ژیریی دەستكرد ئەقڵێكە جوگرافیاكەی بێ سنوورە
ئەمانوئێل كانت، تەنیا فەیلەسووفە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كە توانی دەوڵەتی ئەژدیها «Leviathan»ی تۆماس هۆبز بگۆڕێت بۆ دەوڵەتی «یاسا و ڕۆشنگەری»، هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە كە «دەبێت چی بكەین بۆ ئەوەی یاسا دانراوەكانی سەر زەوی بە هاوشێوەی یاسا سرووشتییەكان جێبەجێ بكرێن؟» بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەستی كرد بە توێژینەوە لەسەر «ئەقڵی مرۆڤ» و لە ساڵی 1781 كتێبە بەناوبانگەكەی بە ناونیشانی «ڕەخنەگرتن لە ئەقڵی پەتی - Critique of Pure Reason» بڵاو كردەوە، كە هەتا ئێستاش یەكێكە لەو كتێبە دەگمەنانەی كە مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی. هۆكاری بەردەوامیی گرنگیدان بەم كتێبە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە تیایدا داوا كراوە «جوگرافیای ئەقڵی مرۆڤ دەبێت سنوورەكانی دیاریكراو بێت»، بە واتایەكی دیكە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بتوانێت كاروباری ڕۆژانەی خۆی و وڵاتەكەی بەڕێوە بەرێت، ئەوە دەبێت «میتافزیكیای ڕەها» بگۆڕێت بۆ «میتافیزكیای كرداری»، ئەم وەرچەرخانەش تەنیا بەوە دەكرێت كە مرۆڤایەتی «یاسا و بڕیارەكان»ی لەسەر بنچینەی ئەخلاقی دابڕێژێت و بۆ ئەمەش لەساڵی 1785 كتێبێكی دیكەی بە ناونیشانی «زەمینە دروستكردن بۆ میتافیزیكیای ئەخلاق - Groundwork of the Metaphysics of Morals» . بڵاو كردەوە.
مەبەستی لەم كتێبەش ئەوەیە ئەو جوگرافیایەی كە بۆ ئەقڵ دانراوە، كاری تێدا بكات، پێوستی بەوەیە مرۆڤ «یاسا و ڕێسای» بۆ دابنێت بۆ ئەوەی كاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت، ئەو یاسا و ڕێسایانەش لەسەر بنچینەی ئەخلاقی ئەو كۆمەڵگەیە دابڕێژرێت، بۆ ئەوەی ئەو ئەخلاقە ببێتە ئەو هێزە میتافیزیكییەی كە لە ئاسمان یاساكانی سرووشت وەك خۆی جێبەجێ دەكات، ئەوجا ئەگەر ئەو هێزە میتافیزیكییەی گەردوون كە «پەروەردگارە» پاڵپشتە بۆ ئەوەی یاساكانی سرووشت جێبەجێ بكرێت، ئەوا لەسەر زەوی دەبێت «میتافیزیكیا»ی ئەخلاق ئەو هێزە لەبن نەهاتووە بێت، كە ببێتە پاڵپشت بۆ ئەوەی یاسا دانراوەكانی مرۆڤ لەسەر زەوی جێبەجێ بكرێن.
كانت، ئاراستەی بیركردنەوەی خۆی فراوان كرد، بۆ ئەوەی ئاشتی لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بێتە ئاراوە، بۆ ئەوەش دەبێت لە چوارچێوەی سنووری «ئەقڵی كرداری - Practical Reason» نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەن، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی توندئاژۆیی ئایینی و نەتەوەیی كۆتایی بێت و مرۆڤایەتی بەرەو «ئاشتی هەمیشەیی»هەنگاو هەڵبگرێت.
پادشای بروسیا «فردریكی مەزن» لەبەر ڕۆشنایی ئەم هزرانەدا توانی شانشینەكەی بكاتە دەوڵەتی یاسا و ئەمانوئێل كانت جاڕی ڕۆشنگەری تێدا بدات و بپرسێت: «ڕۆشنگەری چییە؟?What is enlightenment»، بەڵام نەتەوەكانی جیهان سوودیان لەم هزرانە وەرنەگرت، بۆیە دوای زیاتر لە 130 ساڵ لە ساڵی 1914 جەنگی یەكەمی جیهانییان ڕاگەیاند.
ئەو مەترسییانەی كە كانت لەناو «ئەقڵی مرۆڤ» دیاری كردوون و لە چەندین كتێبدا تۆماری كردوون، لە سەرەتای سەرهەڵدانی «شۆڕشی یەكەمی پیشەسازی» بووە، كە مەترسیی ئەوەی لێدەكرا «ئامێر» جێگەی «كاری دەستی مرۆڤ» بگرێتەوە، هێشتا داهێنانە گەورە «كیمایی و بایۆلۆژییەكان» نەدۆزرابوونەوە، داوا دەكرا، دەبێت سنووری ئەو جوگرافیایە دیار بێت كە ئەقڵی مرۆڤ كاری تێدا دەكات. ئێستا مرۆڤایەتی كۆتایی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی ڕاگەیاندووە و پێ دەنێتە ناو شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازی كە شۆڕشی «ژیریی دەستكرد – AI»ـە و ئەم شۆڕشەش كە تەنیا چەند كۆمپانیایەكی كەمی خاوەن سەرمایەی زەبەلاح سەركردایەتی دەكەن، نەك هەر ئامادە نین پێكەوە كۆببنەوە و پرانسیپێك بۆ «ئیتیكی ژیریی دەستكرد» دابنێن، بەڵكو لە یەكدی دوور دەكەونەوە و بە نهێنی كارەكانی خۆیان دەكەن و كێبڕكێی یەكدی دەكەن، بۆ ئەوەی لە ناكاو بە داهێنانێكی تازە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی شۆكێكی تازە بكەنەوە، هەروەك چۆن كۆمپانیای « ژیریی دەستكردی كراوە-Open AI» دوو هەفتە پێش ئێستا نەوەی پێنجەمی چاتی جی پی تی «Chat GPT5» ڕاگەیاند، زیاد لەمەش، نەوەیەكی دیكەی ژیریی دەستكردیشی ڕاگەیاند كە بە ژیریی دەستكردی سەرچاوە كراوە «open-weight models» كە توانای ئەوەی هەیە، هەموو سەرچاوەیەك بەكار بهێنێت و بەرهەمی تازەی لێ بەرهەم بهێنێت.
ئەگەر سەرنج لە «ئەقڵی مرۆڤ» بدەین، دەبینین، لەبەر ئەوەی مرۆڤایەتی پابەند نەبووە بەو بنچینە ئەخلاقییانەی كە كانت بۆ ئەقڵی مرۆڤی داناوە، ئەوا دەبینین، بەشی هەرە زۆری مرۆڤایەتی «شەڕ و كاولكاری» بووە و بەشێكی زۆر كەمی بۆ ئاشتی و ئاسوودەیی مرۆڤایەتی بەكار هاتووە. لە ئێستادا كە ئاستی « ژیریی دەستكرد یان ئەقڵی دەستكرد» گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە سام ئەڵتمان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گەورە كۆمپانیای ژیریی دەستكرد «OpenAI» دەڵێت: «كاتێك لەگەڵ چات جی پی تی5 كاردەكەیت، یان پرسیارێكی لێدەكەیت، وەك ئەوە وایە گرووپێكی پڕۆفیسۆری تایبەتمەند لەو بوارە كار لەسەر وەڵامی پرسیارەكەت بكەن و وەڵامێكی گونجاوت بدەنەوە، ئەمەش هەمووی لە ماوەی چەند چركەیەكدا دەستت دەكەوێت».
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر ئەقڵی دەستكردی تەنیا یەك ئەپڵیكەیشن گەیشتبێتە سەرووی ئەقڵی كۆمەڵێك پڕۆفیسۆری بەئەزموون و تایبەتمەند لە بوارێكی دیاریكراودا، ئایا ئەگەر ئەم ئەقڵە دەستكردە دژی بەرژەوەندییەكانی مرۆڤایەتی بەكار هێنرا، ئایندەی مرۆڤایەتی بە كوێ دەگات؟
ئەوەی 10ساڵ پێش ئێستا خەیاڵی زانستی بووە ژیریی دەستكرد كردوویەتی بە واقیع
لە 30ی نۆڤمبەری 2022 كۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای «OpenAI» ئەپلیكەیشنی چات جی پی تی « Chat GPT3»ی خستە بەرەدەستی مرۆڤایەتی وەرچەرخانێكی گەورە و چاوەڕواننەكراوی لە پێشكەوتنی ژیریی دەستكرد دروست كرد.
لە شوباتی 2023 لە لووتكەی حكومەتەكانی جیهان لە دوبەی، محەمەد گەرگاوی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری لووتكەی حكومەتەكان لە ئیمارات، لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی ئەم لووتكەیە داوای لە ئامادەبووان كرد، چەند خولەكێك گوێ لە سەمفۆنیایەكی «بیتهۆڤن» بگرن. دوای تەواوبوونی ئەو پارچە میوزیكە بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: «ئەم پارچە میوزیكە بەشێكە لە سەمفۆنیای نۆیەمی بیتهۆڤن كە پێش ئەوەی تەواوی بكات، كۆچی دوایی كرد، بەڵام ئێستا دوای نزیكەی 200 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی بیتهۆڤن، ژیریی دەستكرد توانی ئەو سەمفۆنیا بە ئاستی بەهرەكانی بیتهۆڤن تەواو بكات».
هەر لەم لووتكەیەدا كلاوس شواب سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی – داڤۆس، هەروەها نووسەری كتێبی «شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی- The Fourth Industrial Revolution» لە پەیڤێكدا گوتی: «كاتێك ساڵی 2014 دەستم بە نووسینی ئەم كتێبە كرد و پاشان لە 2016 كردمە ناونیشانی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، 10 بابەتم لەو كتێبە ئاماژە پێكردووە كە هەموویان لە ساڵی 2014-2016 لە خانەی خەیاڵی زانستی پۆلێن دەكران، بەڵام ئێستا بوونە ڕاستی و لەبەر دەستی ئێمە بوونیان هەیە.
مستەفا سلێمان، دیزاینەری پڕۆگرامی ئای تی بەریتانی بە ڕەچەڵەك سووری و دامەزرێنەر و خاوەنی پڕۆگرامی «فێربوونی ئامێری – DeepMind»، كتێبە بەناوبانگەكەی بە ناونیشانی «شەپۆلی داهاتوو: تەكنەلۆژیا، هێز، گەورەترین دووفاقی لەسەدەی بیست و یەكەم –The Coming Wave: Technology، Power، and the Twenty-first Century›s Greatest Dilemma « بڵاو كردەوە. بۆ ئەم كتێبە، پێشەكییەكی سەسوڕهێنەر لەسەر پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و ئایندەی ژیریی دەستكرد نووسراوە، كە نووسنێكی زۆر بەچێژ و سەرسوڕهێنەرە، كاتێك دەگەیتە كۆتایی ئەم پێشەكییە، نووسەرەكەی نووسیویەتی: «ژیریی دەستكرد، ئەم پێشەكییەی نووسیوە، نەك مرۆڤ». دیارە نووسەری ئەم كتێبە هەر لە پێشەكییەكەیەوە دەیەوێت پێمان بڵێت: «نەك تەنیا پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە ناتوانین «مرۆڤ لە ژیریی دەستكرد جیا بكەینەوە، بەڵكو گەیشتووەتە ئەو ئاستەی زۆر زیاتر لە ئەقڵی مرۆڤی تێپەڕاندووە». بۆ ئەم پرسە ئاماژە بە ئەپڵیكەیشنی ئەلفا گۆ «AlphaGO» دەكات و دەڵێت: «یاریی گۆ (Game GO) یەكێكە لە یارییە دێرینەكانی چینییەكان، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 200 ساڵ پێش زایین و لە سەدەی حەوتەمی زایینیشەوە گەیشتووەتە لای ژاپۆنییەكان و زۆر پێشیان خستووە. تەختەی ئەم گەمەیە كە هاوشێوەی تەختەی شەترەنجە بە 19 هێڵی ستوونی و 19 هێڵی ئاسۆیی دابەش كراوە و زۆر زۆر لە گەمەی شەترەنج ئاڵۆزتر و قورسترە. لە ساڵی 2016 ئەپڵیكەیشنی ئەلفاگۆ توانی بەسەر پاڵەوانی جیهانیی یاریی گۆ «لی سیول» سەربكەوێت، ئەوەشی كە جێگەی سەرسوڕمانی زۆر گەورەیە، ئەوەیە كە ئەو جووڵەیەی ئەلفاگۆ گەمەكەی پێ بردووەتەوە، بە درێژایی زیاتر لە 3000 ساڵ ئەقڵی مرۆڤ بە هەڵەی زانیوە، هەر بۆیە پاڵەوانەكەی تووشی شۆك كردووە».
لەم نموونەیەدا مستەفا سلێمان دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت، كە حەوت ساڵ پێش بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی، توانای ژیریی دەستكرد لەو ئاستە بەرزەدا بووە، ئەوا دەبێت لە ساڵی 2023 گەیشتبێتە كوێ؟ هەر بۆیە كە ناونیشانی كتێبەكەی كردووەتە «شەپۆلی داهاتوو. تەكنەلۆژیا و هێز، گەورەترین دووفاقی لە سەدەی 21»، مەبەستێتی مرۆڤایەتی لەوە ئاگادار بكاتەوە، كە «چۆن هەر لە سەردەمی بەردینەوە هەتا دەگاتە ئێستا، بەردەوام مرۆڤایەتی نەیتوانیوە پێش بەو شەپۆل و گۆڕانكارییانە بگرێت، كە بەسەر دۆخی مرۆڤایەتیدا هاتووە لە جیهاندا، لە ئێستاشدا ناتوانین ڕێگری لەم شەپۆلە تازەیە بكەین كە هێز دەگوازێتەوە بۆ تەكنەلۆژیا و دەبێت خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین».
بیرمەند و میژوونووسی جوو «یۆڤال نوح هەراری» كە دوایین كتێبی بە ناونیشانی «كۆتر: كورتەیەكی مێژووی تۆڕی زانیاری لە سەردەمی بەردینەوە تا سەردەمی ژیریی دەستكرد - Nexus: A Brief History of Information Networks from the Stone Age to AI
«لە مانگی ئەیلوولی 2024 بڵاوی كردووەتەوە، هەوڵی داوە بە گێڕانەوەی بەسەرهاتێكی مێژوویی لە مەترسیی خێرایی گەشەكردنی ژیریی دەستكرد ئاگادارمان بكاتەوە و نووسیویەتی «لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی یەكەمی پیشەسازی، كاتێك ئامێرەكان وردە وردە جێگەی «دەستی كار»ی مرۆڤیان دەگرتەوە، یۆهان ڤۆڵڤانگ فۆن «گۆتە» چیرۆكێكی بە ناونیشانی «شاگردی جادووگەرەكە» وەك هۆشداریدان بە مرۆڤایەتی لە مەترسییەكانی شۆڕشی یەكەمی پیشەسازی بڵاو كردەوە، لەم چیرۆكەدا باس لە جادووگەرێكی پیر دەكات، كە شوێنەكەی بەسەر شاگردە گەنجەكەی جێ دەهێڵێت و پێی دەڵێت: «تەنیا شوێنەكە پاك بكەوە و لە ڕووبارەكەوە ئاوی پێویست بێنە». دوای ڕۆیشتنی جادووگەرە پیرەكە، شاگردەكە بڕیار دەدات، بە ڕێگەی «جادووگەری» كە هەندێك لە مامۆستاكەیەوە فێر ببوو، كارەكان بۆ خۆی ئاسان بكات، بۆ ئەمەش داوا لە گسكێك «Broom»ی سیحراوی دەكات، بۆ ئەوەی گسكەكە ئاوەكەی بۆ بهێنێت، بەڵام نازانێت چۆن سیحری گسكەكە بەتاڵ بكاتەوە و بیوەستێنێت، بۆیە گسكەكە بەردەوام دەبێت لە هێنانی ئاوێكی زۆر هەتا مەترسیی نقوومبوونی شوێنەكە دروست دەبێت. بۆیە شاگردەكە بە تەورێك گسكەكە دەكات بە دوو كەرتەوە، دەبینێت ئینجا دوو گسك ئاو دەهێنن بۆ شوێنەكە و نقوومی دەكەن. كاتێك جادووگەرە پیرەكە دەگەڕێتەوە، شاگردەكە دەكەوێتە پاڕانەوە بۆ ئەوەی گسكەكەی بۆ ڕابگرێت و بە مامۆستاكەی دەڵێت: «ئەو سیحرانەی بانگم كردن بۆ ئەوەی كارەكەم بۆ بكەن، ئێستا ناتوانم خۆمیان لێ ڕزگار بكەم»، بەڵام جادووگەرە پیرەكە دەستبەجێ سیحرەكە بەتاڵ دەكاتەوە و ئاوەكە ڕادەگرێت. بێگومان پەندوەرگرتن لەم بەسەرهاتە بۆ شاگردەكە و بۆ مرۆڤایەتیش ڕوونە كە «نابێت هەرگیز پەنا بۆ ئەو هێزانە بەرین، كە دواتر ناتوانین كۆنتڕۆڵیان بكەین».
ئەگەر سەرنج لەم بەسەرهاتە پڕلۆژیكە بدەین، دەبینین ئێمەی مرۆڤایەتی فێری ئەوە بووین كە چۆن بە خێراییەكی زۆر تەكنەلۆژیا پێش بخەین و ساڵ لە دوای ساڵیش ئەم پێشكەوتنە زۆر زۆر خێراتر دەبێت، كێشەی سەرەكی ئەوەیە ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی تەكنەلۆژیا دەتوانێت خۆی بە سەربەخۆ بیر بكاتەوە و خۆی بە سەربەخۆ بڕیار بدات». هەر بۆ نموونە یۆهان گۆتەنبێرك لە ساڵی 1477 پیتەكانی چاپی دروست كرد و پاشان چاپخانە دروست كرا، بەڵام ئەوەی بڕیاری دەدا، چ كتێبێك لەو چاپخانەیە چاپ بكرێت، مرۆڤ بوو، نەك خودی چاپخانەكە، كە بۆمبی ئەتۆم دروست كرا، بۆمبەكە خۆی بڕیار نادات لە كوێ بتەقێنرێتەوە، بەڵكو ئەوە مرۆڤە بڕیار دەدات بۆمبەكە لە كوێ دەتەقێنێتەوە.
ئاستی ژیریی دەستكرد
گەیشتووەتە بەكارهێنانی فرە مەبەست
گرفتی سەرەكیی ئاستی ژیریی دەستكرد كە وەك بەڕێوەبەرانی جێبەجێكاری كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ژیریی دەستكرد ئاماژەی پێدەكەن و شانازیشی پێوە دەكەن، ئەوەیە كە لە ئێستادا ژیریی دەستكردی فرە سەرچاوە « open-weight models» گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بە كۆمپیوتەر وەك مرۆڤ كۆمەڵێك كاری جیاواز لە یەك كاتدا بكات، بەڵام توانای ئەم ژیریی دەستكردە بۆ هەر بوارێك لە بوارەكانی «كارگێڕی و دارایی، دەستنیشانكردنی نەخۆشی و دروستكردنی دەرمان، تاقیكردنەوەكانی كیما و فیزیا و بایۆلۆژی، دانانی بەرنامە و ڕێكلام دروستكردن بۆ كۆمپانیاكان، دروستكردنی چەك و دانانی پلانی شەڕەكان، دروستكردنی فیلم و میوزیك و دراما و هەواڵ و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی و هەموو بوارەكانی ژیان و...هتد» لە هەموو ئەم بوارانە توانای ژیریی دەستكرد تەنیا لە یەك كۆمپیوتەردا هێندەی توانای تیمێكی گەورەی پڕۆفیسۆری تایبەتمەند و خاوەن ئەزموونە كە بۆ هەریەكێك لەو بوارانە ئەو تیمە پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت دوای توێژینەوەیەكی زۆر و دانانی پلان، بڕیارێكی گونجاو بدات، بەڵام ئێستا ژیریی دەستكرد دەتوانێت بە ڕێگەی تەنیا یەك كۆمپیوتەر لە كاتێكی زۆر كەمی چەند خولەكیدا كاری ئەو تیمە پڕۆفیسۆرە تایبەتمەندە ئەنجام بدات.
لایەنە ئەرێنییەكانی ئەم توانا زۆر زۆر گەورەیە كە دێتە پاڵ تواناكانی مرۆڤ، لەبوارەكانی «دارایی، پزیشكی، دەرمان دروستكردن، دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان، داهێنانەكانی فیزیا و كیمیا و بایۆلۆژی»، بە پلەی یەكەم گەورە و بەرچاون و توانراوە بە هاریكاریی ژیریی دەستكرد، چەندین نەخۆشی دەستنیشان بكرێت، چەندین دەرمانی باشیش دروست بكرێن، هەروەها چەندین داهێنانی تازە لە بوارە زانستییەكان بكرێن و گیانی هەزاران كەس لە مردن ڕزگار بكرێت.
بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئەگەر ئەم هێزە زۆر زۆر گەورەیەی ژیریی دەستكرد بچێتە پاڵ ئەقڵی مرۆڤی شەڕخواز و ئامانج لێی ئەوە بێت، جیهانی پێ كاول بكات و مرۆڤایەتی پێ بسڕێتەوە، ئەو كاتە چ ئاكامێكی دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە مێژووی خوێناویی مرۆڤایەتی دەیداتەوە، كە ئەقڵی مرۆڤ هەموو دەرهاویشتە باشەكانی شۆڕشەكانی پیشەسازی، هێندەی بۆ كاولكاری و شەڕ بە كاریان هێناوە، هێندە بۆ ئاشتی و خزمەتی مرۆڤایەتی سوودی لێ وەرنەگیراوە.
بۆ ئێستاش كە مرۆڤایەتی دەستەوەستانە لەبەردەم ژمارەیەكی زۆر كەمی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ژیریی دەستكرد و ناتوانن لەسەر بنەمایەكی ئەخلاقی سنوورێك بۆ جوگرافیای ژیریی دەستكرد دابنێن، ئەوا مانای ئەوەیە وەك شاگردی جادووگەرەكەی «گۆتە» فێربووین بە گسكە سیحراوییەكە بەردەوام ئاو بەرین بۆ شوێنی جادووگەرەكە، بەڵام ئەو سیحرە فێر نەبووین كە ڕایبگرین و جیهان لە كاولكاری و نقوومبوون دوور بخەینەوە.
