جولی فرەنکول بۆ گوڵان:چەنگ،بە هێمنی و ئارامییەوە توانای دزەکردنی بۆ ناو دڵ و دەروون هەیە

جولی فرەنکول بۆ گوڵان:چەنگ،بە هێمنی و ئارامییەوە توانای دزەکردنی بۆ ناو دڵ و دەروون هەیە

هەر لە منداڵییەوە، جولی فرەنکولی  سوری خەونی ئەوەی هەبوو ببێتە مۆسیقاژەنێک. لەگەڵ هەر هەنگاوێکی تەمەنیدا، زیاتر هەستی دەکرد کە لە بەدیهێنانی ئەم خەونە نزیک دەبێتەوە. ئەو خەونەی چەند ساڵێک لەمەوبەر بوو بە ڕاستی، و توانی ببێتە یەکێک لەو چەنگژەنە دیارانەی کە ئاماژەی بۆ دەکرێت.

ئەو بە باشی دەزانێت چۆن بە پەنجەکانی ئاواز لەسەر تەلەکانی ئەو ئامێرە بچڕێت کە زۆر خۆی بۆ فێربوونی ماندوو کردووە. ئەمەش دوای ئەوەی کەسی شیاوی خۆی لە چەنگژەنێکی ئۆکراینیدا دۆزییەوە، کە ئامادەیی خۆی نیشان دا بیخاتە سەرەتای ڕێگاکەوە؛ سەبارەت بەم ئامێرە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد.

*چۆن لەگەڵ ئامێری چەنگ (قیسارە) دەستی پێکرد، و بۆچی بەتایبەتی ئەم ئامێرەت هەڵبژارد؟

-کاوانی من لەگەڵ چەنگ ئیلهامێکی ڕۆحی بوو لە خودا و فریشتەکانەوە. سەرەتا ڕاستەقینەکەی لە کەنیسەوە دەستی پێکرد. ئەو بۆ من تەنها ئامێرێکی مۆسیقا نەبوو، بەڵکو بانگەوازێکی ئاسمانی بوو کە هەستم دەکرد تەنها بۆ منە. قووڵترین ئاواتم بوو و هەمیشە، هەر لە منداڵییەوە، هەستم دەکرد بانگێکە لە ئاسمانەوە. شتێکم تێدا دۆزییەوە کە لە خۆم دەچوو، لەوێدا بۆ یەکەم جار هەستم کرد کە بەڕاستی لە ڕێگەی ئەم ئامێرە دەگمەنەوە گوزارشت لە خۆم دەکەم. ئەو کات و ئێستاش پێم وایە ئەمە چارەنووسی منە بۆم دیاریکراوە تا لەم ڕێگەیەدا بڕۆم.

جولی فرەنکول بۆ گوڵان:چەنگ،بە هێمنی و ئارامییەوە توانای دزەکردنی بۆ ناو دڵ و دەروون هەیە

*کەسێکی دیاریکراو هەبووە کە زیاتر هاندەرت بێت؟

-هەر لە منداڵییەوە عاشقی مۆسیقا بووم و لەگەڵ گوێ لێگرتنیدا ڕاهاتبووم. هەموو جارێک هەستم دەکرد کە دەمباتە جیهانێکی ترەوە، هەر ئەمەش یارمەتیدەر بوو تا بە خێرایی فێری ببم. سەرەڕای ئەوەی کە هیچ پەیمانگایەکی تایبەتمەند لەم بوارەدا نەبوو، بەڵام توانیم لەسەر دەستی چەنگ ژەنێکی ئۆکراینی فێر ببم کە ڕۆژانێ چاوم پێی کەوت. ئەو بۆ ماوەی ٣ مانگ یارمەتی دام لە فێربوونی بنەما سەرەکییەکانی ژەنیندا، کە ئەمەش یەکەم هەنگاوم بوو بەرەو گرتنەدەستی ئەو ئامێرەی کە زۆر عاشقیم.»

*سەختترین شت کە لە فێربوونی ژەنیندا ڕووبەڕووت بووەوە چی بوو؟ چۆن بەسەریدا زاڵ بوویت؟

-سەختترین شت کە ڕووبەڕووم بووەوە، بەردەوامبوون بوو لە بەرەنگاربوونەوەی سەختیەکان. ڕێگەم نەدا نائومێدی بموەستێنێت، تەنانەت ئەو کاتانەی بە تەواوی تەنیا بووم. هیچ پاڵپشتییەکم نەبوو، تەنها ویستی خۆم نەبێت.

*گەورەترین پاڵپشتت لەم کاروانەدا کێ بوو؟

-باوەڕەکەم. تەنها ئەو لە هەموو ساتێکدا لەگەڵم بوو، ڕووناکی نێو تاریکی بوو.

*چی وادەکات ئامێری چەنگ لە ئامێرەکانی تر جیاواز بێت؟

-چەنگ ئامێرێکی دەگمەنە، لە دەنگ و شێوەیدا جیاوازە، شتێکی ئاسمانی و خەوناوی و پاکیزەیی تێدایە.

*جەماوەر چۆن کارلێک لەگەڵ ژەنینەکەتدا دەکات؟

-لە چاویاندا خۆشی و ئارامی دەبینم... هەندێکیان زەردەخەنە دەکەن، هەندێکی تریش بێدەنگ فرمێسک دەڕێژن، وەک ئەوەی شتێک لەنێو مۆسیقاکەدا بەر ڕۆحیان بکەوێت. هەست دەکەم چەنگ بەبێ وشە دەگاتە قووڵایی ناخیان.

*کام هونەرمەندانە ئیلهامیان پێ بەخشیویت؟ ئایا هەرگیز هەوڵت داوە لاسایی کەس بکەیتەوە؟

-کەس ئیلهامی پێ نەبەخشیوم. هەمیشە گوێم لە دەنگی ناخی خۆم گرتووە. بەردەوام بەدوای دەنگی تایبەتی خۆمدا گەڕاوم، بەدوای ڕاستگۆیی لە ژەنیندا، ئەمەش هەتا ئەمڕۆ پەیڕەوی دەکەم. نەمویستووە لاسایی کەس بکەمەوە، بەڵکو ویستوومە خۆم بم.

*ئاوازە نوێیەکانت چۆن لەدایک دەبن؟

-ئاوازەکانم لە (ڕوئیا)وە لەدایک دەبن... شتێک دەبینم کە سەرنجم ڕادەکێشێت، هەستی پێ دەکەم، پاشان دەیکەم بە دەنگ. هەندێک جار هەستێکە، هەندێک جاریش وێنەیەک یان ساتێکە. ئاوازەکان لە ناخمەوە سەرچاوە دەگرن؛ جار هەیە لە دیمەنێکەوە، جاریش هەیە لە هەستێکەوە کە ناتوانم وەسفی بکەم، بەڵام دەگۆڕێت بۆ مۆسیقا.

*خەونەکانت لە بواری مۆسیقادا چین؟

-خەونی گەورەم ئەوەیە ببمە پردێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی خەون بە ژەنینی چەنگەوە دەبینن و دەستیان پێی ناگات. دەمەوێت یارمەتیدەر بم، ڕێگە بۆ ئەو کەسانە بکەمەوە کە هەمان شتیان تێدا بینیوە کە من بینیومە و بۆیان بەردەست بێت.

*وەک هونەرمەندێکی گەنج، ڕووبەڕووی هیچ ئاستەنگی تایبەت بوویتەوە؟

-بێگومان. ئاستەنگییەکان زۆر و بەردەوام بوون. بەڵام من بە ئارامگرییەکی بەهێز و سووربوونێکی نەمرەوە ڕووبەڕوویان بوومەوە، لەگەڵ ئەو باوەڕەی کە ڕێگەکەم مانایەکی هەیە، هەرچەندە درێژ و پڕ لە ئاستەنگ بێت.

*ستایلێکی دیاریکراو هەیە کە زیاتر حەز بە ژەنینی بکە؟

-من عاشقی پارچە مۆسیقا کلاسیکییەکانم وەکو پارچەی «سیکرێت گاردن» (باخچە نهێنییەکە)ـی مۆسیقاری نەرویجی ڕۆلف لۆفلاند، و  لە هەر شوێنێک بۆم بگونجێت دەیژەنم.«من زیاتر حەز لە ژەنینی پارچە کلاسیکییەکان دەکەم بە چەنگ، ئەمەش بەهۆی ئەو هێمنی و ئارامییە بێگەردەی تێیدایە، لەگەڵ توانای دزەکردنی بۆ ناو دەروون و ئاسوودەکردنی گوێ.

جگە لەوەش، سروشتی چەنگ خۆی زۆر لەگەڵ مۆسیقای کلاسیکیدا دەگونجێت».

*پەیامت بۆ کچان چییە؟

-نائومێد مەبن و کۆڵ مەدەن، ڕێگەکە هەرچەندە سەخت بێت... خودا شتی مەحاڵ دەکات بە ڕاستی.

*ئەگەر چەنگ هاوڕێت بووایە، پەیوەندیتان چۆن وەسف دەکرد؟

-چەنگ لە هاوڕێ زیاترە. ئەو خودی منە، هاوسەری ڕۆحیمە، ئاوێنەکەمە. کاتێک من ناتوانم قسە بکەم، ئەو گوزارشت لە من دەکات و ئەوەی لە دڵمدایە دەری دەبڕێت، تەنانەت ئەو شتانەی خۆشم لێیان تێناگەم.

Top