شووتی بۆ خۆپاراستن لە كەمبوونەوەی شلەی لەش
شووتی دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكانی A، B2، B3، B6، B9، C، كانزاكانی مەگنسیۆم، زینك، سیلینیۆم، هەروەها ماددەی دژەئۆكسانی كۆلین، سیترولین Citrulline، كارۆتینۆیدەكان، لەگەڵ لایكۆپێن Lycopene كە گرنگیی تەندروستیی زۆریان هەیە. سوودە تەندروستییەكانی شووتی: دابینكردنی ڕێژەیەكی باشی ئاو بۆ لەش چونكە ڕێژەی ئاو لە شووتیدا دەگاتە 91%، ئەمەش لەش دەپارێزێت لە كەمبوونەوەی شلە، كە گرنگە بۆ ڕێكخستنی پلەی گەرمیی لەش و فرمانی گرنگی دیكە، دابەزاندنی پەستانی خوێن و كۆلیستیڕۆڵ، پاراستنی تەندروستیی دڵ، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، خۆپاراستن لە چەند جۆرێكی شێرپەنجە، باشتركردنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس، هاندانی فرمانە دروستەكانی مێشك وەكو توانای بیرهاتنەوە و خۆپاراستن لە نەخۆشیی ئەلزهایمەر، هەروەها پاراستنی تەندروستیی پێست و نینۆك بە شێوەی كەمكردنەوەی لۆچبوون، ڕێگرتن لە وشكبوونی پێست، پاراستنی پێست و نینۆك لە هەوكردنەكان، پاراستنی پێست لە كاریگەرییەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی. ئەوە ماوە بگوترێت كە زیاد خواردنی شووتی بۆ نەخۆشانی شەكرە زیانبەخشە، چونكە شووتی ڕێژەیەكی بەرچاوی شەكر لەخۆ دەگرێت.
