
ئەم وڵاتانە ڕایانگەیاندووە کە ئەم بڕیارە بە هۆی "پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا دراوە".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەم کارەی بە هەنگاوێکی نوێی زلهێزەکانی ئەوروپا لە کاردانەوە بە پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران وەسف کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سێ وڵاتی ئەوروپی کە واژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی JCPOAن، میکانیزمێکیان بەکارهێناوە کە بە میکانیزمی "هەڵگیرسێنەر" ناسراوە، کە ڕێگەیان پێدەدات دووبارە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێننەوە کە لە ئەنجامی ڕێککەوتننامەی JCPOA هەڵگیرابوون ئەگەر ئێران بەڵێنەکانی پێشێل بکات.
دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: چەند مانگێکە هەوڵی ئەوە دەدەین ئێران بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەڵێنەکانی، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەهاتووە، ئێستا هیچ ڕێگەیەک نییە جگە لە چالاککردنی پرۆسەی دووبارە سەپاندنی سزاکان.
تا ئێستا ئێران بە فەرمی وەڵامی ئەم کارەی سێ وڵاتی ئەوروپای نەداوەتەوە.
بەڵام پێشتر بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان دابوو کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت لێکەوتەی جیددی بۆ داهاتووی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا هەبێت.
ڕێککەوتنی JCPOA ڕێککەوتنێک بوو کە لە ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهانیدا واژۆ کرابوو و سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێرانی لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵوەشاندەوە.
بەڵام لەگەڵ کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٨ و گەڕانەوەی سزاکانی ئەمریکا، جێبەجێکردنی تەواوی یاسای JCPOA لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
