پڕۆفیسۆر چارلس دەیڤید فرەیلیچ بۆ گوڵان:   دەكرێت لەڕێی پەنابردنە بەر بەكارهێنانی هێزەوە ئاشتی بەدی بهێنرێت

پڕۆفیسۆر چارلس دەیڤید فرەیلیچ بۆ گوڵان:     دەكرێت لەڕێی پەنابردنە بەر بەكارهێنانی هێزەوە ئاشتی بەدی بهێنرێت

 

 

چارلس دەیڤید فرەیلیچ، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی كۆڵۆمبیا لە نیویۆرك، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پێشتریش وانەبێژی زانستی سیاسی بووە لە سەنتەری بێلفێر لە زانكۆی هارڤارد. لە توێژینەوەكانیدا پرسەكانی پەیوەست بە كاروبارە نێودەوڵەتییەكانی كردووەتە جێی سەرنج و بایەخدان، خاوەنی چەندین بەرهەمیشە لەوانە «ستراتیژیەتێكی نوێ بۆ ڕۆژگاری گۆڕانكاری» و چەندین توێژینەوەی زانستیشی ئینجام داون. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پتر پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو پەرەسەندن و پێشهاتانەی هاتوونەتە ئاراوە. بەتایبەتی شەڕی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل، و پرسی سنوورەكانی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە و شێوازی مامەڵەی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ كاروبار و كێشە و ناكۆكییەكانی ئەم ناوچەیە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* وەك ئاشكرایە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیرۆدەی چەندین قەیرانی و دژوار و كارەساتە، دید و تێڕوانینتان چییە لەسەر ڕەوت و ئاراستەی ئەم پەرەسەندنانە، بەتایبەتی كە ئێستا زۆر باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەكرێت. ئایا دەكرێت ئەم سیستمە كە ئاماژە بە هاتنەئارای دەكرێت، ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ئەم ناوچەیە؟

- لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین: بەم دواییە چەند پەرەسەندنێك هاتوونەتە ئاراوە، كە شایستەی ئەوەن هەڵوەستەیان لەسەر بكرێت، بۆ نموونە دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە بكەین كە بزووتنەوەی حەماس، لە كەرتی غەززە، بە ڕاددەیەكی زۆر لاواز بووە، حزبوڵڵای لوبنان زەبری گەورەی بەركەوتووە و ئەمەش كاریگەریی زۆر و گەورەی لەسەر بەجێ هێشتووە، لە هەمان كاتدا ڕژێمێكی نوێ لە وڵاتی سووریا هاتووەتە ئاراوە و دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، بەڵام- كە ئەگەرچی ڕەنگ بێت هێشتا زوو بێت بە متمانەوە ئەمە بڵێین- وا پێدەچێت كە ئەو ڕژێمەی جڵەوی دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، ڕێچكە و ڕەوتێكی پراگماتی گرتبێتە بەر و تەنانەت ئامادە بێت، بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەی گفتوگۆ بكات، لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، و تەنانەت لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا. هەروەها بەم دواییەش كۆمكاری عەرەبی سەرزەنشت و سەركۆنەی بزووتنەوەی حەماسی كرد، لەسەر ئەنجامدانی هێرش و پەلامارەكانی 7ی ئۆكتۆبەر، و لە هەمان كاتدا داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی كرد. لەلایەكی دیكەوە ئێمە دەزانین كە پێش هەڵگیرسانی شەڕەكەش، پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەی كەنداو زیاتر و زیاتر بەرەو ئاساییبوونەوە دەچوون، كە هەموو ئەم پەرەسەندنانە سێبەری خۆیان لەسەر بەرەوپێشچوونەكانی دواتری ناوچەكە جێ هێشتووە.

* ئەگەر دووبارە پرسیارەكە بكەینەوە لەبارەی ئەوەی پێی دەگوترێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، ئایا پێتان وایە هاتنەئارای ئەم سیستمە بووەتە شتێكی حەتمی؟ ئایا ڕەهەندە و ڕایەڵەكانی ئەم سیستمە نوێیە چی دەبێت، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە سنوورەكانی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیەوە؟ ئایا هیچ گۆڕانكارییەكی لێ دەكەوێتەوە و دەوڵەتی نوێ دروست دەبن؟ ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسۆیەك بۆ كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بكاتەوە؟

- من پێم وا نییە زۆرێك لە سنوورە كۆنەكانی ئەم ناوچەیە گۆڕانكارییان بەسەردا هاتبێت، هەروەها لەو باوەڕەدا نیم كە ئەگەرێكی زۆر هاتبێتە ئاراوە بۆ گرتنەبەر و جێبەجێكردنی چارەسەری دوو دەوڵەت لە ئایندەیەكی نزیك و ڕەنگە دواتریشدا، لەبەر ئەوەی پێشتر فەلەستینییەكان هەموو پێشنیارێكی ئاشتییانەیان ڕەت كردەوە، ئیسرائیلیش پێی نایە قۆناغێكی دیكە و دواتریش بزووتنەوەی حەماس بە ئەنجامدانی هێرش و پەلامارەكانی لە 7ی ئۆكتۆبەر، دوابزماری لە تابووتی ئەم پێشنیار و چارەسەرە دا، كە هەموو ئەمانەش سەریان كێشا بۆ هاتنە ئارای هەلومەرجێك، كە لە ئێستادا زۆرێك لە ئیسرائیلییەكان لە نێویاندا چەپڕەوەكان، ڕایان وایە چیتر ناتوانرێت ڕێوشوێنەكانی پێویست و پەیوەست بە چارەسەری دوو دەوڵەت جێبەجێ بكرێن، نە لە چوارچێوەی سنووری كەرتی غەززە، نە لە نێو سنووری كەناری ڕۆژئاوادا، كە بەرانبەر سەنتەرەكانی دانیشتووانی نێو ئیسرائیلن.

* دۆناڵد ترەمپ، هەر لە هەڵمەتەكانی سەروەختی هەڵبژاردنەكانەوە، تاوەكو ئێستا، بانگەشەی ئەوە دەكات، كە هەوڵی ئەو لە پێناو كۆتاییهێنان بە شەڕ و بەرپاكردنی ئاشتییە و دەیەوێت هێزی ئەمریكا لەم پێناوەدا بەكار بهێنێت، ئەوەی خۆی پێی دەڵێت ئاشتی لە ڕێی هێزەوە، ئێوە چۆن لەم چەمكە و دەرئەنجام و كاریگەرییەكانی دەڕوانن؟

- ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كە هێز و بەكارهێنانی بەشێكی دانەبڕاو و جیا نەكراوەیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەمە لە ڕابردوو تا ئێستاش هەر وا بووە. بۆ وەڵامی پرسیارەكەی ئێوەش، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەكرێت لە ڕێی پەنابردنەبەر بەكارهێنانی هێزەوە ئاشتی بەدی بهێنرێت و بچەسپێنرێت. ئێوە بڕواننە جەنگی دووەمی جیهانی، لە ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و ئەردەن و میسر و وڵاتانی دیكە، ڕەنگە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، نەتوانێت ئاشتییەكی درێژخایەن و بەردەوام لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی بهێنێت، بەڵام ئەگەر ئەم كارەش نەكات، ئەوا مەرج نییە، ئەمە هەڵەی ئەو بێت.

* پرسێكی دیكەی پەیوەست بە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە، ئەوەیە كە دەیەوێت ڕێچكەی مامەڵەكاری هاوشێوەی بزنێس بگرێتەبەر، واتە لەبری ئەوەی لەڕێی خوڵقاندنی ناكۆكی و كێشەكانەوە هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەكانی بدات، ئەوا كار دەكات بۆ ئەوەی لەڕێی پەیوەندییە بازرگانییەكانەوە برەو بەم بەرژەوەندییانە بدات و، گرێ كوێرەكان بكاتەوە. دید و تێڕوانینی ئێوە چییە لەم ڕووەوە، ئایا دەكرێت ئەمە ببێتە بناغەیەكی پتەو بۆ هاوپەیمانێتی و سەقامگیری لەم ناوچەیەدا؟

-  ئەوە شتێكی نكۆڵی لێنەكراوە و ئاشكرایە كە هەمیشە پرسە ئابوورییەكان و پەیوەندییە بازرگانییەكان گرنگی و بایەخی خۆیان هەبووە، بەڵام دەبێت لەم ڕووەوە ئەوەش فەرامۆش نەكەین، كە واقیعێكی دیكەش هەیە، ئەویش ئەوەیە كە تای تەرازووەكە بەلای خەونە نەتەوەییەكان و پرسەكانی پەیوەست بە سیاسەتەوە دەشكێنەوە.

* پرسێكی گرنگ و پەرەسەندنێكی گەورەی دیكەی ئەم دواییە ناوچەكە بریتی بوو لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئایا پێتان وایە لەبەر ڕۆشنایی ئەم شەڕە و شەڕەكانی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپەكانی نزیك لە ئێران، تا چەند ئاڵوگۆڕێكی گەورەیان لە ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دروست كردووە، هەر لە پەیوەندی بەم پرسەوە، ئایا پێتان وایە ئەگەری ئەوە هەیە شەڕێكی دیكە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا بێتە ئاراوە؟

- بە دڵنیاییەوە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕێكی دیكەی نێوان هەر دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و ئێران لەئارادایە، بەڵام ئەمە پتر بەندە بە هەڵوێستی ئێرانەوە، واتە ئەگەر ئێران خۆی بە دوور بگرێت لە دووبارە بنیادنانەوەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی و گەورەكردنی كۆگای مووشەكەكانی، ئەو كاتە ئیسرائیل هیچ پاساو و بیانوویەكی نابێت بۆ هێرشكردن. بە دڵنیاییەوە ئاڵوگۆڕێكی گەورە و قووڵ لە ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلدا بەدی هاتووە، بەتایبەتی دوای هێرش و شەڕەكانی لەگەڵ ئێران و ئەوەی پێی دەگوترێت میحوەری مقاوەمە.

*  ئاشكرایە كە دەوڵەتی ئیسرائیل لە دوای هێرشەكانی حەماسەوە پتر هەوڵی داوە كە لە ڕێی بەكارهێنانی هێزی سەربازییەوە ئامانجەكانی خۆی بەدی بهێنێت و ڕكابەركانی لاواز بكات. ئایا ئەمە تا چ ڕاددەیەك دۆخی ئەمنیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە؟

- ئەگەر مەبەستەكە ئەوە بێت كە بڵێین ئیسرائیل هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەكەدا سەپاندبێت، ئەوا ئاشكرایە كە ئیسرائیل دەوڵەتێكی بچووكە و ئەو توانایەی نییە ئەم كارە ئەنجام بدات، ئەگەرچی ناتوانین بڵێین كە گەمەكارێكی گەورە نییە لە ناوچەكەدا، بەڵكو ڕەنگە بتوانین بڵێین بەهێزترین كاراكتەری سەربازییە تێیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت بڵێین بوووەتە هێزێكی هەژموونگەرا.

Top